خەباتی خۆرهەڵات سەرلێشێواوی و سەرهەڵدانێکی نوێ

Kurd24

لە بەهاری ئەم ساڵەوە باس و خواستی خەباتی خۆرهەڵات زیاتر لە جاران خۆی دەنوێنێ. بۆیە لە رەهەند و روانگەی جیاوازەوە باسی لە سەر دەکرێت. ئەم باسکردنانە لە نموونەی خۆیدا هەڵگری کۆمەڵە مانایەکە کە دەتوانێ بەرچاوڕوونی ئەوە ساز بکات چۆن لای لایانە جیاوازەکان رەنگی داوەتەوە و چۆن خوێندنەوەی لە سەر دەکرێت. واتا خەباتی خۆرهەڵات خەریکە پێ دەنێتە سەردەمێکەوە کە ئارامیی، بێدەنگیی و بێهەڵوێستیی ناتوانێ ناسنامەی خەباتی ئەم بەشە لە کوردستان بێ. بەڵام وا دیارە زۆری ماوە تاکوو وێنای ئەوە بکەین کە ئەم خەباتە دەربازی سەردەمێکی نوێ بە توانا و دەرکەوتنێکی نوێ بووە.

لەم نێوەدا جۆری پەرچەکردارەکان بەرامبەر بەم خەباتە جێگای تێرامان و بیرکردنەوەیە. بەو مانایە کە هەڵوێستەکان خەریکن روون دەبنەوە کە کێ لە کام بەرەدایە و چیان دەوێ. بۆیە ئەوەی تاکوو ئێستا دەتوانین رەچاوی بکەین ئەوەیە کە سێ لایانی سەرەکیی لەم باس و خواستانەدا بوونیان هەیە. خەباتی خۆرهەڵات بۆ لایەنێک بووەتە سەرئێشە، واتا وەک کۆسپ و تەگەرەیەک دەیبینێ کە خەونەکانی ئەوان دەباتە ژێر پرسیار یان مەترسییەوە. کۆمەڵێکیش سەریان لێشێواوە کە دەبێ چی بکەن و بەکوێدا تێکەڵ بەم خەباتە بن. لە هەمان کاتدا لایەنێکیش هەیە کە وێنای سەردەم و خۆرهەڵاتێکی نوێ دەکات، کە تێدا ناسنامەی کوردیی دەربازی کەموکورییەکانی بێ و ببێت بە ئەکتەر. لە ناخی ئەم سێ بەرەوە دەمانەوێ بە دوای ئەم پرسیارەدا بگەرێین، چۆن دەتوانین لەم بەرانە بگەین؟ و کامە لۆجیک یان مەنتقە کە ئەم بەرانە هاندەدات کە خۆیان لەو حاڵەتانەدا ببینن.

ئەگەر بمانەوێ کە وێنایەکی سەرەتای لەم باسە بخەینە بەر باس دەتوانین بڵێین کە ئەوەی لە ئەمڕۆدا لە پانتای خۆرهەڵات دەگوزەرێ بەرهەمی ساڵانێکی زۆری پاشەکشێ لە پانتای خەبات لە خۆرهەڵات و هەروەها دەرئەنجامی ئەو گورزانەیە کە داگیرکەری خۆرهەڵات لە نموونەی تیرۆر، جیابوونەوە و نەبوونی مانفیستێکی نوێ رووبەڕووی ئەم بزاڤەی کردووەتەوە. بۆیە خەباتی خۆرهەڵات ئاوێتەی بە درمێک بووە کە دەنگە نەیار و نارێکەکانی لە دەنگی هەستانەوە زۆرتر دیار بە بەرچاون. لەم رەهەندەوە دەتوانین بڵێین لە ئاستی سیاسیی و لایانگرانی تەماحی هەستانەوە کەمینەن. دوو بەرەی سەرئێشە و سەرلێشێواو زۆرینەیەکن کە تەنگیان بە هەرچەشنە باسێکی جدی هەڵچنینەوە. بۆیە خستنە بەرباسی دەتوانێ بەرچاوڕوونی ساز بکات.

خەباتی خۆرهەڵات وەک سەرئێشەیەک

دوور لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان کەس یان گرووپە گەلێک لە پانتای سیاسیی خۆرهەڵات لە ئاستی ناوخۆ سەریان هەڵداوە کە لە ئاستی گوتاریدا بەر لەوەی گرێدراوی گوتاری ناسیۆنالیستیی و خەباتی رزگاریخوازیی بن، پەیوەستی گوتار و ئەقلییەتی داگیرکەر لە بواری چۆنییەتی گۆڕانی سیاسین. لە ئاستی پراکتیکیدا ئەم گرووپ یان کەسانە لە دەرەوەی خەباتی کوردی لاسایی پراکتیکی ئەو هێزانە دەکەنەوە کە گرێدراوی تارانن. بۆ نموونە باس لە رێفۆرم و خەباتی مەدەنی دەکەن. بەڵام ریفۆرمێک کە مانفیستەکەی لە خانەی کوردییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو دارێژەرانی ئەقڵی ئێرانییە. خەباتی مەدەنی وەک ئاوێنەی پراکتیک دەبینن. بەڵام ئەم خەباتە بۆ سرینەوەی مێژووی خەباتی رزگاریخوازیی و سازکردنی خەباتێکی پاستۆریزەن کە بەبێ هێچ نرخێک بونیادی داهاتوو بنێن. هەرچەند جیا لەو گرووپ و کەسانەی ناوخۆ کۆمەڵە کەسانێکیش لە دەرەوە لە ژێر کاریگەریی مانفیستی گەلانیش سەرهەڵدانی نوێ وەک سەرئێشەیەک دەبینن. بەو مانایە کە ئەوانیش لە مانا و پراکتیکی بێ نرخ دادەماڵی. بەو مانایە کە خەباتی هاوردە دەچێتە ژێر پرسیار و ئیتر مەدودایەک نامێنێ بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خۆرهەڵات لە خۆیان دوور بکەنەوە.

جا ئەم گرووپ و کەسانە هەستانەوەی خۆرهەڵات وەک سەرئێشەیەک دەبینن. بەو مانایە کە لە ئەگەری خەباتێکی جدی دەبێ ماڵئاوایی لەو گوتارە بکەن کە بۆ چەن ساڵێکە پاڵیان پێوە دابوو و وشەکانی ئەوان ناسنامەی بۆیان ساز کردبوو. لە لایەکی ترەوە لە ئەگەری پراکتیکێکی جدی وەک ئەوەی پار لە مەهاباد یان ئەم ساڵ لە بانە، مەریوان، سەردەشت روویدا ئیتر مەودایەک بۆ ئەو خەباتە پاستۆریزەیەیان کە ئەرێی تاران نشینانی (بە مانای ئەقڵییەتی داگیرکەر) لە سەرە، نامێنێ. بۆیە ئەمە سەرئێشەیە و دەبێ بەرامبەری هەڵوێست بگرن و بەشێوەی جیاواز ئینکاری بکەن.

خەباتی نوێ و سەرلێشێواوی

سەرلێشێواوی بەرامبەر بە خەباتی نوێ لە خۆرهەڵات زۆرتر لە لای هێزە سیاسییەکان و بەشێکی بچووک لە چالاکوانانە. بەو مانایە کە پرسەکە لێرەدا گرێدراوی هێزی سیاسییە کە نازانێ چی بکات و لێیشێواوە کە چۆن دەبێ خۆی کۆبکاتەوە تاکوو ببێت بە هێز یان خۆی وەک هێزێک لە دەستپێکی خەباتی نوێی خۆرهەڵات بناسێنێت. سەرچاوەی ئەم کێشە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان گەیشتوونەتە لوتکە. واتا جەمسەربەندییەکان وا دەکەن کە لە ئەگەری نەبوونی بەرنامە و سیاسەتێکی نوێ، پێناچی خۆرهەڵات توانای خۆڕاگرتنی بەرامبەر بە سیاسەتی کوردیی و هێزی داگیرکەر هەبێ. لە هەمان کاتدا شەرعییەتی پارتە سیاسییەکان لە خۆرهەڵات تا رادەیەک رووبەڕووی کێشە بووەتەوە. بەو مانایە کە بەرەوڕووی ئەم پرسیارەن کە لە نەبوونی گوتار و پراکتیکێکی نوێ، ئیتر چۆن دەتوانین ئەم هێزە سیاسیانە وەک ئەکتەری پانتای سیاسی ببینین. لێرەوەیە کە کێشە و دەرفەتەکان دەستپێدەکەن. کێشە بۆ ئەوەی چی بکەن لەم قەیرانە رزگاریان بێ و دەرفەت ببن بە سەرچاوە و ناونیشان لە خۆرهەڵاتی کوردستان.

هەندێک لە پارتەکان بە دوای هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەن بەڵکوو پاڵیان پێوە نێ دەربازی سەردەمێکی تریان بکات. هەندێکیان چاویان لە تاران و هاوكێشە سیاسییەکانی ئەوێیە، بەشێکیان بدەنێ، هەندێک ئاوەکە لێڵ دەکەن بەڵکوو ببن بە ناو و ناسنامەیەک بۆ خۆیان ببینەوە. لە هەمان کاتدا دەتوانین رەچاوی هەندێ تەقالاش لە لایەن ئەم پارتانەوە بکەین کە هیوای کارێكی نوێ دەخوازن.

جا سەرڵێشێواوی یان بوونی بەرەی سەرلێشێواوەکان وا دەکات جۆرێک لە ئاڵۆزیی ساز بێت. ئاڵۆزیی بەو مانایە لە ئەگەری هەر پەیامێکی نوێ، هەوڵی بێ ماناکردن یان لاسایی کردنەوەی هەڵە بدەن. ئەم سەرلێشێواوییە لە نموونەی گوتارییەکەدا بەو شێوەیە کە بەبێ ناسنامەیەکی فکریی دەسوڕێنەوە و لە نموونەی پراکتیکییەکەیدا خۆی پێدادەدەن بەبێ ئەوەی بزانن ئاسۆی ستراتیجییەتی گەمەکان بەرەو کوێ دەچێ و بەرەو کوێان دەبات. بەهەرحاڵ دەتوانین بڵێین کە زۆرینەی ئەم سەرلێشێواوییە لە بەرەی جیابووەکانیدایە، چونکە تاکوو ئەمڕۆ نەیاتوانیوە ناسنامەیەک بۆ خۆیان ساز بکەن.

خۆرهەڵات و سەرهەڵدانی نوێ

پێدەچێ کەس نەتوانێ حاشا لەوە بکات کە خۆرهەڵات پێویستی بە سەرهەڵدان یان هەستانەوەیەکی نوێیە. ئەم هەستانەوە بەخشینی ناسنامەیەکی نوێ و پراکتیکێکی نوێ دەگەیەنێ. کاتێک کە ناسنامەیەکی نوێ بوونی هەبێ، واتای ئەوە دەگەیەنێ کە پرسە جدییەکانی خۆرهەڵات وەڵامیان بۆ دەبینرێتەوە و بە کردەوەکردنی خەبات لە خۆرهەڵات بتوانێ تواناکانی خۆی پێشان بدات. لەم بوارەدا وێنای پانتای و هەلومەرجێکی نوێ دەکرێ کە جیاواز بێ لە سەردەمی پێشی خۆی. جیاواز بێ بەو مانایە کۆمەڵگەی کوردیی لە خۆرهەڵات بە جوانی فام بکات و بزانێ کامە پراکتیک دەتوانێ هەستانەوەی ئەم بەشە لە کوردستان بکاتە راستییەک. لەو نموونانەی کە تاکوو ئەمڕۆ بۆ مەبەستێكی وا خراونەتەڕوو، زەقترینیان گرێدانی خەباتی شار و شاخ، خەباتی پەرلەمانیی و مەدەنی و هەروەها تاق و تەراقێکیش خەباتی چەکداریی لە نموونەی رابردوو. پێدەچێ خەباتی شاخ و شار تەنیا نموونەیەکی جدی لەم نێوەدا بێ. چونکە خەباتی مەدەنی لاسایی کردنەوەیە و خەباتی چەکداریی لە نموونەی رابردوو ئەزموون کراوە کە پێناچێ لە توانایدا بێ سەردەمێکی نوێ بخوڵقێنێ. هەرچەندە دەبێ ئاماژە بەوەش بکەین کە هێشتا روون نییە گرێدانی خەباتی شاخ و شار لە چ گوتار و پراکتیکێکەوە دێ.

بەرهەرحاڵ جیاوازیی سەرهەڵدانی نوێ لەگەڵ سەرئێشەو و سەرلێشێواوی ئەوەیە کە وێنای قۆناغێکی نوێ دەکات، چونکە ئەو راستییە دەزانێ کە نە خەباتی رابردوو وەڵامدەرە و نە خەباتی لە خانەی داگیرکەرەوە پەسەندە.

لە کۆتاییدا دەتوانین ئاوا باسەکە کورت بکەینەوە. لە ئێستادا زۆرترین کۆسپەکانی خەباتی خۆرهەڵات لە ناخی خۆدی ئەم خەباتەدایە. لە ناخی خەبات و تێکۆشەرانی ئەم خەباتە کێشە هەیە، کێشەیەک کە جارێ هەڵگرانی ناسنامەی سەرئێشە و سەرلێشواوان زۆرینەن و لایەنگرانی هەستانەوەی نوێ، کەمینەن. بۆیە تەنیا کاتێک دەتوانین وێنای خەباتێکی جدی لە خۆرهەڵات بکەین کە هەستانەوەی نوێ بە فکر و پراکتیک پێشان بدات، کە دەتوانێ سەرئێشەکان پەراوێز بخات و سەرلێشێواوان بهێنێتە سەر رێگەی راست و ببێت بە زۆرینە و خاوەن هەیمەنە. بەڵام زۆرینە و خاوەن هەیمەنە لە کۆمەڵگە نەک لە پانتای گەمەی سیاسیی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان.