دەربارەی: وڵاتپارێزی و وڵاتپارێزی کورد (Patriotism)

Kurd24

وشەی: (Patriotism – وڵاتپارێز) بە کوردی، لە بنەڕەتدا لە وشە یۆنانییەکەی (παтριώτης -  patriōtēs پەتریۆتێس) وەرگیرایە و ئەگەر بۆ زمانی کوردی وەک خۆی وەریبگێرین دەکاتە: خۆشەویستی بۆ وڵات، وەفا و خۆشەویستی بۆ وڵاتی دایک، بۆ دەوڵەت، بۆ ئەو شوێنەی لێی لەدایک بوویت.

وڵاتپارێز (Patriot) بەو کەسە دەگوترێ، کە وڵاتی خۆی خۆش دەوێت و ئامادەیە گیانی لەپێناو بەخت بکا، بۆیە کەسی پەتریۆت خەون دەبینێ و کاردەکا بۆئەوەی وڵاتەکەی بەردەوام ڕوو لە درەوشانەوە بێت.

لە ڕاستیدا، وڵاتپارێزی تەنیا بۆ سەرتاسەری وڵات یان وڵات لە چوارچیوەی سنووری جوغرافی سیاسی بەکار ناهێندرێ و بۆ لۆکال - ناوچەش ئەم دەستەواژەیە هەیە بۆیە، دەکرێ هاوڵاتیێک تەنیا ناوچە (گوند، شارۆچکە ، شار یان هەرێم)ی خۆی خۆشبوێت. هەرچەندە لە زمانی کوردی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن زۆر جار بە شێوەیەکی خراپ (نێگەتیڤ) لەم خۆشەویستییە تێدەگەن و ئەو کەسەی هەرێـمی خۆی خۆشبوێ، بە کەسێكی کۆنەپەرست یان دواکەوتووی لەقەڵم دەدەن، لەگەڵ ئەوەش رۆژانە خەڵکی زۆر دەبیندرێن، کە نازناوی ناوچە: (خۆشناو، دزەیی، بارزانی، هەرکی، گەرمیانی، تاڵەبانی)یان هەڵگرتووە.

کەسی patriot وڵاتی خۆی خۆشدەوێ و برادەری وڵاتی خۆیەتی. ئەو هیچ مەرجی خۆشەویستی بۆ وڵاتەکەی لەسەر خۆی دانەنایە و نییە، هەموو کارێک دەکا، بۆئەوەی وڵاتەکەی بگەشێتەوە، هاوڵاتییانی خۆشتر و بەختەوەرتر بژین.

وشەی پەتریۆتیست و ناسیۆنالیست هەیە و زۆر کەس لەیەکتر جیایان ناکاتەوە و لەگەڵ یەکتر تێکەڵێان دەکا، لەگەڵ ئەوەش دیارە جیاوازن و لەیەکتر دوورن، ئەگەرچی هەردووک جۆر کەس هەمان وڵاتییان خۆشدەوێ. ناسیۆنالیست زیاتر ئایدیۆلۆژیایە و بە سیاسەتەوە لکێندراوە یان بەستراوەتەوە. خەڵک هەن وڵات پەرستی لەگەڵ رەسیزم تێکەڵ دەکەن. کەسی پەتریۆت دەتوانی کەسێكی دیکەی دەرەوەی وڵات یان نەژادی خۆی خۆشبوێ، بەڵام کەسی رەسیست تەنیا هاوڵاتییانی وڵاتەکەی خۆی خۆشدەوێ و کەسانی ئاوارە و بیانی خۆش ناوێ. کەسی پەتریۆت، تەنیا بە دروشم و قسەی جوان وڵاتی خۆی خۆشناوێت، بەڵکو بەکرداریش وڵاتەکەی خۆی خۆش دەوێ، بۆیە کەسێک ناتوانی لە کۆبوونەوە و شاشەکانی تەلەفزیۆن خۆی وەک پەتریۆت پیشان بدا و لە ژێرەوەش خەریکی دزی و گەندەڵی بێت.

مێژووی پەتریۆتیزم دوور نییە و لە هەندێک وڵاتی وەک سوید و هۆڵەندا لە دوای ساڵەکانی ١٧٦٠ پەیدابوو. هەربۆنموونە: شۆڕشگێرەکانی شۆڕشی فەرەنسا (١٧٩٨) پەتریۆتیان پێدەگوترا.

لە زۆربەی وڵاتان دیاردەی پەتریۆتیزم وەک دیاردەیەکی پۆزەتیڤ سەیر دەکرێ، بەڵام لە هەموویان زیاتر ئەم دیاردەیە لە ئەمریکا و کەنەدا زۆر بڵاوە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەک، کە لەلایەن (World Values Survey) ئەنجام دراوە، پلەی یەک بۆ چوار (یەک خراپ و چوار زۆر باش) پیشانی دەدا، ئەمریکا وەپێش هەموو وڵاتان کەوتییە و پلەی 3,98 هەیە، ئەڵمان لە رێزبەندی دواوەن و پلەی 1,37 یان هەیە.

ئەگەر کەمێک دوور بگەڕێینەوە و لاپەڕەکانی مێژوو هەڵبدەینەوە دەبین، ئاستی وڵاتپارێزی لای خەڵکی روس بەردەوام بەرز بووە، بۆیەش لە دوو شەڕی زۆر گەورەی ئەوروپا و جیهان، یەکەمیان لەلایەن ناپلیۆن پۆناپارت (١٨١٢) و شەڕی دووەمیش لەلایەن هیتلەر (١٩٤١) بەسەریان سەپێندرا، زۆر لە توێژەران لەو بڕوایەدان، هۆی سەرەکی بردنەوەی هەردووک شەڕی مەزن، بەرزی ئاستی وڵاتپارێزی خەڵکی روس بوو. وڵاتپارێزی ئەوان گەیشتە ئاستێک، لە شەڕی دووەمی جیهانی شاری لێنینگراد بۆماوەی ٩٠٠ رۆژ لەلایەن لەشکری نازی هیتلەری دەوری گیرا، نەک هەر تەسلیم نەبوون، بەڵکو بەو زستانە ساردانە یەک داریشیان بۆ خۆگەرمکردنەوە و پێویستی دیکە نەبری.

بەگوێرەی بەڵگە مێژووییەکانی بەردەست، وڵاتپارێزی لەناو کورد هەمیشە لاواز و کزبووە، بۆیەش هەوڵەکانی دروستکرنی دەوڵەتی کوردی یان دروستکردنی ناوچەیەکی سەربەخۆی کوردی، زیاتر لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانی بە شێوەیەکی فراوان لە کوردستان سەری هەڵدا و گەورەبوو. کۆمەڵێك شۆڕش لە شوێنی جیا جیای کوردستان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی وڵات هەڵگیرسان و لەناو ئەوانیش زیاتر کۆماری مەهاباد و شۆڕشی ئەیلول وڵاتپارێزییان لەناو کوردان بەهێز کرد. لە سەرتاسەری کوردستانی گەورە، کەسانی کوردپەروەر بۆ پشتگیری و پاراستنی کۆماری مەهاباد چوون. دەربارەی شۆڕشی ئەیلولیش دیارە، شۆڕشێکی زۆر جەماوەری بوو و پشتگیری فراوانی لە سەرتاسەری کوردستان هەبوو.

گەشترین و درەوشاوەترین قۆناغی وڵاتپارێزی کورد دەکرێ بگوترێ لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی پێکرد. لە هەر چوار پارچەی کوردستان حزبی سیاسی لە گۆڕەپان خەباتیان دەکرد و لە زۆربەشیان خەباتێکی چەکداری زۆر گرانیان بۆ سەرکەوتنی شۆڕش و بزوتنەوەکانیان دەکرد. وڵاتپارێزی لای سەرکردە و پێشمەرگە بە ئاستێک بەرزبوو، کەس باکی بە مردن و شەهیدبوون لە پێناو کوردستان و دەوڵەتی کوردی و ئازادی و سەربەخۆیی نەبوو.

وڵاتپارێزی لە باشوری کوردستان لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ جارێکی دیکە ئاستی نزم بوو و بۆ خوارەوە ڕۆیشت، لەکاتێکدا چاوەڕێ دەکرا وەک سەرەتای هەشتاکان لە لوتکەبێت. ئەم دابەزین و ڕقبوونەوە لە کورد و کوردستان و حزبی سیاسی کوردی، گەیشتۆتە ئاستێک، ئەگەر سەرۆکی هەرێم، ئیعلانی دەوڵەتی کوردی بکات و هەموو وڵاتانی جیهانیش بە ئاشکرا پشتگیری لەم کۆمارەی کوردان بکەن، خەڵکێکی زۆر دژی ئەم کۆمارە ئازادەی کوردستان دەوەستن. ئەم دژ وەستانە زیاتر ئاست نزمی وڵاتپارێزی کوردان پیشان دەدا، نەک پێچەوانەکەی.