هەڵبژاردنێكی هاككراو

Kurd24

هەڵبژاردن یەكێكە لەسیماكانی پڕۆسەی دیموكراسی لەهەموو كۆمەڵگایەك بۆ دەستاو و دەستكردنی دەسەڵات و گەیشتن بەهەرەمی حكومڕانی هەر ووڵاتێك، بەڵام ئەم پرەنسیپە خەریكە لە عێراق پێچەوانەوە ببێتەوە، بە جۆرێك ئەم مۆدێلە لەپاش هەڵبژاردنەكانی (2018) بۆ پەرلەمانی عیراق ڕوویدا و زۆربەی ئامێرەكانی هەڵبژاردن لەلایەن وڵاتێکی هەرێمی بو بەرژەوەندی هێزە نزیكەكانی خۆی هاككرا و ئەنجامەكان یاری پێ كرا، ئەمەش درێژەی كێشا تا دواین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كە گروپەكانی حەشد یەكەم بوون.

كەواتە دەگەینە ئەو خاڵە كەوەك لە عەرەبی گۆتەنی (ما بني على باطل فهو باطل) واتە ئەم پڕۆسەیە هەر لەسەرەتاوە بەم شێوەیە سیناریۆی بۆ دارێژراوە كە دەكرێت لەم خاڵانە پوختی بكەینەوە:

یەكەم: پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە زەمینەیەك سازكراوە بەهەر جۆرێك بێت دەبێت هێزی یەكەمی هەرێم كە پارتی دیموكراتی كوردستانە بە جۆرێك لاواز بكرێت هیچ كاریگەریەكی بەسەر بریارە چارەنووسازەكاندا نەمینێ، چونكە ئەگەر سەیری پیلانەكان بكەین دەبینرێت ئەو دامەزراوە گرنگەی كە (پۆل بریمەر) لەژێر ناوی (دادگای فیدراڵی)  لەسەر مەبدەئی تەوافق دایمەزراند، دواجار شیعەکان ئەم دامەزراوەشیان كۆنترۆڵكرد، بەجۆرێك وایان كرد بڕیارەکانى ئەم دادگایە بە مەبدەئی (زۆرینە و کەمینە ) بێت، لە ئێستادا بڕیارەكانی ئەم دادگایە بۆتە مۆدێلێكی نامۆی حكومڕانی لە عێراق كە شوێنی (پەرلەمان و حكومەتی) گرتۆتەوە، بۆ نموونە دابەشكردنی كورسی پەرلەمان و نەهێشتنی كورسی كۆتاكان هیچ كاری ئەو دامەزراوەیە نییە، كەواتە لەمەودوا ئێران دەستێوەردانەكانی لەڕێگەی ئەم دادگایەوە دەبێت بۆ هەموو كەیسەكان.

دووەم: ئەگەر سەیری هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بكەین، هەموویان كۆكن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەژێر چاودێری و هەژموونی وڵاتیکی هەرێمی بێت جگە لە پارتی نەبێت، ئەوە لەبیرنەكەین هەموو لایەنەكان لە هەڵبژاردنی رابردوو كۆی گشتی كورسییەكانیان بەقەد كورسییەكانی پارتی نەبووە، لە ئێستاش دڵنیابوونە كە جارێكی تر پارتی هەر یەكەمە بۆیە هەموویان چوونەتە بەرەیه‌يه‌ك بە ئاوازی جیاجیا دەخوێنن و هەموو كارێك دژ بەحكوومەتی هەرێم دەكەن لە ڕێگەی حكومەتی عێراقی و دادگای فیدراڵییەوە بۆ لاوازكردنی  پێگەی هەرێم.

سێیەم: شێوازی دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر چوار بازنە، خۆی لەخۆی دا ئامادەسازییەكە بۆ پێدانی زۆرترین كورسی بە یەكێتی نیشتمانی لە هەردوو بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە، لەبەرامبەردا لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنە ساختەكانی ئەو زۆنە لەبەرامبەر ساختەكردنی دەنگەكان و هاككردنی ئەنجامەكان دەبێت بێ دەنگ بن، بەڵكو ئامانج و پیلانی وڵاتێکی هەرێمییه‌ ئەمجارە چەقی ململانێیەكان بخاتە هەردوو بازنەی هەولێر و دهۆك زۆرترین رەخنەی لایەنەكان بكەوێتە ئەم دوو بازنەیە، بەڵگەش بۆ ئەمە بەگوێرەی داتاكان زیاتر لە (320 هەزار) دەنگدەری ئەم دوو بازنەیە پەنجە مۆریان ناخوێندرێتەوە، ئەوەش ڕوونە كە پیلانێكی پێشوەختە هەیە بۆ بوونی ساختە و دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكاندا.

چوارەم: ئەگەر سەیری لایەنە سیاسییەكانی وەك (یەكێتی و نەوەی نوێ) بكەین لەهەموو هێزێك زیاتر ڕژدن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، كەچی یەكێتی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو خاوەن (18) كورسی بوو لە كاتێك ئەم حزبە گرنگترین سەركردەی وەك (لاهور شیخ جەنگی) لی جیابۆتەوە و خاوەن لیستی خۆیەتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە و لەملاوەشەوە نەوەی نوێ چەند مانگ پێش ئێستا لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دووچاری گەورەترین شكست بوون، ڕشت بوونی ئەم دوو هێزە بەم شیوەیە ئەگەر دڵنیایی یان پێ نەدرابی چۆن ئاوا ڕشتن و هەروەها هێزەكانی تریش خزمەت بەو پیلانە دەكەن.

پێنجەم: ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن كۆمیسیۆنی عیراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت ئەوەش ڕوونە هەتا بۆیان بكرێت خزمەت بەئەجێندای وڵاتیکی هەرێمی دەكەن هەرلەسەرەتاوە هەموو شتێك دەكەن بۆ ئەوەی ئەم پیلانە سەربكەوێت، ئەگەر هاتوو لەپاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانیش ئەنجامەكان بەدڵی ئه‌و وڵاته نەبێت جارێكی دیكه‌ لەڕێگەی دادگاوە دەستێوەردان لەئەنجامەكان دەكەن ، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی (2021) پارتی بووە خاوەن (33) كورسی بەڵام دوای ئەوەی یەكێتی تانەی لێدا وڵاتێکی هەرێمی دوو كورسیان لەپارتی ستاندەوە بوونە (31) كورسی، كەواتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەر لەسەرەتاوە تا كۆتایی ئەنجامەكانیشی لەكەشوهەوایەكی گوماناوی گوزەر دەكات.

كەواتە بۆمان دەركەوت پرۆسەكە جێگای گومانە بۆیە پارتی بۆی دەركەوتووە كە ئەم هەڵبژاردنە هاككراوە بۆیە بایكۆت كردنەكەی باشترین بریارە لە ئێستادا، و  بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەهەمبەر هەڵبژاردنەكاندا لەسیناریۆ و دەرهێنانی وڵاتێکی هەرێمی بەبێ شك و گومان و مەبەست و ئەجێنداكانی ڕوونە.