مەخموور سەبەتەی نانی عێراقە؟

Kurd24

قەزای مەخموور لەڕووی جوگرافیەوە ناوچەیەكی گرنگە و خاوەن گەورەترین ڕووبەری زەوییە دەگاتە (2700) كیلۆمەتر چوارگۆشە نزیكەی (90%) ئەم رووبەرە دەشتاییە و خاوەن زەوییەكی بەپیت و بەرەكە بۆ كشتوكاڵكردن كەزەوییە كشتوكاڵیەكانی خۆی لە زیاتر لە یەك ملیۆن و دووسەدهەزار دۆنم زەوی دەدات هەربۆیە لەسەر ئاستی عێراق بەو ناوچەیە دەڵێن (سەبەتەی نانی عێراق)، ئەمە وێڕای ئەوەی لەپاڵ كشتوكالكردن ناوچەكە دەوڵەمەندە بەدەیان كانزای جۆراوجۆر لەهەموویان گرنگتر نەوت و گازی سروشتی.

ئەم ناوچە هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە تا ڕاپەرینی 1991 سەربەپارێزگای هەولێر بوو ، بەڵام پاش ئەم مێژووە لەساڵی 1996 لەچوارچێوەی شاڵاوەكانی بەعەرەبكردن بەشێوەیەكی كاتی لەرووی ئیدارییەوە خرایە سەر پارێزگای نەینەوا، ئەمە وێڕای ئەوەی بەدرێژایی شۆرشی گەلەكەمان ناوچەیەكی گەرمی ململانێیەكان بوو هەر لەساڵی 1963 تا 2003 چەندین جار گوندەكانی ڕووبەرووی تێكدان و سووتاندن و لەناوبردن و تەعریب كردن بوونەتەوە، بەڵام پاش پرۆسەی ئازادی عێراق وەك ناوچەكانی تری دابریندراو لەچوارچێوەی ماددەی 140 نەخشەڕێگای چارەسەركردنی كیشەكانی بۆ دەست نیشانكرا، بەجۆرێك ناوچەكە زۆرترین ژمارەی كوردی تێدایە لەسەرژمێری 1957 ڕێژەی كورد لەم قەزایە زیاتر لە (75%) بووە.

پاش ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەم ناوچەیە كەوتە بەر شاڵاوی داگیركاری حەشدی شەعبیەوە بەڵام بەهۆی بەرگری و بەرخۆدانی پێشمەرگە قەزاكە دابەش بوو هەریەك لەسەنتەری قەزا و ناحیەی قەراج كەوتنە ژێر دەسەلاتی حكومەتی عێراق و گروپەكانی حەشد، بەجۆرێك ئەم بەشەیە بەهەموو شێوەیەك خەلكەكەی دووچاری زوڵم و ستەم بۆنەوە، لەنوێترین كاریشیان دا دژایەتی كردنی جووتیارانی مەخموور بووە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت گەنم و پەینی كیمیایی لەهەرێمی كوردستان بهێنن ئەمە لەڕابردوو دەیان بریاری هاوشێوەی وا هەبووە كە لەبازگەی مەخموور – هەولێر كە لەلایەن (12) هێزی جیاجیا ئیدارەی ئەم بازگەیە دەكرێت بەهەموو شێوەیەك دژی هێنانی كاڵا و كەلوپەلن لەهەولێر بەرەو ئەو ناوچەیە، تەنها بۆ ئەو كەسانە نەبێت كەپارە و سەرانە دەدەن بەبازگەكە بۆ پەرینەوەی شتوومەكەكانیان.

ئەم دژایەتیە كردنەی چینی جووتیاران دەستی لەپشتەوەیە بەجۆرێك دەیانەوێ ئەم ناوچەیە هەروەكو ناوچەكانی داقوق و پەلكانە كشتوكاڵی لی نەكرێت، كوردەكان ناچاربكرین ئەو ناوچانە جێبهێڵن لەبەرئەوەی قەزایەكی وەك مەخموور لەئێستا هەموو زەویە كشتوكالیەكانی پشت بەبیر و ئاوی ژیر زەوی دەبەستن و بۆ ئاودانی زەوییەكانیان دەیان ملیۆن دینارییان لە كارەبا و لیدانی بیر و مەرەشەی ئاودیری سەرف كردووە هەربۆیە ئەگەر بەرهەمی یەك وەرز وەربگرین كەدیاردەی ووشكەسالی بووە نزیكەی (200) هەزار تەن گەنم بەرهەمهاتووە لەم ناوچەیە، بۆیە ئەم شەرە دەروونیە لەلایەن حكومەتی عێراق بەرامبەر دانیشتوانی ئەم ناوچانە دەكرێت تەنها پەیوەستە بە ململانێی نەتەوەیی و گۆرینی دیمۆگرافیای ئەم قەزایە.

ئەوەی ئێستا لەم دەڤەرە دەگوزەرێت دیاردەیەكی ناسروشتی یە بەجۆرێك دەیانەوێت سەبەتەی نانی عێراق خاوەنەكەی لەكوردان وەربگرنەوە بۆ ئەم مەبەستەش دەیان كێشە و گرفتی بۆ دروست بكەن تا خەلكەكە بیزاربن، بۆیە لەسەر حكومەتی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی كوردستان پێویستە زوو بێنە سەرهێل بۆ دانانی سنوورێك لەو جۆرە سیاسەت و ئیستفزازكردنەی حكومەتی عێراق بەرامبەر بەدانیشتوانی ئەو قەزایە، لەبەرئەوەی ئەم قەزایە لەرووی دەستوورییەوە بەناوچەیەكی كێشەلەسەر دانراوە ناكرێت لایەنێك بەتاكڕەوی حوكمی بكات و كەلە بنەڕەتدا خاوەنییشی نەبێ.