بۆ پێشکەوتن دەیانتوانی لێمان فێربن، نەکو شەڕ پێفرۆشتن!

Kurd24

عێراقییەکان بە حکومەت و بە لایەنە سیاسیەکانی عەرەبی و بە تایبەتی شیعەکان لە جیاتی ئیرەیی و هەزم نەکردنی پێشکەوتنەکانەکان خۆزگە ویست و حەزی کێبڕکێی پێشکەوتن و بونیادنان هەبووایە، پێشبرکێ لەسەر باشتر و باشترین هەبووایه، بەڵام ئەوەی لە بەرامبەر ئێمەی کورددا لە عێراق دەگوزەرێت کێبڕکێیە لەسەر ئەوەی کێ باشترین و کاریگەرترین سزا بەسەر کورددا دەسەپێنێت، کێ زۆرترین ستەم لە کورد دەکات و مافی کورد پێشێل دەکات، ئەمانە بوونەتە پێوەری سەرکەوتنی لایەنە عێراقییەکان لە هەڵبژاردنەکان بۆ گەیشتن بە لووتکەی دەسەڵاتەکان.

زۆرینەی لایەنی شۆڤینی و مەزهەبییەکانی عێراق کە باس لە ئاوەدانیی کوردستان  دەکەن، وا لە خەڵکی خۆیان دەگەیەنن کە گوایە هەرچی داهاتی باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەیە خراوەتە قوڕگی حکومەتی کوردستانەوە و لە قووتی خەڵکی خۆیان گیراوەتەوە و لە هەرێمی کوردستان خەرج کراوە. بەڕاستی حکومەتی عێراق و لایەنە شیعیەکان دەبوایە بەزەییان بەخۆیاندا بێتەوە، کە بۆچی سەرەڕای ئەو هەموو کێشەو گرفتەی کە بۆ کوردستان دروست دەکرێت، بەڵام کوردستان ئاوەدان و ئاوەدانترە، سەقامگیر و خۆشگوزەرانترە و پێشکەوتووتر دەبێت؟! 

لە ساڵی 2014ـوە حکومەتی عێراق موچەو بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە و پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی حکومەتی هەرێم لە توانا و داهاتی خۆیدا ئەنجامیداوە. حکومەتی عێراق هێندەی بەخێوکردنی گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بووە هێندەی خزمەت بە شەقام و کۆڵان و کۆمەڵگاکەی نەکردووە، میلیشیا دەستی بەسەر سامان و داهاتی عێراقدا گرتووە و لە سایەیانا هەژاری و ناعەدالەتی رووی لە کۆمەڵگەی عێراقی کردووە، هەر ئەوەشە بووەتە هۆکار کە ناوی عێراق لە هەر سێکتەرێکدا لە ڕیزبەندی وڵاتە دواکەوتوو و گدەندەڵەکاندا لە خانەی یەکەمدا جێی گرتووە.

سەر ئەنجام ئایندەی میلیشاکان و گروپە لەیاسادەرچووەکان بە بێ خاوەن دەمێننەوە، ئێران کاتێک بزانێت هەڕەشەو هێرشەکانی ئەمریکــا چڕتر دەبنەوە و پرشکی ئاگرەکە بکەوێتە بەر دەرگای ناو ماڵی خۆی، بێ بەری بوونی خۆی لە سەرجەم ئەو گروپ و هێزە چکداریانە کە ئێستا هاوکارو پاڵشتییان دەکات ڕادەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەکانی پرسی وزەی ئەتۆمیدا هەر کاتێ وڵاتانی زلهێز دەریچەی گفتوگۆیان لەسەر شاندی ئێرانییەکان داخستبێت ئێران بۆ ئەوەی بڕیاری نێودەوڵەتی بەسەردا نەسەپێنن و بۆ هێورکردنەوە ئاراستەی دانوستانەکان  ڕێگەی تر و پێشنیاریی دیکەی پێشکەش بە وڵاتانی ئەندام لە دەزگای وزەی ئەتۆمیی جیهانیی کردووە.

سەروەریی عێراق گیرخواردەی بە دەست چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران، سوپای فەرمی عێراق وەکو تەماشاچی دەڕوانێتە ڕووداوەکان، هەر کردارێکی سەربازی دژی ئەمریکا بارودۆخ دژوارتر و خۆیان دەکەنە ناو ئەو تەڵەیەوە کە ئێران چەندین ساڵە کاری بۆ دەکات، ئەمریکا وا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو دەستکەوتانەی نابێت کە لە عێراق بۆی بەدی هاتوون، هەر هێزو لایەنێکیش خۆی لەگەڵ ئەمریکا تاقی بکاتەوە شەڕی لەناوچوونی خۆی دەکات.

ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکەین عێراق لە کات و ساتی کەوتنێکی دیکەی وەکو ساڵی 2003 دێتە بەرچاو.

لایەنە شیعییەکان لە ئێستادا خۆیان بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم ئامادە کردووە، ئەوتا با ئاشکرا دەڵێن چۆن دەبێت هەرێمی کوردستان پێشکەوتووتر بێت لە عێراق، خۆیان زۆر باش لە کاریگەرییی سەرۆک بارزانی لە ناوچەکەدا تێگەیشتوون ئەوەتا دەڵێن چۆن دەبێت بارزانی لە سەرجەم سەرکردەکانی عێراق لە ناوەوەی عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانیدا کاریگەریی و قورسایی  زیاتر بێت.

لە ئێستادا کوردستان پێگەکەی لە جاران گرنگتر و بەهێزترە، پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی فراوانترو جێگیر و بەهێزترە، بۆیە هیچ هەوڵێک لە دژی قەوارەی کوردستان سەرناگرێت و شکستی پێ دەهێندرێت بەڵام خۆ ئامادەکردن و نەخشەو پلانی پێش ئەگەرەکان پێویستە لە ڕۆژەڤدا هەبن.