مۆدێلی نوێی هه‌ڕه‌شه‌كان
له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، ته‌نیا له عێراق و سووریا به تایبه‌تی له ناوچه جیاوازه‌كانی عێراقدا، نزیكه‌ی 200 هێرشی درۆنی و مووشه‌كی كراونه‌ته سه‌ر بنكه سه‌ربازی و راویژكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
ئه‌گه‌رچی واشنتن هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه هه‌بووه، به‌ڵام هیچیان هێنده‌ی هێرشه‌كه‌ی سنووری عێراق و ئوردن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌روونی ئه‌مه‌ریكا دروست نه‌كرد كه به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی كوژران و برینداربوون، ئه‌مه‌ش وه‌ك قۆناغێكی تری گه‌شه‌سه‌ندنی هێرشی گرووپه چه‌كدارییه‌كان بۆ سه‌ر ئامانجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئێران له ئیداره‌دانی گرووپه چه‌كدارییه میلیشیاییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، ده‌ستێكی باڵای هه‌یه و به‌رده‌وام پاڵپشتیی ماددی و سه‌ربازی و سیاسی‌یان ده‌كات، له‌وه‌دا چه‌ند ئاماجێكی هه‌یه، وه‌ك دوورخستنه‌وه‌ی فۆكه‌سی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ره‌وشی ناوخۆی تاران بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به ناڕه‌زاییه‌كانی هاووڵاتییانی ئێرانی بگرێت، ئه‌و ترسه‌ی تاران، هه‌مان ترسی پێش رووخاندنی رژێمه‌كه‌ی سه‌ددام حوسێنه، كاتێك ئه‌مه‌ریكا بۆ تێكشكاندنی سه‌ددام سیاسه‌تێكی ئه‌وتۆی په‌یڕه‌و كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پاساوی جۆراوجۆری بۆ رووخاندنی رژێمه‌كه دروستكرد، هاوكات عێراقییه‌كانی هاندا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناوخۆدا هاووڵاتییانی عێراق تامه‌زرۆی رووخاندنی رژێمی سه‌ددام بن، پاشان به هێرشی سه‌ربازی و به پاڵپشتیی هێزی پێشمه‌رگه، په‌یكه‌ره سیاسی و سه‌ربازییه‌كه‌ی سه‌ددام حوسێن رووخێندرا.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئێران ده‌یه‌وێت به‌و هێرشانه‌ی كارێك بكات جۆرێك گۆڕانكاری له روانگه و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ست به تاران رووبدات و واشنتن هه‌ندێك نه‌رمی به‌رانبه‌ر تاران بنوێنێت و گوشاره سیاسی و ئابوورییه‌كانی كه‌م بكاته‌وه، ئه‌وه‌یان دووره له واقیع، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ئێران به ته‌واوه‌تی خۆی راده‌ستی ئه‌مه‌ریكا نه‌كات، ئه‌و ئامانجه‌ی تاران به‌دینایه‌ت. ئه‌وه‌تا جۆ بایدن له په‌یوه‌ست به هێرشه‌كه‌ی سنووری ئوردن و عێراق، جه‌ختی كرده‌وه هێرشه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپانه‌وه ئه‌نجامدراوه كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه سه‌پۆرت ده‌كرێن و هۆشداری ئه‌وه‌شی دا ئه‌وانه‌ی هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه، سزا ده‌درێن.
ئێران به پاڵپشتیكردنی ئه‌و گرووپانه ده‌یه‌وێت له ناوچه‌كه‌دا خۆی وه‌ك ئایكۆنێكی گرنگی نێوده‌وڵه‌تی له‌ڕووی چه‌كدارییه‌وه نیشان بدات به‌وه‌ی ده‌توانێت به تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا رۆڵی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر پێكی نه‌كه‌ن، گرفت و ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی و ئه‌منی دروست بكات، هه‌موو ئه‌وه‌شی بۆ ئه‌وه‌یه، بیگه‌ڕێننه‌وه سه‌ر مێزی دانووستاندن به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی ئێران خه‌ریكه وڵاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك عێراقیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به‌كار ده‌هێنێت، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا خوێن و خه‌رجییه‌كی زۆری له رزگاركردنیدا رشت و خه‌رجكرد، ئه‌نجامه‌كه‌ی ئێران لێی سوودمه‌ند بووه به به‌كارهێنانی هه‌ندێك گرووپی سیاسی و چه‌كداری شیعه‌ی نزیك له تاران كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر سیاسه‌تی به‌غدا هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئێستا ئه‌و گرووپانه داوای ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌كه‌ن.
لێره‌دا گرنگه باسی هێرشه درۆنی و مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر ساری هه‌ولێریش بكه‌ین، به‌ئامانجگرتنی هه‌ولێر چه‌ند ره‌هه‌ندێكی هه‌یه، یه‌كه‌میان لێدانه له ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی پاڵپشتییه‌كانی بۆ هه‌ولێر كه‌م بكاته‌وه، دووه‌میان به ئامانجگرتنی خودی پێگه‌ی هه‌ولێره بۆ ئه‌وه‌ی چیتر رێگه‌ی جۆراوجۆر بۆ به‌هێزبوونی خۆی نه‌گرێته‌به‌ر و ده‌سته‌مۆی ئێران و به‌غدا ببێت و هه‌ژموونی گرووپه چه‌كدارییه‌كانی نزیك له تاران و به‌غدا قبووڵ بكات، ئه‌و گرووپانه‌ش به ئاشكرا دژایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یان بۆ كورد قورسه، سه‌رباری گله‌یی و نیگه‌رانییه‌كان، ئه‌مه‌ریكا رۆڵێكی باڵای له پاراستنی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه و هه‌ولێریش به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت كارێك بكات ئه‌و پشتیوانییه گه‌وره‌یه‌ی واشنتن له‌ده‌ست بدات، بۆیه زوو زوو هێرشی درۆنی و مووشه‌كی ده‌كرێته سه‌ر هه‌ولێر.
خاڵێكی دیكه زۆر گرنگه هه‌مووان فۆكه‌سی بخه‌نه سه‌ر، ئه‌ویش لێدانه به‌رده‌وامه‌كانه له په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و بووژانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه ساڵانی پێش 2013 ده‌ستیپێكرد و به‌هۆیه‌وه كوردستان بووژانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه دیت، دواتر گرفتی هه‌ناردنی بودجه و مووچه‌یان بۆ كوردستان دروستكرد و شه‌ڕی داعشی هاته سه‌ر، له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 یشه‌وه، جگه له رووه سیاسییه‌كه‌ی، ئابووریی كوردستان به‌ئامانج گیرا و سه‌دان گرفتی گه‌وره‌یان بو هه‌ولێر دروستكرد، ئێستاش به راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت و بڕینی بودجه و ده‌ركردنی یاسای بودجه به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌یان بۆمبی بۆ هه‌ولێر تێدایه، واته به پرۆژه دژایه‌تیكردنی كوردستان ده‌كرێت، دادگه‌ی فیدراڵیش چه‌ندان بڕیاری له دژی كوردستان ده‌ركردووه، ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه سیاسی و یاساییه‌كانی كوردستانیش به‌ئامانجگیراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌غدا به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت هه‌نگاوی كرداری بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا بنێت، سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه، ئێستا هه‌ولێر له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كدارییه نایاساییه‌كانه‌وه به‌ئامانجگیراوه، هه‌موو ئه‌وانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ره‌هه‌ندی سیاسی‌یان هه‌یه، ره‌هه‌ندێكی گه‌وره‌ی ئابووریشیان هه‌یه و ده‌یانه‌وێت پێگه‌ی كورد لاواز بكه‌ن و ئابوورییه‌كه‌ی تێكبشكێنن.
وه‌ك ده‌بینرێت مۆدێلی هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییه‌كان بۆ سه‌ر وڵاتان و ئامانجه‌كان جۆرێك گۆڕانكاری نوێی به‌خۆیه‌وه دیوه، ئه‌گه‌ر جاران كه‌سێك به پشتێنی بۆمبڕێژكراوه‌وه خۆی ده‌گه‌یانده ئامانجێك و به خۆته‌قاندنه‌وه‌ی، زیانی له باره‌گه‌یه‌ك یان هاووڵاتییان ده‌دا، ئێستا ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه مۆدێلێكی نوێی وه‌رگرتووه، بووه‌ته هێرشی درۆنی، به‌مه‌ش شێوازی به‌رگریكردن و پاراستنی ئه‌منیه‌تی شاره‌كان و وڵاته‌كان له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریدایه. هه‌ولێریش ده‌بێت ئه‌و راستییه قبووڵ بكات كه له‌نێو زۆنی هێرشی درۆنه‌كاندایه و پێویستی به شێوازی به‌رگریكردنی نوێ هه‌یه، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه له‌سه‌ر زه‌وی ده‌توانێت به‌ر به تانكی میلیشیاكان بگرێت، ده‌بێت به هه‌مان شێوه‌ش به میكانیزمی نوێ به‌ر به درۆنه‌كانیش بگیرێت، وه‌ك گوتمان مۆدێله‌كه گۆڕاوه و پێویستی به پاڵپشتیی ئه‌مه‌ریكا و هاویمانان و مه‌شقكردن له‌سه‌ر چۆنێتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشی درۆنه‌كان ده‌بێت، چونكه هێرشی درۆنه‌كان له یه‌ككاتدا ئامانجی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری و لاوازكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان له‌پشته‌وه‌یه، هه‌تا هه‌ولێر ئه‌كته‌رێكی سیاسیی ناوچه‌یی بێت، هێرشه‌كانیان به‌رده‌وامیان ده‌بێت، كه‌وایه وه‌ك چۆن سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه توندوتۆڵ كراون، میكانیزمی توندوتۆڵ بۆ هێرشی درۆنه‌كانیش ده‌توانێت به‌ر به هێرشه‌كان بگرێت.