(کۆدەنگی نیشتیمانی) وەک هەنگاوێکی چارەنوسساز!

Kurd24

K24 – هه‌ولێر:

(کۆدەنگی نیشتیمانی) لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسە هەنوکەیی و ستراتیژییەکان هەنگاوێکی چارەنوسسازە بە ئاراستەیەکی دروست، بۆ سود وەرگرتن لە دەرفەتەکان و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان.

لەم چوارچێوەیەدا هەوڵە بەردەوامەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێم بۆ دەستەبەرکردنی کۆدەنگی نیشتیمانی کارێکی هەنوکەیی گرنگ و پڕ بایەخە، چونکە تاکە رێگای کردنەوەی گرێ کوێرەکانی هەرێم بریتییە لە دیدار و کۆبوونەوەی ئامانجدار، بەمەبەستی تێپەڕاندن و دەربازبوونی هەرێم لەو ئاڵنگاریانەی کە لە ئێستا و داهاتووشدا یەخەی دەگرن، لە سەرووی هەموو ئاڵنگارییەکانیش رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری (داعش و میلیشیا وەلائیەکانە).

ئەو زەمینەسازیەی  کەوا لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردستانەوە هاوتووه‌تە ئاراوە مایەی دڵخۆشی و ئومێدی خەڵکی کوردستانە، بە تایبەت لە ئێستادا پرسی سەرەکی ئەجێندای لێکتێگەیشتنی لایەنەکان بریتیە لە پرسی (دەستور) کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە چەتری کۆکەرەوەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە هەموو پارت و ئاین و ئایدۆلۆژیا و ڕەگەز و مەزهەب و نەتەوەکان.

بۆیە پێموایە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کوردستان سەبارەت بە خستنە رۆژەڤی پرسی دەستور، بڕیارێکی مێژوویی گرنگ و بوێرانەیە، کە بەھۆیەوە ھەم خۆیان و ھەم خەڵکی کوردستان دەخەنە بەردەم بەرپرسیاریەتێکی مێژوویی بۆ ناردنی پەیام و ویستی پێکەوه‌ ژیانی خەڵکی کوردستان بۆ وڵاتانی جیھان و ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.

 ئەگەر بەخێرایی چاوێک بە مێژووی ئەو (193) وڵاتە بخشێنینەوە، کە بەفەرمی ئەندامن لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆمان رووندەبێتەوە، کە ھیچیان بە پێرفێکتی لە دایک نەبوون، بەڵکو لە سەرەتادا کەمکوڕیان زۆر بووە و بەناکامڵی لە دایک بوون، بەڵام دوای نوسینەوەی (دەستورێک) بە جدی خەباتیان کردووە بۆ بنیاتنانی داموودەزگای نیشتیمانی و مەدەنی و دیموکراسی، بۆیە بەهانەی دواخستنی نوسینەوەی دەستور بە پاساوی نەبونی زەمینەی لەبار هیچی تر لە شوێنی خۆیدا نیە، بۆ ئەم مەبەستەش دروستکردنی یەکدەنگی نەک تەنھا پێویستییەکی ھەنوکەییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتیمانی سەرکردایەتی سیاسی کوردستانە کە پێویستە ھەنگاوی بەردەوامی بۆ بهاوێژێت، بۆچی؟ چونکە دەستور پرسێکی چارەنوسسازە و دەکرێت وەک چەترێک بکرێتە وەرچەرخانێکی گرنگ لە پڕۆسەی دروستکردنی دەوڵەتدا.

کەواتە لە ئێستادا دەرفەتێکی گونجاو لە ئاستی ناوخۆییدا ھاتووه‌تە پێشەوە کە بەڕای بەندە قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە بۆ بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم راستەوخۆ بەندە بە نوسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ، ئەگەرچی پێویست بوو پڕۆسەی نوسینەوەی دەستوور لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی (1991) ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێستاش نەچووە بچێت، دەکرێت ئەگەر لایەنەکان لەسەر هیچ شتێک کۆدەنگ نەبن، لەسەر پرسی دەستور کۆدەنگ بن، تاکو نەوەی ئێستا و داهاتوو (دەستور) بکەنە (سەنگی مەحەک) بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ململانێکان نەک لولەی تفەنگ!

 لەکۆتاییدا دەڵێم ئەگەر پرسێکی چارەنوسسازی وەک (دەستور) لە قۆناغی نووسیندا پێویستی بە هەوڵی دڵسۆزانەی کارەکتەرەکانی (رووناکبیر، سیاسی، ئەکادیمی، رۆشنیر، مامۆستای زانکۆ، پیاوی ئاینی...هتد) هەبێت، ئەوا لە قۆناغی راپرسیدا (بۆ کامڵبونی شەرعیەتەکەی) پێویستی بە بەشداری تاک بە تاکی ھاونیشتیمانیانی ھەرێمی کوردستان دەبێت بە هەموو پێکهاتەکانەوە (کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری و کلدان...هتد) چونکە (دەستور) بۆ ھەموو ھاونیشتیمانیان دەبێت بەبێ جیاوازی و هاوشێوەی چەترێک دەبێت کە لە ژێر سایەیدا ئەرک و ماف بۆ ھەموو هاونیشتیمانیان پارێزراو دەبێت و رێز لە جیاوازییەکانیشیان دەگیرێت.

٭ کـــارۆخ خـــۆشناو

(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)