ناوی شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی وه‌ك سێمبۆڵێك له لای خه‌ڵكی گوندی باغه‌مره و گونده‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر
له ڕێككه‌وتی 14ـی كانوونی یه‌كه‌می 1914 دوای له سێداره‌دانی شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه، شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا جێگای برا گه‌وره‌كه‌ی گرته‌وه و بووه ڕێبه‌ری ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ناوچه‌ی بارزان. لە ساڵی 1919ـدا لە دژی بەریتانییە داگیرکەرەکان دەستی بە شۆڕش کردووە و سەردانی دەڤەری بازیانی کردووە بۆ پاڵپشتیكردن لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید سوپایەک لە چەکدارە بارزانییەکانی پێك هێناوه و بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی ڕەوانەی سلێمانی دەکات و نامەیەکیش بۆ شێخەکانی بادینان دەنێرێت و خەڵک و چەکدار کۆ دەکاتەوە بۆ پشتیوانیكردن له شێخ مەحموود، ئه‌م هه‌نگاو و هه‌ڵوێسته‌یشی بەزاندنی سنووری عەشایه‌ری و ناوچەگەری بوو و دەسپێکێکی جددی بوو بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی نەتەوایەتی.
شێخ ئه‌حمه‌د دوای خه‌باتێكی دوورودرێژی سیاسی، ئایینی، نه‌ته‌وایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی له 11ـی كانوونی دووه‌می 1969 كۆچی دوایی كرد. ناوی شێخ ئه‌حمه‌د هه‌ر زوو له لای خه‌ڵك و دانیشتووانی گونده‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر به‌تایبه‌تی له سنووره‌كانی بێستانه، موورتكه، سه‌رمه‌زرا، باغه‌مره (ئه‌فه‌ندی و شه‌هاب)، داره‌توو، كونه‌گورگ، بنه‌سڵاوه، گه‌ڕه‌سۆر، باداوه، قه‌ره‌چناغه و گرده‌ڕه‌شه (گه‌وره و بچووك) و چه‌ندانی دیكه، ناوێكی ناسراو و خۆشویستراو بوو و خه‌ڵك به‌هۆی خۆشه‌ویستییه‌كه‌یه‌وه منداڵه‌كانیان به ناوی ئه‌و ناو ده‌نا.
گونده‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر یان ده‌شتی دزه‌ییاتی به درێژایی مێژووی كۆنیان خاوه‌ن چه‌ندان نه‌ریت و به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی بوون و یه‌كێك له‌و نه‌ریت و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یان میوانداریكردن و له‌خۆگرتنی كه‌سانی لایده، لێقه‌وماو و بێنه‌وا بووه. گوندی باغه‌مره براگه‌وره‌یه‌كی هه‌بووه به ناوی محه‌مه‌دشه‌ریف حوسێن كه له هه‌مان كاتدا كوێخای گوند و بڕیاربه‌ده‌ست بووه و هه‌مووان به‌هۆی ئه‌و پێگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی هه‌یبووه، له ده‌وری كۆ بوونه‌ته‌وه و گوێڕایه‌ڵییان له هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانی كردووه، ڕوونیشه هه‌ر هه‌ڵوێست و بڕیارێكیشی نیشاندابێ و ده‌ركردبێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مووان بووه، نه‌خاسمه كه زۆربه‌ی دانیشتووانی گونده‌كه خزم و كه‌سانی خۆی بوونه به تایبه‌تی به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێنج هاوسه‌ری هه‌بووه و كوڕ و كچ و نه‌وه‌كانی لق‌وپۆپی زۆر و به‌ربڵاویان لێ بووه‌ته‌وه، كه له هه‌مان كاتدا برا و ئامۆزا و خزمانی دیكه‌یشی له گونده‌كه نیشته‌جێ بوون و تا ڕاده‌یه‌ك هه‌مووان خاوه‌نی دیدگه و دنیابینییه‌كی هاوبه‌ش بوون، به تایبه‌تی به‌رانبه‌ر به پرسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
دوای ئه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و هاوه‌ڵانی له ساڵی 1947 خۆیان گه‌یانده یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، حكوومه‌تی ئێران به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق خانه‌واده‌ی بارزانییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان گه‌ڕانده‌وه عێراق. دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق ئه‌وانی له‌سه‌ر سنوور وه‌رگرتووه، به‌شێكیانی بۆ خوارووی عێراق دوورخسته‌وه و به‌شێكیانیشی له هه‌ولێر و پیرمام و ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر و گونده‌كانی دزه‌ییان جێگیر كرد، كه یه‌كێك له‌وانه گوندی باغه‌مره بوو و له پاڵ گونده‌كانی موورتكه و بنه‌سڵاوه چه‌ند خانه‌واده‌یه‌كی بارزانییه‌كانیانیان له خۆ گرت.
حكوومه‌تی عێراق ئامانجی بوو له ڕێگه‌ی پیاده‌كردنی سیاسه‌تی په‌رت كه و زاڵ به (divide et impera) یان دابه‌ش بكه و حوكم بكه (Divide and rule) بارزانییه‌كان له یه‌كدی دوور بخاته‌وه و په‌رته‌وازه‌یان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگه‌داری سۆراغی یه‌كدی نه‌بن و پێوه‌ندییه‌كانیان بپچڕێ و نه‌توانن بیر له شۆڕش بكه‌نه‌وه. ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حكوومه‌تی عێراق به‌رانبه‌ر به بارزانییه‌كان پیاده‌ی ده‌كرد به هه‌مان شێوه حكوومه‌تی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت-ـیش كه ئه‌و كات جۆزێف ستالین (Joseph Stalin 1878 - 1953 ) سه‌رۆك بوو، هه‌مان ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی به‌رانبه‌ر به مسته‌فا بارزانی و هاوه‌ڵه په‌ناخوازه‌كانی ده‌كرد كه خۆیان گه‌یاندبووه ئه‌و وڵاته و گرووپ گرووپ له ناو چه‌ندان كه‌مپدا كۆ كرابوونه‌وه، ته‌نانه‌ت هیچ گرووپێك كه ژماره‌یان له نێوان 15 – 20 كه‌سدا بوو، ئاگه‌داری گرووپی كامپه‌كه‌ی دیكه نه‌بوو، به‌ڵكوو نه‌یانده‌زانی چاره‌نووسی مسته‌فا بارزانی چی به‌سه‌ر هاتووه؟ كه ئه‌مه‌یش نیگه‌رانیی كردبوون و ناوه ناوه هه‌ڵوێستیان وه‌رده‌گرت و مانگرتنیان ڕاده‌گه‌یاند! به‌م شێوه‌یه له یه‌ك كاتدا هه‌موو بارزانییه‌كان له عێراق و یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا ڕووبه‌ڕووی سزادان و دوورخستنه‌وه و په‌رته‌وازه‌یی بووبوونه‌وه.
ناسینی بارزانییه‌كان و شۆڕشه‌كه‌یان له لایه‌ن باغه‌مره‌ییه‌كانه‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه كاتێك مسته‌فا بارزانی له‌و ماوه‌یه‌دا دوو جار سه‌ردانی گوندی موورتكه‌ی كردبوو و له گه‌ڕانه‌وه‌یدا به باغه‌مره‌دا تێپه‌ڕی بوو. ڕۆڵی عه‌لی ئاغا مه‌حموود كاكه‌خان له لایه‌ك و مه‌لا خالید عه‌زیز موورتكه‌یی (1910 - 1981) له لایه‌كی دیكه‌وه دیار بوو له قووڵكردنه‌وه‌ی ناساندنی بارزانییه‌كان و شۆڕشه‌كه‌یان له ناوچه‌ی ده‌شتی هه‌ولێر و به شێك له خه‌ڵكی گوندی باغه‌مره و بنه‌ماڵه‌ی یووسف ئه‌حمه‌د (مام وسوو) باوكی عه‌ریف عوسمان، كه پێ ده‌چێت له قۆناغه‌كانی دواییدا ئه‌م پێوه‌ندیی خزمایه‌تیی و لێكنزیكییه‌ی نێوان ماڵی مه‌لا خالید و مام وسوو بای خۆی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ریف عوسمان دروست كردبێ، به تایبه‌ت مه‌لا خالید عه‌زیز پاشخانێكی مێژوویی له كاروباری سیاسی‌دا هه‌بووه و له كادیرانی حزبی هیوای كورد و دۆستی نزیكی بنه‌ماڵه‌ی شێخانی نه‌قشبه‌ندیی ته‌كیه‌ی بارزان بووه، كه هه‌ر له ژێر كاریگه‌ربوونی به شێخانی نه‌قشبه‌ندی ته‌كیه‌ی بارزان و كه‌وتنه ژێر سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ مسته‌فا بارزانی نه‌خاسمه كاتێك له 1944ـدا سه‌ردانی موورتكه‌ی كرد، ئه‌و كات كوڕێكیان له دایك بوو و ناوی نا (بارزان). به‌م شێوه‌یه ڕوون ده‌بێته‌وه ناوی بارزان و مسته‌فا بارزانی و شێخانی بارزان و شۆڕشی بارزان له لای خه‌ڵكی گونده‌كانی موورتكه، باغه‌مره، داره‌توو، كونه‌گورگ، بنه‌سڵاوه، قه‌ره‌چناغه و گه‌ڕه‌سۆر و گونده‌كانی دیكه‌ی ده‌وروبه‌ریان ناوێكی نه‌ناسراو و نامۆ نه‌بووه، به‌ڵكوو بۆ له‌مه‌ودوا ئاشنایه‌تی و ناسینی بارزانییه‌كان له گوندی باغه‌مره و ئه‌و گوندانه زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی عه‌لی ئاغا چه‌ندان گوندی پشتڕێی له به‌ر ده‌ستدا بوو و به‌سه‌ریاندا ده‌ستڕۆیشتوو بوو، ئه‌و بارزانییانه‌ی له گونده‌كانی ئه‌و سنووره نیشته‌جێ كران كه ڕه‌نگه ژماره‌یان پێنج هه‌زار بووبێ، له لایه‌ن ئه‌وه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كران و به‌سه‌ر گونده‌كاندا دابه‌ش ده‌كران. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سێ ماڵ و خانه‌واده‌ی بارزانییه‌كان ڕه‌وانه‌ی گوندی باغه‌مره كران و به‌سه‌ر ماڵه‌كانی یووسف ئه‌حمه‌د (مام وسوو)، حاجی سه‌عید حوسێن، ئه‌حمه‌د سلێمان (مام شینه) دابه‌ش كران. باغه‌مره‌ییه‌كان هه‌مووان به‌بێ جیاوازی به په‌رۆشه‌وه پێشوازیان له خانه‌واده‌ی بارزانییه‌كان كرد و ده‌رگه‌ی ماڵه‌كانیان بۆ كۆ كردنه‌وه و ده‌ستی هاوكاریان بۆ درێژ كردن و په‌یتا په‌یتا بۆ دڵنه‌واییكردنیان سه‌ردانیان ده‌كردن و له سه‌ره‌تادا هه‌ر ڕۆژه و له ماڵێكدا میوان ده‌بوون و خزمه‌ت ده‌كران.
مامۆستا مه‌لا سه‌عید مه‌لا مسته‌فا نانه‌كه‌لی له‌و نێوه‌نده‌دا ڕۆڵی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی نیشان دا و له ژێر ڕۆشنایی چه‌ندان ئایه‌تی قورئانی پیرۆز و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) هانی خه‌ڵكی باغه‌مره‌ی دا بۆ ئه‌وه‌ی برایه‌تی له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی بارزانییه‌كان بكه‌ن و ڕێگه نه‌ده‌ن كه‌موكوڕیان هه‌بێ و هه‌ست به لایده‌یی و ئاواره‌یی بكه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له گوتار و ئامۆژگارییه‌كانیدا ئاماژه‌ی به برایه‌تی نێوان موسڵمانه كۆچبه‌ره‌كانی مه‌ككه و موسڵمانه پشتیوانه‌كانی مه‌دینه كرد كاتێك هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) شاره‌كه‌یان به‌جێهێشت و ڕوویان له مه‌دینه كرد و خه‌ڵكه‌كه‌ی پێشوازیان لێ كردن و برایه‌تی و ته‌باییان له‌گه‌ڵدا كردن. مامۆستا مه‌لا سه‌عید هانی باغه‌مره‌ییه‌كانی دا بۆ چاكه له‌گه‌ڵ بارزانییه‌كان بكه‌ن و هاوكارییه‌كانیان بۆ كۆ بكه‌نه‌وه و ڕێگه نه‌ده‌ن له هیچ پێویستی و پێداویستییه‌كیان كه‌م بێت و به بارزانییه‌كانیشی گوت: "گوند، گوندی خۆتانه و هیچ كات هه‌ست به غه‌ریبی و لایده‌یی مه‌كه‌ن و ئێوه له هه‌موو كار و چاكه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ئه‌م گونده به‌شدارن و به‌شتان تێیدا ده‌بێ". له لای خۆیه‌وه عه‌لی ئاغا داهاتی گونده‌كانی خۆی زۆربه‌ی له ته‌واوی خانه‌واده‌ی بارزانییه‌كان خه‌رج ده‌كرد، ته‌نانه‌ت داهاتی گوندی سه‌رمه‌زرای له سنووری بێستانه له قه‌به‌ڵ كردبوون و داهات و خێروبێری ئه‌و گونده‌ی به ته‌واوه‌تی بۆ بارزانییه‌كان و پێشتریش بۆ شۆڕشی دووه‌می بارزان ته‌رخان كردبوو. لێره‌دا ڕوون ده‌بێته‌وه خه‌ڵكی باغه‌مره هه‌ر ماڵێكیان خوازیار بوو خانه‌واده بارزانییه‌كان له خۆ بگرێ و بیكاته برای خۆی، به‌ڵام له كۆتاییدا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه دابه‌شی سه‌ر ماڵه‌كانی گوند كران:
یه‌كه‌م: ماڵی یووسف ئه‌حمه‌د (مام وسوو) خانه‌واده‌ی ته‌ها بارزانی-یان گرته ئه‌ستۆی خۆیان. پێوه‌ندیی خزمایه‌تی له نێوان ماڵی یووسف ئه‌حمه‌د و مه‌لا خالید عه‌زیز موورتكه‌یی وایكردبوو ماڵی یووسف ئه‌حمه‌د زووتر و خێراتر ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ بارزانییه‌كان په‌یدا بكه‌ن، كه ڕه‌نگه ئه‌م پێوه‌ندییه هۆكارێك بووبێ له گه‌شه‌كردنی هزری نه‌ته‌وایه‌تی شه‌هید (عه‌ریف عوسمان)ـی كوڕی یووسف ئه‌حمه‌د، كه دواتر له شۆڕشی ئه‌یلوولدا بووه پێشه‌نگ و سیمبۆڵ و پێشڕه‌وی شۆڕش له گوندی باغه‌مره و ناوچه‌كه به گشتی و ئه‌م ڕۆله‌یشی له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه له كتێبی "بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد" ئاماژه‌ی پێ كراوه. ته‌ها بارزانی له ماوه‌ی مانه‌وه‌یدا له گوندی باغه‌مره بووه سه‌ركاری ماڵی عه‌لی ئاغای مه‌حموود كاكه‌خان، به‌ڵام خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی كه هاوسه‌ره‌كه‌ی پیرۆز، تاقه كوڕه‌كه‌ی عه‌لی و تاقه كچه‌كه‌ی لارێی ناوبوو، له گوندی باغه‌مره نیشته‌جێ بوون و وه‌ك خه‌ڵكی ئاسایی گونده‌كه تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌بوو و له به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی ماڵی مام وسوودا هاوكار و ده‌ستبار بوون.
مام وسوو به سروشتی خۆی مرۆڤێكی ئاییندار و تا ڕاده‌یه‌ك سۆفی بوو و سه‌روكاری له‌گه‌ڵ شێخ و پیاوچاكاندا هه‌بوو، بۆیه له ژێر كاریگه‌ری ئاییندا زیاتر په‌رۆشی ته‌ها بارزانی و هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی بوو. هه‌ر دوو هاوسه‌ره‌كه‌ی مام وسوو )فاتیمه( و )ڕابی(، به ته‌واوه‌تی خرابوونه خزمه‌تی خانه‌واده‌ی ته‌ها بارزانی. دیاره ئه‌و كات عه‌ریف عوسمان تازه گه‌نجێكی هه‌ڵكه‌وتوو بوو، بۆیه ئه‌و بارودۆخ و مامه‌ڵه باشه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی باوك و برا و هه‌ر دوو دایكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی ته‌ها بارزانی ده‌بینێ كه چه‌نده نه‌رم و میهره‌بانانه له‌گه‌ڵیان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دڵیان نه‌شكێ و ئازار نه‌بینن، چونكه ئه‌وان ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره كراون، بۆیه بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه حیكمه‌تێك له‌وه‌دا هه‌یه ماڵباته‌كه‌ی به هه‌موو هێز و توانایه‌كییه‌وه خزمه‌تی ئه‌و خانه‌واده بارزانییه ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌یش دواتر ده‌بێته یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كانی هۆشیاربوونه‌وه‌ی عه‌ریف عوسمان و تێكه‌ڵاوی به ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌شداری كارای له‌نێو شۆڕشدا.
دووه‌م: ماڵی حاجی سه‌عید حوسێن، خانه‌واده‌ی ڕه‌سووڵ بارزانی-یان له خۆ گرت. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماڵی حاجی سه‌عید خانه‌واده‌یه‌كی هه‌بوو و خواپێدراو بوون و برای حاجی محه‌مه‌د شه‌ریف-ـی كوێخای گوند بوو، ده‌رگه‌یان به‌رده‌وام به ڕووی میوانان كراوه بوو، به تایبه‌تی كه مه‌ڕوماڵاتێكی زۆریان هه‌بوو، بۆیه هه‌ر زوو هه‌لی كاریان بۆ ڕه‌سووڵ بارزانی له ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا ڕه‌خساند و كردییانه شوانی ماڵاته‌كه‌یان و بۆ له‌مه‌ودوا ڕه‌سووڵ بارزانی وه‌ك كوڕی ئه‌و ماڵه كاری ده‌كرد و به‌شدار بوو له هه‌موو خێر و خۆشییه‌ك و وه‌ك برا وابوو له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی حاجی سه‌عید "محه‌مه‌د (حاجی محه‌مه‌د)، عه‌لی (مه‌لا عه‌لی) وه‌لی و ڕه‌زا" و هه‌مووان له ژێر یه‌ك چه‌تر كۆ ده‌بوونه‌وه، ته‌نانه‌ت به‌هییه باوه‌كری هاوسه‌ری حاجی سه‌عید هه‌رگیز ته‌ها بارزانی له كوڕه‌كانی خۆی جیا نه‌ده‌كرده‌وه و بۆی وه‌ك دایكێكی میهره‌بان وابوو، نه‌خاسمه به‌هییه له ماڵباتێكی گه‌وره و خانه‌دان گه‌وره بووبوو و به لایه‌وه گرینگ بوو ڕۆڵی دایكایه‌تی به‌رانبه‌ر به ڕه‌سووڵ و هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی ببینێ، چونكه پێی وابوو به ئه‌نجامدانی ئه‌و ڕۆڵه له كه‌سایه‌تی خانه‌واده‌كه‌ی زیاد ده‌كات و به ئه‌نجامنه‌دانیشی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی كه‌م ده‌كات.
سێیه‌م: ماڵی ئه‌حمه‌د سلێمان (مام شینه) ماڵی حه‌مه بارزانی-یان گرته خۆ. ئه‌حمه‌د سلێمان پیاوێكی سنگفراوان بوو و له‌گه‌ڵ حاجی محه‌مه‌دشه‌ریف-ـی كوێخای گوند ئامۆزا بوون و ماڵباتێكی گه‌وره و به‌ناووبانگ بوون. ئه‌حمه‌د سلێمان به‌هۆی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی له نێو خزمان و خه‌ڵكی گونددا هه‌یبوو ناویان نا بوو (شینه – مام شینه). ئه‌حمه‌د سلێمان یه‌ك كوڕی هه‌بوو به ناوی (شێخمحه‌مه‌د) له‌گه‌ڵ چوار كچ، هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه له ماڵه‌وه خزمه‌تی حه‌مه بارزانی و ڕه‌وشه‌نی هاوسه‌رییان ده‌كرد. ڕێزبار كه هاوسه‌ری ئه‌حمه‌د سلێمان بوو، یه‌كێك بوو له ئافره‌ته خانه‌دانه‌كانی گوند كه شانبه‌شانی هاوسه‌ره‌كه‌ی له دورستكردنی ماڵ و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانی ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو، كه دواتریش به هه‌مان شێوه خزمه‌تێكی زۆری حه‌مه بارزانی و ڕه‌وشه‌نی هاوسه‌ری كرد، به شێوه‌یه‌ك حه‌مه بارزانی بووه جووتیارییان و خاتوو ڕێزبار و ڕه‌وشه‌نخانیش وه‌ك دوو خوشك به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌ركه‌كانی خێزانییان ڕاده‌په‌ڕاند و هاوكاری پیاوه‌كانیشیان ده‌كرد له ئه‌ركه قورسه‌كاندا.
مایه‌ی سه‌رنجه ئه‌و كات دیوه‌خان و كۆشكی حاجی محه‌مه‌دشه‌ریف-ـی كوێخای گوندی باغه‌مره شوێنی كۆبوونه‌وه و دیدار و بڕیار بوو، نه‌خاسمه ئێواران و له كاتی بۆنه‌كاندا هه‌مووان له كۆشكدا یه‌كیان ده‌بینی و پرس و بابه‌ته‌كانیان تاووتوێ ده‌كرد و بۆچوون و هه‌ڵوێستیان ده‌رده‌بڕی و بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌دا، بۆیه ماڵباته بارزانییه‌كانیش وه‌ك هه‌ر خه‌ڵێكی دیكه‌ی گوند ده‌چوونه كۆشك و به‌شداریان له پرس و بابه‌ته‌كاندا ده‌كرد. له لایه‌كی دیكه‌وه ئافره‌تانی گوند له پاڵ پیاواندا توانییان ڕۆڵی ئافره‌تی كورد ببین و بوونه دایك و خوشكی ئافره‌تانی خانه‌واده بارزانییه لێقه‌وماوه‌كان، به تایبه‌تی له بۆنه و جه‌ژنه‌كان و مانگی ڕه‌مه‌زاندا وه‌ك چۆن بۆ خۆیان جلوبه‌رگ و خۆراك و پێداویستییه‌كانیان ده‌كڕی و دابینیان ده‌كرد، به هه‌مان شێوه بۆ ئه‌وانیشیان دابین ده‌كرد. تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان خه‌ڵكی گوندی باغه‌مره و خانه‌واده‌ی بارزانییه‌كان بۆ نێو چه‌ندان بابه‌ت قووڵ بووبووه‌وه، نه‌خاسمه باغه‌مره‌ییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی خۆیان بۆ خانه‌واده‌ی بارزانییه‌كان ده‌رببڕن ته‌نانه‌ت ناوی منداڵه‌كانیان به ناوی ئه‌وانه‌وه ده‌كرد، بۆ نموونه ماڵی سه‌عدوون محه‌مه‌د مه‌ولوود هۆرمزیار ساڵی 1950 كوڕێكیان بوو ناویان نا (ڕه‌سووڵ) وه‌ك خۆشه‌ویستییه‌ك بۆ ناوی ڕه‌سووڵ بارزانی كه له پێشوودا ئاماژه‌مان بۆ كردبوو ماڵی حاجی سه‌عید له خۆیان گرتبوون.
هه‌ر له ژێر كاریگه‌ری خۆشه‌ویستی بارزانییه‌كاندا ماڵی سه‌عدوون محه‌مه‌د كوڕێكی دیكه‌یان له ساڵی 1952 له دایك بوو و ناویان نا ئه‌حمه‌د (باوكی نووسه‌ر) به هه‌مان شێوه وه‌ك هێمایه‌ك بۆ خۆشه‌ویستی "شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی" براگه‌وره‌ی مسته‌فا بارزانی. ناونانی ئه‌حمه‌د به‌هۆی ئه‌و پێوه‌ندییه نزیكه‌ی نێوان خه‌دیجه‌ی دایكی ئه‌حمه‌د و ڕه‌وشه‌نی هاوسه‌ری حه‌مه بارزانییه‌وه بووه، كه ئه‌و كات دراوسێی یه‌كدی بوون و هاموشۆ و پێوه‌ندییه‌كانیان له چوارچێوه‌ی خوشك و برایه‌تیدا بوو. خاتوو ڕه‌وشه‌ن له لای خه‌دیجه‌خاتوون حوزن و نیگه‌رانی خۆی له دووری شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و مسته‌فا بارزانی و هاوه‌ڵانیان ده‌رده‌بڕی، ته‌نانه‌ت له خه‌می دووری و دابڕان و بێخه‌به‌رییان، لاوك و سه‌ردوولكه‌ی گوتووه و به‌رده‌وام ناوی هێناون و یادی كردوون. به‌رده‌وام ناوهێنانی شێخ ئه‌حمه‌د وه‌ك ڕابه‌ری ڕووحی بارزانییه‌كان، كاریگه‌ری به‌سه‌ر خه‌دیجه‌خاتوون دروست ده‌كات، بۆیه كه ئه‌و كوڕه‌یان له دایك ده‌بێت، ئه‌و كات خاتوو ڕه‌وشه‌ن له بن سه‌ری خه‌دیجه‌خاتوون داده‌نیشێ و خزمه‌تی ده‌كات و سه‌رپه‌رشتی منداڵه‌كه ده‌كات و دواتریش هه‌ر خۆی ناوی ده‌نێ (ئه‌حمه‌د) له پای ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی بۆ شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان هه‌یانبوو، به‌هه‌مان شێوه ماڵی حاجی مه‌حیه‌ددین حاجی ئۆمه‌ر له هه‌مان ساڵدا كوڕێكیان بوو، ئه‌وانیش ناویان نا (ئه‌حمه‌د).
سه‌رچاوه: به‌شێك له كتێبی "پێگه و ڕۆڵی گوندی باغه‌مره له شۆڕشی ئه‌یلوولدا"، نووسینی: عه‌بدولسەتتار ئه‌حمه‌د باغه‌مره‌یی