شەڕی ئیرادە و شکاندنی شکۆ.. خەونە!
رۆژهەڵاتی ناوەداست تا دێت ناسەقامگیرتر و کڵپەی ئاگرەکەی گڕدارتر دەبێت، راکێشانی کورد بۆ ناو ئاگرەکە نابێت لامان مەحاڵ یاخوود چاوەڕوان نەکراو بێت، داگیرکەرانی کوردستان و بەکرێگیراوەکانیان شەڕی ئیرادەو و شکاندنی شکۆمان لەگەڵدا دەکەن. هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ئازادکردنی عێراقەوە تا ئەمڕۆ بەرەو گەشەسەندن و پێشکەوتنی گەورە هەنگاوی هەڵێناوە، ئەم پێشکەوتنانە لە ڕووی ئازادی و دیموکراسی و ئاوەدانی و ئاسایشی نێوخۆیی و پێشکەوتن لە ئاوەدانیی زۆرێک لە وڵاتانی خستە دوای خۆیەوە.
پەیوەندی و مامەڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان خۆی لە خۆیدا کوردستانی گەیاندە ئەو قۆناغەی کە پێگەی کوردستان لە نێوەندە جیهانییەکاندا بە فەرمی بکرێت و بگاتە ئەو ئاستەی وەکو دوڵەت هەڵسوکەوت و پەیوەندی لەگەڵدا بکرێت، هەموو ئەمانە بۆ هەرێمێکی حەوت ملیۆنی کە دەوڵەت نییە لای ئەو وڵاتانەی کە تەنانەت دان بە مافی کورددا دانانێن جێگەی شۆک و لە هەمانکاتدا بە مەترسییەکی گەورە بۆسەر خۆیان دەزانن. بۆیە ئەو ڕژێمانە تا سەر ئێسقان دژی هەموو پێشکەوتنەکانی کورد دەوەستنەوە و بە پلان و بەرنامە کار بۆ لاوازکردن و بچووک کردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەرکەسێک بەراوردێکی سادە بکات بۆی دەرئەکەوێت کە لە ڕووی ئازادییەکان و دیموکراسی و بووژاندنەوەی وڵات لەگەڵ ئەو ڕژێمانە چ جیاوازییەکەی گەورە لە نێوانماندا هەیە !
ئەو وڵاتانە سڵ ناکەنەوە لە سزادانی خەلکی کوردستان، لە ڕابردوو ئەگەر بە ژەهر و چەکی کیمیاوی و بە ئەنفال کردن و بە سووتاندنی گوندکان و ڕاگوێزان و بە عەرەب کردینی خاکەکەمان بوو بێت ئەمڕۆ لەژێر ناوی سەپاندنی یاسا و بەناوی چاکسازی و سەروەرییەوە جارێکیتر دەیانەوێت سزاکانیان بەسەرماندا بسەپێنن و بردەوامییان پێ بدەن، ئەم جارە لێدان لە شادەماری ئابووری و بازرگانیی هەرێمی کوردستانە، دەستیان کردووە بە وشک کردنی سەرچاوەکانی گەشەسەندن و بووژاندنەوەی ژێرخانەکان. ئەم جارە ئەوان دەست بوو برسی کردن و بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان دەبەن، ئەم هەوڵانەشیان تەنها مەبەستیان لەناوبردنی ئەو دەستەکەوتانەی بۆ خەڵکی کوردستان بدیهاتوون و چاوییان بەو پێشکەوتن و بونیادنانەوەی نیشتیمانەکەمان هەڵنایەت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری بۆ کردووە..
عێراق لە لیستی وڵاتە گەندەڵەکانی جیهان پشکی شێری بەرکەوتووە و بە گەندەڵترین وڵاتی گەندەڵ تۆمار کراوە، سەروەت و سامانێکی زۆر عێراق بۆ ئەو گروپە میلیشیاکان تەرخان کراوە و خەڵکەکەشی لە بێ کاربایی و نەبوونی خزمەتگوزاری و ناعەدالەتی دەناڵێنن، کەچی بە بیانووی جۆراوجۆری دروستکراو و مەبەستدار شەڕی چاکسازی و گەندەڵیمان لەگەڵ دەکەن .
ئەمەی عێراق لە هەمبەر ئێمەی کورددا دەیکات شەڕێکی سیاسی بڕیار لێدراوە و ئەجێندایهكه جێبەجێی دەکەن، خودی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە ڕووخاوە و شتێکی نییە بەناوی سەروەری و ئیدارەدانێکی سەربەخۆیی عێراقیانە، تەنیا شوێن کە ئارامی و خۆشگوزەرانی و بووژاندنەوە و پێشکەوتنەکانی تیایدا بەدی بکرێت هەرێمی کوردستانە کە لە هەموو ڕوویەکەوە جیاوازە لەگەڵ عێراق، ئەم جیاوازییانە لە پێشکەوتن و ئارامییە وای کردووە کە لە لایەن لایەنە سیاسییەکانی عەرەبی و لایەنە شیعیەکان هەزم نەکرێت و بەرگەی جیاوازییەکان نەگرن، ئەوان کە چاویان بە پێشکەوتمانەکانمان هەڵنەیەت ئینجا چۆن لە دژی بوونمان شەڕمان لەگەڵدا ناکەن، هەر ئەمەشە کە کەوتوونەتە سزادانی خەڵکی کوردستان و لێدان لە پێگەو قەوارەی هەرێمی کوردستان.
گەلی کورد هەموو سزایەکی تاقی کردووەتەوە و چۆک بۆ دوژمنان ناچەمێنێت، ئیرادەی ئێمە زۆر لەوە خۆراگرترە کە هەر ڕۆژەو سزایەکی نوێمان لەسەر تاقی بکرێتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە دژمان ڕوو دەدەن شەڕێکی ڕاگەیەندراوە لە دژی بوون و کیانەکەمان، بەڵام شەڕی ئیرادە و شکاندنی شکۆمان خەونێکە و هەرگیز ناچەمێین.