دادگه‌ی فیدراڵی و هه‌ڵبژاردنی كوردستان
به‌پێی ئه‌و واده‌یه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان دیاریكردووه، كه‌متر له دوو مانگی ماوه و دانیشتنی دادگه‌ی فیدراڵیی عێراقیش سه‌باره‌ت به یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ 21/1/2024 دواخرا‌وه. گریمان دادگه‌ی فیدراڵی بڕیاری كۆتایی سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن ده‌ركرد، به‌هۆیه‌وه گرفتێكی گه‌وره بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دروست ده‌بێت، چونكه كۆمیسیۆن له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاره‌كه ڕێوشوێنی نوێ ده‌گرێته‌به‌ر و به ماوه‌ی مانگێكیش زه‌حمه‌ته بتوانێت ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكات.
هه‌ر خۆی هه‌ڵبژاردنی كوردستان دواكه‌وتووه و دادگه‌ی فیدراڵیش درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه، له‌و دۆخه‌دا، عێراق ئه‌گه‌ر نیه‌تی خراپ نییه، ده‌بوو ئاسانكاریی پێویست بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت به ئه‌نقه‌ست ده‌یه‌وێت گرفت بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی كوردستان دروست بكات، ئه‌مه‌یش ئامانجێكی سیاسی و مه‌به‌ستداره بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ونه بۆشایی یاسایییه‌وه و پاشانیش به‌غدا وه‌ك كارتێكی سیاسی له دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كار بهێنێت.
بابه‌تی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كرا بۆ خوله‌كانی تری هه‌ڵبژاردن وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بخرێته به‌رده‌م په‌رله‌مان و كۆمیسۆنی نوێی هه‌ڵبژاردنه‌وه و ڕێككه‌وتنی حیزبه سیاسییه‌كانی و پێكهاته‌كانیشی له‌سه‌ر بێت، به‌ڵام كاتێك به‌غدا ده‌زانێت ئه‌و بابه‌ته گرفتی له‌سه‌ر هه‌یه، له‌بری چاره‌سه‌ركردن و بڕیارێك گونجاو بدات، كاتی هه‌ڵبژاردن ده‌كوژێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه گومان ده‌كرێت كه به‌غدا نیازی باش نه‌بێت و شه‌ڕێكی سیاسی له به‌رگی یاساوه به هه‌رێمی كوردستان بفرۆشێت و تێكه‌ڵ به كه‌یسه‌كانی دیكه‌ی كردووه!
هه‌رێمی كوردستان هه‌رچیه‌ك ده‌كات و كام میكانیزمی یاسایی و سیاسی به‌كار ده‌هێنێت، ڕه‌نگه كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه بتوانێت له‌و واده‌یه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردن دیاریكراوه، پرۆسه‌كه به‌ڕێوه ببات، ئه‌وه یه‌كێكه له ده‌رچه و ده‌روازه هه‌ره گرنگه‌كانی بووژانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و دڵخۆشكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به دیاریكراوی ئه‌مه‌ریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به‌وپێیه‌ی ئه‌وان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌نه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌وه زیاتر، له سوودی به‌غدا و به زیانی هه‌رێم و سه‌رجه‌م حیزبه سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌وێته‌وه و پرسیار له‌سه‌ر دیموكراسیبوونی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زۆر جار جیاكاری له‌نێوان عێراق و كوردستاندا له‌ڕووی دیموكراسییه‌وه ده‌كه‌ن و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك نموونه‌یه‌كی باشتر له عێراق ده‌هێننه‌وه له جێبه‌جێكردنی بنه‌ماكانی دیموكراسیه‌ت سه‌ره‌ڕای هه‌رچی سه‌رنجه‌كانیان.
به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی مێژووییه بۆ سه‌رجه‌م حیزبه‌كانی كوردستان به‌وپه‌ڕی بوێری و دڵسۆزییه‌وه ژینگه‌یه‌كی گونجاو بۆ هه‌ڵبژاردن بڕه‌خسێنن و به‌ره‌و پرۆسه‌كه بچن، ته‌نانه‌ت له ئاستی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی به‌غداشدا هه‌ڵوێستییان هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی دادگه‌ی فیدراڵی هێنده‌ی سیاسین، كه‌متر یاسایین و شه‌ڕفرۆشتنن به پێگه و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان. له عێراقدا سه‌دان كێشه‌ی گه‌وره‌ی سیاسی و یاسایی هه‌ن، دادگه‌ی فیدراڵی له ئاستیاندا بێهه‌ڵوێسته، كه‌چی هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌سه‌ر پرسێكی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه و بڕیار ده‌دات و ده‌یه‌وێت گرفت بۆ پێگه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان دروست بكات، گرفتێك دواجار سه‌رجه‌م حیزبه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان به‌یه‌كه‌وه لێی زیانمه‌ند ده‌بن.