لە ساڵی 2024 با خۆڕاگربین

Kurd24

هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە بووەتە ناوچەیەكی ئارام و كۆكەرەوەی هەموو ئازادیخوازانی عێراق و ناوچەكە، بەجۆرێك لەپاش ساڵی (2003) نەخشە ڕێگای بنیادنانی دەوڵەتی عیراق لەم هەرێمەوە كێشرا و بووە چەتری كۆكەرەوەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق و ناوچەكە، ئەمە وێڕای ئەوەی بەئارامترین ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەراست ناوزەند دەكرا لەلایەن ووڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانەوە و لەزۆربەی كێشە و ململانێیەكانی مەزهەبی و سیاسی لەعیراق دەسەلاتدارانی هەرێم لەسەرووی هەموویانەوە (سەرۆك بارزانی) ڕۆڵی میانگێری و لێك نزیكبوونەوەی لایەنە ناكۆكانی دەبینی، سەرەڕای ئەمە لەرووداوەكانی بەهاری عەرەبی و شەڕی داعش هەرێم بووە چەترێك و پەناگەیەك بۆ لێقەوماوان و پەنابەرانی وولاتانی هەرێمی، ئەوسا زۆر هەوڵ درا هەرێمی كوردستان ئەو بارودۆخەی هەیە لەناوی ببەن و ئەمن و ئاسایشی تێك بدەن.

پیلانەكانی وڵاتانی هەرێمی لەسەرووی هەموویانەوە ئێران و گروپە نزیكەكانی لەعێراق نەیانتوانی هەزمی ئەو سەركەوتن و پێشكەوتنانەی هەرێم هەیەتی بیكەن، بۆیە پیلانەكانیان بەم شێوەیە جێ بەجێكرد:

هەنگاوی یەكەم: لەساڵی (2013) یەكەم هەنگاوییان بەبڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان دەستی پێكرد.

هەنگاوی دووەم: لەساڵی (2014) سوپای عیراق بەفەرمانی (نوری مالیكی) زۆربەی پارێزگاكانی سووننەكانی تەسلیم بەداعش كرد و لەپاشان كە بودجە و مووچەی هەرێمیان بڕی لەپاڵ ئەمەش داعش هێرشی كردە سەر ناوچە دابڕێندراوەكان و هەرێم، کاتێ هێزە تیرۆرستەکانى داعش ویستیان کوردستان داگیربکەن و ئەم هەرێمە ئارامە لەناو ببەن سەرەراى بوونى قەیرانى دارایی و برینى مووچە و قوتى خەلک لەلایەن بەغداوە ، بەلام جەماوەرى کوردستان شان بەشانى هێزەکانى پێشمەرگە بە درێژایی (1050 کم) توانیان سنوورى بەرگرى و بەرخۆدان و خۆراگرى و خۆنەچەمێنن دروست بکەن و بەرگرى لە دەزگا شەرعیەکانى ئەم هەرێمە و خەلکەکەى بکەن و ناوچەکە بە ئارامى رابگرن و بە ئارامگەى لێقەوماوان و دەربەدەرەکانى تر بمینێ.

هەنگاوی سێیەم: لەساڵی (2017) سووپای چەند ووڵاتێك و گروپەكانی حەشد و هاوپەیمانەكانی هێرشیان كردە سەر ناوچە دابریندراوەكان و هەرێمی كوردستان، ئامانجی ئەو هیرشكردنە كۆتایی هێنان بوو حكومەتی هەرێم و قەوارەی هەرێم كە لەدەستووری عیراقی دانی پێنراوە، هەرچەندە بەشێك لەناوچە دابرێندراوەكان تەسلیم كرا و بەڵام هێزە شەرعیەكانی پاراستنی حكومەتی هەرێم لە(پردێ، قەرەچووغ، سەحێلا) گەورەترین بەرخۆدان و بەرگرییان تۆماركرد و خەونی نەیارانیان لەگۆڕنا.

هەنگاوی چوارەم: كاتێ ئێران و لایەنە نزیەكانی خۆی هەموو جومگە سەرەكیەكانی وولاتی عیراقیان كەوتە دەستی لەیەكەم هەنگاوییان كۆنترۆلی (دادگای فیدرالی) یان كرد كە لەسەر مەبدەئی تەوافق دامەزرا بوو گۆرییان بۆ مەبدەئی زۆرینە و كەمینە، كە پێكهاتەی شیعە هەژموونی خۆی بەیاسایی كرد و كردیە چەكێك دژی سووننەكان و هەرێم بەكارییان دەهێنن، بەجۆرێك هەموو بریارەكانی دژی هەرێمە ئیستا دەبینین.

هەنگاوی پێنجەم: ئەم هەنگاوەی ئێران و هاوپەیمانەكانی دەمێكە لەناوەخۆی هەرێم جێبەجێان كردووە بەڵام ئەنجامی نەبووە ئەویش ئەنجامدانی خۆپیشاندان و نانەوەی ئاژاوە و پشێوی لەهەرێم بووە، هەموو كات ئەم هەنگاوەیان لەپارێزگای سلێمانی دەست پێ دەكرێت و وەك كارتێكی فشار لەسەر حكومەتی هەرێم بەكاردەهێنن، دەكرێت و ئاساییە داخوازییەكانی خۆپیشاندەران مافی خۆیان و ڕەوا بێت، بەڵام سیاسیەكان بەكارییان دەهێنن بۆ ئەجێندای خۆیان.

هەنگاوی شەشەم: ئێران و گروپە میلیشیاكان دەمێكە لەڕێگەی مووشەك و درۆنەوە هێرش دەكەنە سەر هەرێم بەبیانووی جیاجیا و لاواز، كە تەنها ئامانجیانە ئارامی و سەقامگیری هەرێم تێك بدەن...

ساڵی 2024 پێویستە خۆڕاگربێت

گرنگی و بایەخی و رووداوە هەستیارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وادەخوازێت حكومەتی هەرێم و كوردستانیان بەرگەی نەهامەتی و ناخۆشییەكانی ئەم ساڵە بگرن، هەر لەسەرەتای شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئیدارەی (جۆ بایدن) هەوڵی كۆنترۆلكردنی سنووری شەڕەكەی دا لەسەرەتادا ئەو ستراتیژەی بایدن بووە خالی ناكۆك لەگەل ئیسرائیل، چونكە ئیسرائیلیەكان لەگەل فراوانكردنی بەرەی جەنگ بوون بەلام ئەمەریكیەكان و بەتایبەتی ئیدارەی بایدن لەگەل سنوورداركردنی شەرەكەیە، بەجۆرێك دەبینین ڕۆژانە لەعیراق و سووریا و یەمەن هێرش دەكرێتە سەر بنكە و هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لەلایەن ئێران و گروپەكانی خۆی لەم وولاتانەدا، لەبەرامبەردا ئەمەریكا تەنها لەحاڵەتی بەرگری كردن لەخۆی وەستاوە و وەلامدانەوەكەشی ئەو كاریگەرییە سەربازییەی نیە لەسەر ئەم هێزانە، چونكە ئیدارەی (بایدن) لەمانگی 10ی سالی 2024  كۆتایی دێت، مەبەستیانە ئەم ماوەیەش ئەو ستراتیژە پەیرەو بكەن كە بریتیە لەفراوان نەكردنی بەرەی جەنگی (رووسی و ئۆكرانی) و(ئیسرائیلی و فەلەستینی) بۆناوچەكانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست، لەحالەتی بەرگری دەبن.

ئەم ستراتیژەی ئەمەریكا لەلایەن ئیران و هاوپەمانەكانییەوە بەهەل دەزاندرێت گورزی كوشندەیان لێ بدرێت، لەهەمان كاتیشدا ئێرانیەكان باش لەوە تێگەیشتوون ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا لەساڵی (2025) جیاواز دەبێ لەگەل ئەوەی ئێستا و لەبەرژەوەندی ئێران و هەژموونەكەی نابێت.

لەم نیوەندەش هەرێم لەرابردوو ڕووبەرووی ئەم هەموو پیلانانە بۆتەوە، كەئێستا ئیران و هاوپەیمانانی لەعیراق لە (2024) ئەو بابەتانە وەك كارت دژی هەرێم پێكەوە بەكاردەهێنن وەك كارتی (دادگای فیدرالی، بودجە و مووچە، لێدانی مووشەك و درۆن، خۆپیشاندان، دەست تێوەردان لەهەلبژاردنی هەرێم)، ئەوەی پێشبینی دەكرێت ئەم كارتانە بەیەكەوە بەكاربهێنن بۆ كۆتایی هێنان بەقەوارەی هەرێم، پێویستە حكومەتی هەرێم خۆراگری ئەوجارە جیاواز دەبێت ئەوەی لە (10) ساڵی رابردوو بەرامبەر بە هەرێم بەكاریان هیناوە، ئەوساڵ هەمووی لەیەك سالدا بەكاردەهێنن.

ئێران ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئیستفزازكردنی ئەمەریكا لەناوچەكە و لەبەرژەوەندییان بدرێت بەبەردەوامی لەوانەیە ئەو ئیدارەیەی ئەمەریكا بەناچاری بەرەی جەنگ فراوان بكەن، هەرچەندە ئەستەمە ئەمەریكا ئەو بریارە بدات و پیچەوانەی ستراتیژی خۆیان كار بكەن بەلام بەناچاری بەشیوەی سنووردار كارەكە ئەنجام دەدەن.  

ئەوەی پێویستە بۆ هەرێمی كوردستان كەلەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا هەژماردەكرێت و حكومەتی هەرێم بەهاوپەیمانێكی ستراتیژی دادەنرێت بۆ ئەمەریكا لەناوچەكە، هەربۆیە هێزی پێشمەرگە بەهێزێكی نزیك لەخۆیان هەژماری دەكەن و بودجە و هاوكاری و پێدانی چەك و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنانیان پێدەكەن، دەتوانین لەپاش 2003 تاوەكو ئێستا تاكە دەستكەوتی ئیدارەی ئەمەریكا لەعیراق مانەوەی پێكهاتەی كوردە وەك هاوپەیمان و دۆستی وولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دادەنرێت، بۆیە دەبێت سیاسەتی هەرێم لەگەل بەرژەوەندی یەكانی ئەمەریكا بێت، بەدڵنیاییەوە بەدەربازبوونی هەرێمی كوردستان لەسالی 2024 لەم هەموو قەیرانانە سەركەوتنی یەكجارەكی بەدواوە دەبێت.