بڕیاری پارتی و هەڵوێستی نێودەوڵەتی

Kurd24

کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە خۆی لە ئەمەریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان دەبینێتەوە، تەواو هاوهەڵوێستن لەگەڵ بڕیارەکەی پارتی لە ڕازی نەبوون بە بڕیارە نادەستووری و خۆسەپێنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، بە گوزارشتی جیاواز بەڵام یەک واتا، ڕایانگەیاند کە نیگەرانیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جێی خۆیانن و ئەوان پاڵپشتی لەوە دەکەن کە هەموو خەڵکی کوردستان دەرفەت بەشداریان هەبێت لە هەڵبژاردن، هەروەها هەڵبژاردن و دەرئەنجامەکانی گوزارشت لە هەموو ڕەنگەکانی کوردستان بکەن، نەتەوەیەکگرتووەکانیش هەمان هەڵوێستیان دووبارە کردەوە ئەگەر کەمێک بە گوزارشتی ئاچوغتریش بووبێت.

مل دان بۆ بڕیارەکانی دادگای نادەستووری فیدراڵی تەنها زیاتر شکاندنی نەفسیەتی خەڵکی کوردستان و لاواز بوونی پێگەی قەوارەی دەستووری کوردستانی بە دواوە دادێت. ئەوانەی ئێستا خەڵکی کوردستان دەترسێنن و نیگەرانیان دەکەن، هەمان چیڕۆک و گوتاری ڕۆژانی بەر لە خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر و دواتر دووبارە دەکەنەوە، کە خەڵکی کوردستان جگە لە تەسلیم بوون و ڕازی بوون بە بڕیار و ئیرادەی بەغدا هیچ دەرفەت و ڕێگایەکی دیکەی لە بەردەم دا نییە، هەروەها وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لایەنگری بەغدایە و دژی کوردستانن، بەڵام ئەوە گوتارێکی چەواشەکاری و درۆینەیە و نابێت خەڵکی کوردستان گوێیان لێ بگرێت، چونکە دوای شازدەی ئۆکتۆبەر تێکڕای وڵاتان ئەوەیان بە شێوازی جیاواز ڕاگەیاند کە ئەگەر کورد بەرگریان کردبا و ملیان بۆ بەغدا نەدابا و بە خۆیان کەرکووکیان ڕادەست نەکردبا، هەرگیز میلیشیاکانی حەشد و سوپای پاسداران جورئەتی هێرش کردنیان نەدەبوو.

ئێستا باردودۆخەکە ڕێک وەک ئەو کاتە و بگرە مەترسیدارتریشە، خەڵکی کوردستان بە گژ ئیرادەی خوسەپێنی دیکتاتۆریەتی بەعس ڕەفتاری بەغدا بچێتەوە، ئەوە شکست بە هەموو پیلانەکانیان دەهێنن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی هێزی دیموکراسی و بەهاکانی پێکەوە ژیان و پێشکەوتن دەکەن.