مێژووی سەرۆک

Kurd24

بە بۆچوونی من، جیاوازی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ سیاسییەکانی دیکەی کوردستان و ناوچەکە، دەکرێت لە خاڵێکدا کۆی بکەینەوە، سەرۆک بارزانی لە یەک کاتدا زادەی مێژوو و دروستکەری مێژووشە، زادەی مێژووی بیر و فەلسەفەی کوردایەتییە، کە بە هەموو وشە و چەمک و تێگەکانی، لە مێژوو و گیانفیدایی و شکۆ و مەزنی پێشمەرگەدا کۆبۆتەوە، دروستکەری مێژووێکیشە کە لە هەستانەوە و بەهێزبوونەوەی بیر و باوەڕی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە دەست پێدەکات.

لە دوای ژمارەیەک کارەسات و نسکۆ، لە نسکۆ شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارە بوونەوە بگرە، تا دەست پێکردنی پڕۆسەی ئەنفال، لە کوردانی فەیلییەوە تا بە گەرمیان و بارزان دەگات، لە کیمیاباران کردنی خۆشناوەتی و دۆڵی جافایەتی و هەڵەبجەی شەهیدەوە بگرە، تا سووتاندن و خاپورکردنی هەزاران شار و گوندی کوردستان، لە دوای ئەو مێژووە، کە دوژمن و داگیرکەران چاوەڕوان بوون، نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان جارێکی دیکە نەتوانن سەر بڵند بکەن و داوای مافەکانیان بکەنەوە.

سەرۆک بارزانی وەک نوێکەرەوەی رێباز و دامەزرێنەری قوتابخانەی کوردایەتی نوێ کە قوتانخانەی خۆنەچەماندنە، رابەرایەتی ئەو قۆناغەی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان دەکات

سەرۆک بارزانی بە رابەرایەتی کردنی راپەڕینی بەهاری 1991ـی خەڵکی کوردستان، دواتریش سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، ئەو دوو رووداوە ئەو مێژووەیان هەڵگێڕایەوە و بۆ یەکەمین جار، گەلی کوردستان بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی ئیرادەیان بەسەر ئیرادەی داگیرکەران سەرکەوت، سەرۆک بارزانی وەک نوێکەرەوەی رێباز و دامەزرێنەری قوتابخانەی کوردایەتی نوێ کە قوتانخانەی خۆنەچەماندنە، رابەرایەتی ئەو قۆناغەی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان دەکات.

ئەو دوو مێژووە، بە هەموو لێکەوتەکانی، بە هەموو هەوراز و نشێوەکانی، لە رابەرانی دامەزرێنەرانی بیر و فەلسەفە و رێبازی کوردایەتی، لە شێخ عەبدولسەلام و مستەفا بارزانییەوە تا بە سەرۆک مەسعود بارزانی دەگات، یەک درووشم ناونیشانی هەوڵ و تێکۆشان و ئامانجیان بووە، ئەویش درووشمی: "کوردستان یان نەمان"ـە. بۆیە ئەو کە کوردستان لە بەرامبەر هەڕەشەی نەمان بێت، ئەوە هەموو رۆڵەیەکی دڵسۆز و بەشەڕەف، نەمانی خۆی بە پێش نەمانی دایکی نیشتمان دەخات، کوردستان بۆ دوژمنان دەکاتە هێلی سوور و هێلی مەرگ.