(232) ساڵ لەمەوبەر دەستووری ئەمەریکا خرایە بواری جێبەجێکردن!

Kurd24

رەشنووسی دەستووری ئه‌مه‌ریكا لە ساڵی (1787) لە کۆنگرەی (فیلادلفیا)دا بە ئامادەبوونی نوێنەری سێزدە (13) ویلایەت نووسرایەوە (ئەوکات ئه‌مه‌ریكا تەنها 13 ویلایەت بوو)، دوای ساڵێک گفتوگۆکردنی چڕ و پڕ، ساڵی (1788) راپرسی لەسەرکرا، ئینجا ساڵی دواتر واتە ساڵی (1789) پەسەند کرا و لە ڕۆژی (4/6/1789) خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

بنەمای سەرەکییەکانی دەستووری ئەمەریكا لە تێزەکانی گرێبەستی كۆمەڵایەتی (جۆن لۆك و هۆبز و ڕۆسۆوە) وەرگیراون.

دەستووری ئه‌مه‌ریكا لە (7) ماددە پێکهاتووە، ئەوانیش بریتین لە:

ماددەی یەکەم:

تایبەتە بە دەسەڵاتی یاسادانان.

ماددەی دووەم:

تایبەتە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

ماددەی سێیەم:

تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەری.

ماددەی چوارەم:

تایبەتە بە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتەکان و حکومەتی فیدڕاڵ.

ماددەی پێنجەم:

تایبەتە بە هەموارکردنەوەی دەستوور.

ماددەی شەشەم:

تایبەتە بە قەرزی نەتەوەیی (الدیون القومیة)

ماددەی حەوتەم:

تایبەتە بە پەسەندکردنی دەستوور.

دوای پەسەندکردنی دەستوور (جۆرج واشنتن) وەک یەکەم سەرۆکی بێلایەن هەڵبژێردرا (ئەوکاتە هێشتا دیموکرات و  کۆمارییەکان دانەمەزرا بوون)، جۆرج واشنتن بەردی بناغەی کۆشکی سپی دانا و پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكای لە (فیلادلفیاوە بۆ واشنتن دی سی) گواسته‌وه‌، بەڵام دوای خۆی، کۆشکی سپی تەواو بوو (جۆن ئادەمز)ی دووەم سەرۆک، یەکەم کەس بوو لە کۆشکی سپی نیشتەجێ بوو.

ئه‌مه‌ریكییەکان لە (4/7/1776) سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و حوکمی شانشینی بەریتانیایان ڕەتکردەوە، ئه‌مه‌ریكا لە ماوەی (245) ساڵدا، (46) سەرۆکی هەڵبژاردووە، (19) سەرۆک کۆماری بوون، (16) سەرۆک دیموکرات بوون، (22) سەرۆکیش پێش دامەزراندنی پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری بوون بە سەرۆک (پارتی دیموکرات لە ساڵی 1828 دامەزرا، پارتی کۆماری لە ساڵی 1854 دامەزرا).

یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی دەستووری ئه‌مه‌ریكا (Flexibility) واتە نەرمی و گونجانیەتی لەگەڵ هەموو سەردەمەکان، ماددەی پێنجەمی دەستوور تەرخان کراوە بۆ هەمووارکردنەوەی دەستوور بە گوێرەی پێشکەوتن و پێویستی سەردەم (27) جار هەموار کراوەتەوە.

خەسڵەتێکی تری بەهێزی دەستووری ئه‌مه‌ریكا، جیاکردنەوە و چاودێری و هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەیە (Separation of Powers, Checks and Balances) بە گوێرەی مادەکانی (1 و 2 و 3)ی دەستوور، هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئه‌مه‌ریكا لە یەکتر جیاکراونەتەوە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) هەروەها دەستووری ئه‌مه‌ریكا هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی فەراهەمکردووە لە رێگه‌ی چاودێریکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە بەسەر یەکتر.

کەواتە دەتوانین بڵێین دەستووری ئه‌مه‌ریكا بووه‌تە بەردی بناغەی دروستبوونی وڵاتێکی (Super Power)ی هاوچەرخ و (مۆدێرن) و خاوەن دام و دەزگای بەهێز، ئەمانەش شارستانیەتێکی نوێیان بەرهەمهێناوە بەناوی (شارستانیەتی ئه‌مه‌ریكا) کە لە ژێر سایەیدا (دەستوور و یاسا و ڕێساکان) سەروەرن بەسەر گشت هاووڵاتیاندا، بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژی و ئایینی و حیزبی و نەتەوەیی و مەزهەبی و ئیتنیکی.

لە کۆتاییدا هیوادارم سەرکردایەتی سیاسی و داڕێژەرانی بڕیاری کورستان هەوڵبدەین سوود لە ئەزموونی دەستووری ئه‌مه‌ریكا وەربگرن، بە تایبەت لە ئێستادا کەوا پرسی نووسینەوەی (دەستووری هەرێمی کوردستان) بووتە ڕۆژەڤ.

* كارۆخ خۆشناو

(سەرۆکی ئەنستیتۆی توێژینەوەی ئەمه‌ریکی-کوردی)