ئاڵا یان مرۆڤ؟

Kurd24

قوتابیان بەبێ بێڕێزی کردن بە ئاڵا، دەیانتوانی پەیامەکەیان باشتر بگەیێنن، سۆزی خەڵکیش زیاتر بۆخۆیان رابکشێن، لەو رێگەیشەوە فشاریان زۆرتر و  داواکانیان باشتر جێبگرێ، بەڵام بەو بێرێزیەی کە بە ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان کرد، بە دەستی خۆیان بە فیتی کەسانی پۆپۆلیستی سیاسی هەڵتۆقیو ئامانجەکانیان لەبار برد، لە خانەی کەسانی خاوەن ماف، چوونە دەرێ و بوونە کەسانی گێرەشێوێن و داری دەستی ئەو سیاسیانەی زیاتر لە بیست ساڵە بە گژ هەموو پیرۆزییەکان دادەچنەوە، لەبەر دەرکی دوژمن و داگیرکەران هاواری خۆهەڕاجکردن دەکەن و شاباش و ئافەرین لە داگیرکەران وەردەگرن.

ئاڵا موڵکی حزبێک نییە، موڵکی حکومەتیش نییە، رەمز و هێماش نییە بۆ هیچ کەس و بنەماڵە و گروپێک، بەڵکو ئاڵا رەمزی تێکۆشان و قوربانیدانی زیاتر لە سەت ساڵی میللەتێکی ژێر دەستەیە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی، ئەو ئاڵایە بە خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسکی هەزارن دایکە شەهید و دەست و مەچەکی هەزاران پێشمەرگە پارێزگاری لێکراوە تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ کە لە سەر بارەگاکانی دامەزراوە فەرمیەکانی قەوارەی سیاسی و دەستوری هەرێمی کوردستان بشەکێتەوە.

زۆر کەس بۆ رەواییدان بەو کارە نا بەجێیە، بەراوردی ئازاردان و خوێنی قوتابیان دەکەن بە ئاڵا و خەڵک دەخەنە بەردەم پرسیاری ئەوەی، کامەیان پیرۆزترە! بێگومان مرۆڤ و ئاڵا هەردووکیان پیرۆزن، هەرگیز ئەو بەراوردکارییە لەجێی خۆیدا نییە، چونکە خۆنیشاندان و داواکردنی ماف لەلایەک و بەرپەرچدانەوەیان و ئازارادان و گرتنی خۆپیشاندەران هیچ پەیوەندیان بە ئاڵاوە نییە تا سووکایەتی پێ بکرێ.

پەرلەمانتاران لەهەموو فراکسیۆنەکان ئەوانەی کوردستان و ئاڵاکەیان لا پیرۆزە لەگەڵ کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان بۆ قسەکردن له‌ بارەی داواکاری قوتابیان بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی خوێندن، دەبووایە داوا بکرێ لە هەمان دانیشتن قسە له‌ بارەی ئەو بێڕێزیانە بکرێ کە له‌ بارەی ئاڵای کوردستان دەکرێ، پێویستە کار بۆ ئەوە بکەن بە پڕۆژە یاسایەک ئەو کارە نابەجێیانە قەدەغە بکرێن و وەک تاوان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێ، بە یاسا سزای ئەوانە بدرێ کە بێ رێزی بە ئاڵای کوردستان دەکەن.