(وانەیەک لە نامەیەک)ی هیندییە سوورەكانەوە!

Kurd24

لە ئێستادا گرنگە ئێمەی خەڵکی کوردستان وانەیەک لە هیندییە سورەکانەوە فێربین، تاکو هاوشێوەی ئەوان خاکی خۆمان خۆش بوێت.

ئایا دەزانن هیندییە سوورەکان چەندە خاکی خۆیان خۆشویستووە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت ئەم نامەیەی خوارەوە بخوێنینەوە، ئینجا تێدەگەین چەندە گرنگە ئێمەی کوردیش وەک (سیاتێل)ی سەرۆک خێڵی هیندیە سوورەکان، خاکی کوردستانمان خۆش بووێت!

ساڵی (1854)، "فرانکلین پێرس"، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمه‌ریکا نامەیەکی نارد بۆ "سیاتێل"ی سەرۆک هۆزی هیندییە سوورەکان و داوای لێکرد زەوییەکانیان بە حکومەتی ئەمه‌ریکا بفرۆشن، سەرۆک هۆزەکە وەڵامی بۆ سەرۆکی ئەمه‌ریکا ناردەوە، وەڵامێک کە نیشاندەری شێوەی روانینیان بوو بۆ مرۆڤ و ژیان و خاک و جیهان، نامەکەی سەرۆکی ئەمه‌ریکام لەبیر نەماوە، بەڵام نامەکەی سەرۆک هۆزی هیندییەسوورەکانم هەرگیز لەبیر ناچێتەوە، کە دەڵێت:

"بۆ سەرۆکی گەورە لە واشنتن، شینایی ئاسمان و تینی زەوی چۆن دەفرۆشرێن؟ ئێمە خاوەنی پاکیی هەوا و زوڵاڵیی ئاو نین، چۆن بە ئێوەيان بفرۆشین؟

ئەم خاکە و هەرچی تێیدایە بۆ ئێمە پیرۆزە، گەڵای دەرزیلەیی کاژەکان، لمی کەنار رووباران، مژی نێو دارستانەکان، دەنگ و رەنگی مار و مێروو، هەموویان لە بڕوا و بیرەوەریی خەڵکی ئێمەدا پیرۆزن، ئەو شیلەیەی بە نێو دەماری دارەکاندا دەگەڕێت خولیا و خەونی ئێمەی تێدا مەییوە.

خاک لە ناخی ئێمەدایە، ئێمە بەشێکین لە خاک و خاکیش پارچەیەکە لە ئێمەیە، گوڵان بە بۆن و بەرامیانەوە خوشکی ئێمەن، کەڵەکێوی و ئەسپ و هەڵۆ برامانن، رەوەزبەردی لووتکەکان، شەونمی مێرگ ومەزار و تینی لەشی ئەسپ و مرۆڤ، هەموویان لە خێزانێکن.

ئەو ئاوە زوڵاڵەی بە جۆبار و رووبارەکاندا دەڕوات تەنیا ئاو نییە، خوێنی پشتاوپشتی ئێمەیە، ئەو زەوییانەشتان پێ بفرۆشین، دەبێت لەبیرتان بێت ئێرە بۆ ئێمە پیرۆزە و ئەو سێبەر و تارماییانەی بەو ئاوە زوڵاڵانەدا دێن هەموویان بیرەوەری و بەسەرهاتی ژینی ئێمە دەگێڕنەوە، زەمزەمەی ئاو، دەنگی باووباپیرانی ئێمەیە، رووبارەکان پشتمانن، تینوێتیمان دەشکێنن، بەلەمەکانمان بە شانەوە دەگرن و بژیوی منداڵەکانمان دەدەن، ئەگەر زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین، دەبێت لە بیرتان بێت و منداڵەکانیشتان فێر بکەن، کە ئەم رووبارانە برای ئێمە و برای ئێوەن، ئەو نەرمی و بەزەییەی بە برای خۆتانی رەوا دەبینن، بەو رووبارانەشی رەوا ببینن.

لە شارەکانی ئێوەدا شوێنێک نییە مرۆڤ ئارام  تێیدا بژی، جێگایەک نییە مرۆڤ گوێ بداتە لەرەی گەڵای بەهاران و ویزەویزی مێروولەكان، رەنگە ئەوانە هەر بۆ ئێمە گرنگ بن، کە لەو دەشت و کێوانە ژیاوین، بەڵام مرۆڤ ئەگەر شەوان دەنگی تاقتاقکەرە نەبیستێت و قیڕەی بۆقی گۆماوەکانی نەیەتە گوێ، لە ژیاندا چی بۆ دەمێنێتەوە؟

دەزانن شنەبا ئەو کاتی بەسەر تەنکاواندا دەڕوا و وردەشەپۆل دەبزێوێ، شەماڵ ئەوکاتی بۆنی بارانی نیوەڕۆیانی تێدەگەڕێ و بۆنی گەڵای تەڕوبڕی دارکاژەکان بڵاودەکاتەوە، رووح و گیانی ئێمەی سوورپێست دەلاوێننەوە.

هەوا بۆ ئێمە بایەخدارە، چونکە هەموومان بە هەناسە هەڵیدەمژین، ئەگەر ئێمە زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین، دەبێت لەبیرتان بێت ئێمە شوکرانەبژێری ئەو هەوایەین کە هەڵیدەمژین و ژین بە دەماری زیندەوەراندا دێنێت، باپیرەگەورەی من ئەو هەناسەیەی لە سنگیدا بوو هەتا لەگەڵ دوایین (ئاهـ) لە لێوی هاتەدەر و ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ئەگەر ئێمە زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین، ئێوە دەبێت لە گەڵ ئاژەڵی ئەم خاکە وەک برای خۆتان بجووڵێنەوە، بەڵێ! ئێمە کێویین! لەو دەشت و کێوانە گەورە بووین و تێناگەین بۆچی هەزاران کەڵەکێوی دەبێت قڕ بکرێن، ئێوە دەبێت منداڵەکانتان فێرکەن کە زەویی بن پێیان، خۆڵەمێشی باب و باپیرانیانە، دەبێت رێزی زەوی بگرن، گەورەیی زەوی لە چاویاندا بێت و بە منداڵەکانیان بڵێن خاک دایکیانە، ئەو شتەی بەسەر زەویدا بێت، بە سەر رۆڵەکانی زەوییشدا دێت، مرۆڤ تف لە زەوی بکات، تف لە خۆشی دەکات.

لە بیرتان بێت مرۆڤ ژێیەکانی سازی ژین وەدەنگ ناهێنێت، خۆی هەودایەکی ژێی ژیانە.

ئێوەش یاوەری زەوی بن"

 

٭ سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی