سزای پێھەڵدان بە به‌عس
به كارێك رێگامان كه‌وته فه‌ر‌مانگه‌یه‌كی حكومی و له ژووری فه‌رمانبه‌رێك كه بیست و ھەشت ساڵ بوو له‌وێ كاری ده‌كرد، دانیشتین.
له میانه‌ی قسه‌كردندا، كابرا وه‌كو شانازیه‌ك به شوێنی كاره‌كه‌یه‌وه، وتی: له‌م فه‌رمانگه‌یه حیزبایه‌تیمان نییە، جیاوازی نییە له نێوانماندا، یه‌كێتی لێیه، پارتی لێیه، گۆڕانی لێیه، به‌عسیشی لێیه.
له‌گه‌ڵ وشه‌ی به‌عسیه‌كه، راچڵەکیم و سه‌یرم كرد وامزانی گاڵته ده‌كا، كه‌چی پێمپێكه‌نی و ئینجا چاوی له‌ناو چاوم، وتی من به‌عسی بووم و شانازیشی پێوه ده‌كه‌م. هێشتا وامزانی گاڵته ده‌كات، پێمگوت حه‌یفه ده‌سه‌ڵاتم نییە، ئه‌گینا ئه‌وه‌ی ئیمزایه‌كی بۆ به‌عس کردبێ، دادگاییم ده‌كرد.
كابرا زۆر به شانازیه‌وه، چیرۆكی ئه‌وه‌ی ده‌گێڕایه‌وه، چۆن به‌عسی بووە و لە کاتی سەربازیدا ڕێزی لێگیراوه، به‌رگری لەو بۆچوونەی ده‌كرد و پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرت، چۆن هه‌موو كوردێك ناچار بووە به‌عسی بێت !
"پێویستە دژایه‌تیكردنی نه‌ژادی سامی، وەك هۆكارێك بۆ دیپۆرتكردنه‌وه، هه‌ژماربكرێت"، ئه‌مه وته‌ی ئه‌مینداری گشتیی پارتی دیموكراسی ئازاده له ئه‌ڵمانیا، دوای ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای ساڵی 2018 له به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته، په‌ناهه‌نده‌یه‌كی سووری هێرشی كرده سه‌ر پیاوێك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌پله‌ی جوولە‌كه‌كانی له‌سه‌ر بووە، ئه‌وه‌ش هه‌رایه‌كی زۆری نایه‌وه و تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی به ئاشكرا و له رێگای میدیاكاناوه، داوایكرد ئه‌و په‌ناهه‌ندانه د‌یپۆرت بكرێنه‌وه، كه رقلێبوونه‌وه‌ی جوو به‌سه‌ریاندا دەسەلمێندرێت.
ئەو، به رۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانی راگه‌یاند "ده‌بێت رێگری بكرێت له‌م جۆره ره‌فتارانه و دژایه‌تیكردنی نه‌ژادی سامی وه‌ك هۆكارێك هه‌ژمار بكرێت بۆ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌ناهه‌ندەکان".
له هه‌موو شاره‌کانی ئه‌ڵمانیا، مۆزه‌خانه‌ی گه‌وره هه‌یە چیرۆكی ئه‌و تاوانانه ده‌گێرنەوە، كه به‌رانبه‌ر جووە‌كان كراوه و فه‌رمانبه‌ری تایبه‌تمه‌ند هه‌یه بۆ وه‌ڵامدانە‌وه‌ی پرسیاره‌كان.
ته‌نانه‌ت هه‌موو ئه‌و سە‌ربازگانه‌ی جووله‌كه‌كانی بۆ براون، كراون به مۆزه‌خانه و كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند كاری تێدا دەکەن، كه مێژووی هۆلۆكۆست ده‌گێڕنه‌وه و وه‌ڵامی پرساره‌كان ده‌ده‌نه‌وه.
له ساڵی 1990 هونه‌رمه‌ندێكی ئه‌ڵمانی به ناوی گۆنته‌ر دیمنیگ، پارچه‌یەك مسی چوارگۆشه‌ی له به‌رده‌م هه‌موو ده‌زگا و باڵه‌خانه‌كاندا دانا، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هه‌ر كه‌سێك، كه له لایه‌ن نازیه‌كانه‌وه ڕاپێچكرابێت و رووبەڕووی چه‌وساندنه‌وه، یاخود كوشتن بووبێته‌وه، له‌به‌رده‌م ئه‌و باڵەخانه‌یه‌ی كه‌سه‌كه كاری تێدا كردووە، یاخود لێی ژیاوە. به‌م شێوه‌یه‌ش كاتێك له شارێكی وه‌ك به‌رلین كه‌سێك به سه‌ر شۆسته‌كه‌دا ده‌ڕوات، به‌رده‌وام چاوی به‌و پارچه مسانه ده‌كه‌وێت و به ناچاری بیر له قوربانییەکان ده‌كاته‌وه.
ته‌نانه‌ت له ناو یاسای ئه‌ڵمانیادا، چه‌ند بڕگه‌یه‌كی تایبه‌تیان به سزادانی هه‌ركه‌سێك داناوە هاوسۆزی نیشان بدات بۆ نازیه‌كان و هتله‌ر، به پێی بڕگه‌یه‌كی یاسایی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كه‌سێك بسه‌لمێت، سڵاوی تایبه‌ت به هتله‌ر و نازیه‌كان بڵێته‌وه، زیندانی ده‌كرێت به ماوه‌یه‌ك، له‌وانه‌یه بگاته سێ ساڵ.
به‌پێی یاسای ئه‌ڵمانی هه‌موو ئاماژه‌یه‌ك كه په‌یوه‌ندی به نازیه‌كانه‌وه هه‌یه، قه‌ده‌غه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی به‌كاربهێنرێت.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئەوە رەتبکاتەوە کە هۆلۆكۆست روویداوە، یاخود بڕگه‌ی یه‌كه‌می سروودی نیشتمانی بڵێته‌وه، كه قه‌ده‌غه كراوه، به غه‌رامە، یاخود زیندانیكردن، له سێ مانگه‌وه تا پێنج ساڵ سزا ده‌درێت.
كه‌چی لای ئێمه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك داموده‌زگا هه‌ن، وەك باس دەکرێت پێشتر زیندان بوون، جگه له ئه‌منه سوورە‌كه‌ی سلێمانی، كه كراوه به مۆزه‌خانه، وەلێ تا ئێستا ئه‌و هه‌موو زیندانه‌ی كه سه‌دان و هه‌زاران گه‌نج و قاره‌مانی كوردی تێدا ئه‌شكه‌نجه دراون و شه‌هید كراون، هه‌ر دیار نین!
له‌وه‌ش خراپتر، تا ئێستا له‌ناو قوتابخانه و داموده‌زگا و میدیا و سۆشیال میدیا و مه‌جلیسه‌كان، كه‌م نین ئه‌و كه‌سانه‌ی، لەبەرامبەر ھەر كه‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵییەك، به شان و باڵی رژێمی به‌عس و سه‌دام حوسێن ھەڵدەدەن و بوێری ئه‌وه‌یان هه‌یه بڵێن: (سه‌دام باش بوو، ئه‌گه‌ر شه‌ڕت پێ نه‌فرۆشتایه، حه‌قی نه‌بوو به سه‌رته‌وه!) یاخود (كیمیایبارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاله‌كان و وێرانكردنی گونده‌كان خه‌تای پێشمه‌رگه بوو).
وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و كوڕ و كچانه‌ی له ژێر زه‌مینه‌كان و لە ژێر ئازاری ئه‌شكه‌نجەدان، گیانیان سپاردوه و ئه‌و تێکۆشەرانەی گولـلەباران ده‌كران، به‌هۆی ''كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و دوژمنایه‌تی''ه‌وه بووبێت!
ئه‌م جۆره قسه پووچانه، گه‌وره‌ترین بێڕێزی و سووكایه‌تیكردنه به خە‌بات و بزووتنەوه‌ی رزگاریخوازی كوردستان، كه ھەزاران گه‌نجی ئه‌م وڵاته، لە پێناویدا شه‌هید بوون.
تا ئێستاش كار نه‌كراوه بۆ ناساندنی تاوانه‌كانی ڕژێمی به‌عس، نەوەی دوای ڕاپه‌ڕین، نازانێت له ناو زیندانه‌كاندا، منداڵ و هه‌رزه‌كاره‌كان ته‌مه‌نیان بۆ زیاد ده‌كرا، تا بتوانن به پێی یاسای عیراقی له سێداره‌یان بده‌ن.
ئه‌وان ئەوە نازانن، ئەو ژێرزه‌مینانەی گه‌نج و منداڵی كوردیان تێدا ئه‌شكه‌نجه ده‌دران، پڕ بوون له كتێبی قۆناغی سێ و چواری ئاماده‌یی و حه‌بی مه‌نع و ده‌لینگی كچان و ژنانی كورد.
ھەر ئەو بەعسیە بوو لە ئەنفالەکان بە ھەزاران ژن و پیاو و منداڵ و گەنج و پیری کوردی زیندەبەچاڵ کرد و گوند و ماڵ و خانووەکانیانی، به شۆڤڵ و بلدۆزه‌ر رووخاند.
ده‌بێت منداڵ و گه‌نجی کورد له قوتابخانه‌وه، شه‌هید نه‌سرینی ده‌ربه‌ندیخان و چل منداڵه‌كه‌ی سلێمانی و قاره‌مانه‌كانی هه‌ولێر و بادینان بناسن. له هه‌مان كاتیش‌دا پێویسته به یاسا رێگری و لێپێچینه‌وه لەوانە بكرێت، بە بیانووی کەموکورتییەکانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، به‌شان و باڵی رژێمی به‌عسدا هه‌ڵدەدەن.
پێویسته به یاسا كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی گله‌ییكردن له ده‌سه‌ڵات و حكومڕانیی كوردستان، نه‌بێت به بیانویه‌ك بۆ پیاهه‌ڵدان به دڕنده‌ترین رژێمی سیاسی، كه تاوانباره به كیمیابارانكردن و ئه‌نفالكردن و راگواستن و گۆڕبزركردنی هه‌زاران كورد.
ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت: زۆربەی ئه‌و كه‌سانه‌ی لە رۆژگاری خۆیدا، خۆیان، یان كه‌سوكاریان به‌عسی بوون و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و پاره، خوڵام و جاشی به‌عس بوون، ئێستاش وابەستەی فیکر و کو‌لتوور و رابردووی ئەو رژێمە بۆگەنەن و تۆوی جاشایه‌تی له ناو خوێنیاندا ده‌سوڕێته‌وه.