مەسرور بارزانی هێزی دڵنیاییە یان ترس؟

Kurd24

گوتەکانی مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیارەکانی کەناڵی NBC ئەمەریکی، دەربارەی پێویستی کوردستان بە هاوکاری و پاڵپشتی ئەمەریکا، دەربڕی راستەقینە و پێویستی ئەو قۆناغەیە کە قەوارەی دەستووری کوردستان تێیدا دەژی. گوزارشتێکی راستگۆیانەی گوتاری سیاسیی کوردستانییە، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لە هێرشی دڕۆن و موشەکەکان پێویستیان پێی هەیە.

هەندێک کەچە نووسەر، نا دپلۆماسی بوونی وەڵامەکانی مەسرور بارزانی، وەک بەهانەیەک دەدەنە دەست نەیارانی کوردستان، بۆ زیاتر هێرشکردن. بێگومان قسەی ئەو نووسەرە کەچۆکانە و ئەو میدیایانەش کە لە هەمان ئاخوڕ دەلەوەڕێن، درێژکراوەی هەمان گوتار و چەواشەکاریی خۆ رادەستکردنەوە (تەسلیم بوونەوە)یە بە دوژمنان، کە لە دوای خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر ئاشکرا تر و بەهێزتر و بێ شەرمانەتر بە دیارکەوتووە.

کەسێک کە رابەرایەتی میللەتێک بکات، کە سەد ساڵ زیاترە لە پێناو مافەکانی تێدەکۆشێ و قوربانیەکانی لە ژمارە نایەن، چ پێویست دەکات، لە قسەکردن دەربارەی چارەنووس و ئایندەی میللەتەکەی دپلۆماسی بێت!، ئایا داوای پاڵپشتی و هاوکاری لە هاوپەیمانێک لە زیاتر لە سی ساڵە بەشدارە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان دیپلۆماسیەتی بۆچیە، ئایا راستگۆیی لەگەڵ میللەتەکەی و دۆستان، پێچ و پەنا و شێر و ریوی دەوێت، ئایا رێگایەکی دیکە هەیە جگە لە پشت بەستن بەخۆت و داواکاری هاوکاری و پاڵپشتی زیاتر لە دۆست و هاوپەیمانان، بتوانێت رێگر بێت لە بەردەم هەڕەشەکان و دڵنیایی بێت بۆ پاراستنی کوردستان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رێگایەکی دیکە شک نابات، جگە لە پشت بەستن بە میللەتەکەی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە بە پاڵپشتی دۆستان و هاوپەیمانان، توانای بەرگری و پاراستنی خەڵکی سڤیل زیاتر دەبێت و ئەرکەکانیش ئاسانتر دەبن.

ئەوانەی بە مەبەست گوتەکانی مەسرور بارزانی دەکەنە سەرچاوەیەک بۆ گوتارە چەواشیکارەکانیان، هەر ئەوەندە دەتوانن، بڕێک پوول لە ئاغاکانیان وەربگرن و کەمێک نیگەرانی و نا ئارامی دەروونی بۆ خەڵکی کوردستان زیاد بکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەو هاوکێشانە بگۆڕن کە ئایندەی ئەو ناوچەیە دەنەخشێنن، کە تێیدا کوردستان پارێزراو و سەرکەوتوو دەبێت.

ئەوانەی زیاتر لە چوار ساڵە ئەو ئاسنە ساردە دەکووتنەوە و مەسرور بارزانیان بە ئامانج گرتووە و لە ئاشی دوژمن و داگیرکەران لێ دەکەن، هەر دەبێت سەرتان بە تاشە بەردی ئەو راستیە بکەوێت، کە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی درێژکراوەی مێژووێکە، کە هێزی خۆڕاگرییە نەک خۆڕادەستکردن.