بازاڕی دەستی دوو، مەترسیەکی نوێی پیسبوون بە پلاستیك لە کوردستان

Kurd24

ئەوە مەجرایە مەجرا! دەزانیت چەند قۆرە؟

ئەمە وەڵامی گەنجێك بوو، کە سەرقاڵی ئەوە بوو فەردەیەکی زەبەلاحی بالەی پڕ لە نایلۆن و مشەما و پلاستیکی زیادەی بە زۆر دەئاخنیە ناو قوڕقوڕاگەی مەجراکە، سەرەتا وامزانی هەرێم ئەوەندە پێشکەوتوە، کە حاویەی زبڵی لە ژێر زەوی بۆ دروست کردوون، بەڵام کە بینیم سەری مەنهۆڵە نەمتوانی راینەگرم...

لە وەڵامی: کوڕم لە خوا بترسە لافاو ئەم شارە دەبات خۆ شاری خۆتە!

بە سەرسوڕمانەوە سەری هەڵبڕی و وتی: ئەتو چ دەرێی! ئەوە مەجرایە مەجرا، وەرە تەماشاکە دەزانیت چەند قۆر(قووڵ) ە؟

ئەگەرچی هاوڕێکانی رایانگرت، بەڵام زۆر بە روونی دیاربوو کە ئەوە رەفتاری رۆژانەیانە!

دوای نیو کاتژمێریش چوومەوە هەمان شوێن و دیاربوو (وەك وێنەشم گرتووە) فەردەکەی لەسەر مەنهۆڵەکە داناوە وپێویستیش بە بیرکردنەوەی زۆر ناکات تا بزانرێت کۆتایی ئەو پاشماوانە هەر ناو مەجراکە دەبێت!

بەداخەوە ململانێی سیاسیی ناپەسەند و رۆڵی خراپی هەندێك راگەیاندن کارێکی ئەوەندە خراپی کردووه‌تە سەر بیرکردنەوەی خەڵك بە گشتی، بە تایبەتیش نەمانی هەستی بەرپرسیارێتی لای گەنجان و منداڵان، کە دڵیان بە هیچ جۆرێك بە وڵاتەکەیان نەسووتێ، ئەمەش ئیتر دەبێت وەك مەترسیەك لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ژیانی هاوڵاتیان تەماشا بکرێت.

پاشماوە پلاستیکیەکان یەکێکە لە مەترسیدارترین گرفتە ژینگەییەکان لە جیهاندا و لە ئێستادا بووه‌تە مەترسی بۆ ژیانی وشکانی و ناو زەریاکانیش .

بە پێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەکانی تایبەت بە ژینگە:

- هەموو خولەکێك نزیکەی یەك ملیۆن بوتڵی ئاو دەکڕدرێت لە جیهاندا.

- بەکارهێنانی کیسە پلاستیکیەکان دەگاتە 5 ترلیۆن لە ساڵێکدا.

- نیوەی بەرهەمە پلاستیکیەکان بۆ بەکارهێنانی یەك جار دروست کراون.

لە ئێستادا ساڵانە 300 ملیۆن تەن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دەهێنرێت، (ئەم کێشە دەگاتە کێشی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی)!

پیسبوونی پلاستیکی دەریایی کاریگەریی لەسەر 800 جۆری  گیانلەبەر دروستدەکات لە ئەنجامی قووتدان، برسیبوون، خنکان، ئاڵۆسکان و نقومبوون.

- ساڵانە پاشماوە پلاستیکیەکان نزیکەی ملیۆنێك باڵندەی دەریایی و 100 هەزار ماسی و ئاژەڵی تر دەکوژێت.

- پلاستیك هەرزانە

- ماوەیەکی دوورودرێژ بەرگە دەگرێت، بەرهەمهێنانی ئاسانە وکێشی سووکە.

هەموو ئەم خاڵانەی کە وەك سیفەتی پلاستیك دەناسرێن، خاڵی هێز و لە هەمان کاتیشدا خاڵی لاوازی پلاستیکن.

بازارەکانی دەستی دوو لە کوردستان سوودێکی زۆری گەیاندوە بە خەڵك، بەڵام بە هەڕەمەکی هاوردەکردنی ئەم هەموو کەلوپەلە کە زۆربەیان پلاستیکین و سەرچاوەیەکی گەورەی پاشماوەی پلاستیکین، دەکرێت وەك سەرچاوەیەکی پیسبوون بە پلاستیك سەیر بکرێن و مەترسییەکانی زیاتر بێت لە سوودەکانی، ئەگەر بە کوالیتی کۆنترۆڵدا تێنەپەڕێت ئەوە هەرێم وەك زبڵخانەیەکی زەبەلاحی لێدێت، کە وڵاتان بە ناوی کاڵای دەستی دوەوە زبڵی خۆیان بۆ ئەم هەرێمە هەناردە بکەن، دواتریش بە رەفتاری نابەرپرسانەی خەڵکێك بەو شێوەیە مەترسیەکی نوێ رووبەڕوی وڵات دەبێتەوە، ئەویش گیرانی مەجراکان و کۆبوونەوەی باراناوە، تا دەگات بە روودانی لافاو و دروستبوونی مەترسیی راستەوخۆ لەسەر ژیانی خەڵك، بەو پێیەی ئەو کەلوپەلە کۆنە پلاستیکیانەی کە لەناو بالە گەورەکاندا هەیە زۆریان بێسوودن و فڕێدەدرێن.