نان گرنگترینە... (وەکو هەنگاوی یەکەم)

Kurd24

نان وەکو سەرەکیترین خۆراک لە جیهان هەژمار دەکرێت، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووەوە سەرجەم خۆراک و پێداوستییەکانی ڕۆژانە لەسەرتاسەری جیهان گرانتر بووە، لە ناویاندا خۆراکە سەرەکییە گرنگەکانیش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، ئێستا نرخی نان لە یەکێتی ئەوروپا لە چاو جاران زۆر زیاترە. خەڵک هەست بەو فشارە ئابوورییە دەکەن لە بەرزبوونەوەی ئەو نرخانەی کە لە پێداویستیەکان و بە تایبەتی لە خۆراکدا ڕوو دەدەن، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا لە گەڵ وڵاتی ڕووسیا نرخی خۆراک لە جیهان بەگشتی و لە هەموو ئەوروپا بە تایبەتی بەرزبووەوە، بۆ ئەوروپا لەم ڕووەوە کاریگەرییەکان زیاترن چونکە ئۆکرانیا بۆ ئەوروپا بە وڵاتی دابینکردنی کەرتی دانەوێڵە و بابەتە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت.

لە چەند ساڵی ڕابردوو لە وڵاتی ئێران نان و قەیرانی نانەواخانەکان سەری هەڵدا و تا ئێستاش کەمی نان یاخوود گرانبوونی نان یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە.

پێویستە لێرەدا پرسیارێک بکەین، ئایا کاتێک نرخی نان گران دەبێت هەنگاوەکانی دەوڵەتەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان چین؟ ئایا خاوەن کارگەکانی دروستکردنی نان یاخود نانەواخانەوەکان تا چەند پابەندن بە بڕیارەکانی حکومەتەوە؟

هەرێمی کوردستان وەکو هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان گرفتاریی چەندین قەیرانە، یەکێک لەو قەیرانانە بابەتی گرانی و بەرزبوونەوەی پێداویستیەکانی ڕۆژ و بە تایبەت بەرهەمە خۆراکییەکانە.. لە هەنگاوێکی دروست و دڵخۆشکەرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخی نان دیاری کرا و بە سوودی هاوڵاتیان بڕیاری لەسەر دراوە، وێڕای دەستخۆشی بۆ کۆنترۆڵکردن و هەرزانکردنی نرخی نان هاوکات خاوەن نانەواخانەکان بە هەمان بڕیاری حکومەت لە پێداویستییەکانی وەکو دابەزاندنی نرخی غاز و ئارد و کەمکردنەوەی تێچووی کارەبا سوودمەند دەبن. ئەم بڕیارە یەکێکە لە بڕیارە گرنگەکان چونکە وەکو باسمان کرد نان سەرەکیترین خۆراکە و هەر تاکێک پێویستی بە نان هەیە لە هەمانکاتدا هاوکاریی کردن و ئاسانکاری بۆ خەڵکی کاسبە...

هەنگاونان بۆ هەرزانکردن و کۆنترۆڵکردنی بازار ئەرکی سەرەکی هەر حکومەتێکە و ئەم ئەرکەش بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییە، بۆ هەر هەنگاوێکی باش هەنگاوی باشتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە ئێستادا کە دەستبردرا بۆ هەرزان کردنی نان بە دڵنێاییەوە هاوڵاتی چاوەڕێی هەرزانکردن و دابەزاندنی بەرهەمە پێویستییەکانی دیکە دەکەن، بۆیە دەتواین بڵێین هەرزان کردنی نان دەکرێت ببێت بە سەرەتای کۆنترۆڵ کردن و دابەزاندنی نرخی بەرهەمە خۆراکییەکانی تر.

لە کوردستان بڕیار بۆ دابەزاندن و هەرزانکردنی نرخی هەر کاڵایەک بدرێت کاریگەری ئەرێنی زۆری دەبێت بۆ ژیانی هاوڵاتی چونکە ئەوە لەبیر نەکەین ئێمەی خەڵکی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لە سزادانێکی بەردەوامداین. عێراق بودجەی کوردستانی بڕیوە و موچەو قووتی هاوڵاتی کورد هەر ڕۆژەو بە بیانوویەک لەلایەن بەغداوە گەمەی پێ دەکرێت، بۆیە هەنگاوی ئەرێنی و بوێرانە واتای خەمخۆری و ئاسانکردنی ژیانی هاوڵاتییە لە بارودۆخە دژوارەکان، بەداخەوە وەکو عەرفێکی لێ هاتووە تابورێکی مەترسیدار لە کوردستاندا هەیە کە ئیشوکاریان بە لاڕێدابردن و چەواشەکاریی و ناشرینکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەتا بە هەموو شوەیەک کەوتوونەتە دژایەتیکردنی هەرزانی نان.

بە شێوەیەکی گشتی نرخی شتومەک و کاڵاکان لە جیهاندا بەرەوبەرزبوونەوە دەچن، هۆکارەکان جیاوازن ناسەقامگیری ئاسایشی وڵاتان ، ململانێ و شەڕی بەرژەوەندیی و داگیرکارییەکان و گۆڕانی کەش و هەوا هەموو ئەمانە بوونەتە چەندین هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان و سەختی ژیانی ئمڕۆی خەڵکانی سەر زەوی، هەمووئەمانە بە شێوەیەکی بەرچاو بازاڕەکانی جیهانی شڵەژاندووە و ناجێگیر کردووە.

لێردا دەمەوێ چەند بەراوردێک لە نرخی نان لە وڵاتانی جیاواز بخەمەڕوو کە بەپێی  ئەو ئامارانەی لە  نووسینگەی ئاماری یەکێتی ئەوروپا یۆرۆستات بڵاو کراونتەوە کە لە کاتی جەنگی ئۆکرانیاوە نرخی نان لە یەکێتی ئەوروپا بە تێکڕا بە ڕێژەی 18% بەرزتر بووتەوە، ئەمە بە بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا  زیادبوونێکی گەورەیە، کە نرخی نان بە تێکڕا 3٪ بەرز بوو.

بەپێی ئامارەکانی نومبیۆ کە یەکێکە لە گەورەترین پێگەی تێچووی ژیان لە جیهاندا دەڵێت:  بۆ 500 گرامی نانێکی سپی لەو وڵاتی سویسرا  نرخی نان 3.67 دۆلاری ئەمریکییە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نرخی نان 3.60 دۆلارە، لە وڵاتی سوید نرخی نان 2.91 دۆلاری ئەمریکییە، لە ئوسترالیا نرخی نان 2.44 دۆلاری ئەمریکیە، لە عێراق نرخی نان 0.82 دۆلاری ئەمریکییە و لە ڕوسیا نرخی نان 0.52 دۆلار و لە وڵاتی تونس 0.15 دۆلاری ئەمریکیە.