داماڵینی پیرۆزییەکان

Kurd24

یەکێک لەو تاکتیکانەی کە داگیرکەران بۆ لە ناوبردنی گەلان و وێرانکردنی پاشخانی سیاسی، ئابوری و کلتورییان دەدەن، سڕینەوە و بێ بەها کردنی پیرۆزییەکانی یەتی. بە سووک کردن و لە نێو بردنی ئەو بایەخانە،  شیرازەی پتەوی ناو کۆمەڵگا دەپچڕێنن و گەل پەرتەوازە دەکەن و لە ئەنجامدا چوارچێوەی  پێکهاتەی نەتەوەیی و حوکمرانی لاواز  و توشی لێکترازان دەبێ و هەیکەلی پەیوەست بوونیان دادەڕمێ.  ئیتر هیچ  ئامرازێک نامێنێ  بۆ دروشم و یەکگرتن خۆیانی پێ بگرنەوە.

دەمێکە ستونی پێنجەم، خائین و خۆفرۆشان بە فیکەی دوژمن ئەو پیلانە نەگریسە لە ناو کورد جێبەجێی دەکەن. هەندێ لەو کێشانەش کە ئەمڕۆ گەلی کورد گیرودەی بووە لە ئەنجامی ئەو پیلانانەیە و بە داخەوە ئەم پرۆسەیە لە هەندێ شار بە خوڕترە و بە تین تر ڕەنگی داوەتەوە و بووەتە سۆنگەی قلیشانێکی قوول لە نێوان پێکهاتە سیاسی یەکانەوە  و خەلکیش بارگاوی کراون بە هزری  توندڕەوی ناوچەگەریی و شارچێتی و بووە هۆی لێکترازانی ناو کۆمەڵگا و بە شێوازێکی پراگماتیک و پلانداڕێژراو فراوانتر کرا  و بەردەوامە تا گەیشتە ئەم قۆناغەی ئێستا. ئەم پرۆسەیە بە چەندین قۆناغ و لە سەرخۆ و بە شێواز و کانتێکستی جیاواز پیادە دەکرێ:

- داماڵینی سیمبولە نەتەوەیی یەکان و چەواشە کردنی شوناسی نەتەوەیی.

- بێ بەهاکردنی سەرکردەکانی کورد چی لە ڕابردوو و چی لە ئێستا، بە تایبەت ڕابەرە نەتەوەیی یەکان و شۆڕشگێرەکان.

- سڕینەوە، یان چەواشە کردنی مێژووی سیاسیی و شۆڕشگێری گەلی کورد.

- شێواندنی کلتور و پیرۆزییە نەتەوەیی یەکانی گەلی کورد.

- دامەزراندنی کانالی ڕاگەیاندنی چەواشەکار بۆ بەردەوامبوون لە هەڵبەستنی درۆ و بوختان و تەشهیر و ناوزڕاندن .

- لە باربردنی متمانە لە بواری ئابووری نێوان هاوڵاتیان و حکومەت؛ داتاشینی داتاو ئاماری ناڕاست بۆ لە دەستدانی متمانەی هاوڵاتی لە حکومەت ( ئەمە نابێ پاساو بێ بۆ گەندەڵیی حکومەت).

- بێ بەهاکردن و سووک کردنی بیرۆکەی رێفراندۆم و سەربەخۆیی.

- سڕینەوەی ناو و مێژووی پێشمەرگە و چەواشە کردنی ئەرک و مافەکانی پێشمەرگە.

لەم دواییەدا، تێگەیشتوون کە پێشمەرگە تاکە پێگەی پاراستنی گەلی کوردستان و نیشتمانە. بۆیە دەخوازن، بە گشتگیر کردنی بێ ڕێزی بەرامبەر بە پێشمەرگە، ناوی پێشمەرگەش سووک بکەن و لە ئەنجامدا، لە زەینی خەڵک دا بەو شێوەیە بێ ڕێز و بێ بایەخ بهێلنەوە و لە ئاستی ئەو ڕێز وخۆشەویستی یەی کە پێشمەرگە لە ناو دڵی هەموو تاکێکی کورد هەیە کەم بکەنەوە. دەستپێکی ئەم پرۆسەیە ئەو کاتە بوو کە پێشمەرگەیان بە میلیشیا ناوزەت کرد. ئەو کاتەش ورووژێنرا کە پێشمەرگەیان بە پاسەوانی حیزب و بەرپرسان پێناسە کرد، بێ نادیدە گرتنی قوربانیەکانی پێشمەرگە بە درێژایی مێژووی شوڕشی کورد.

زۆر هەوڵیان دا لە کاتی نووسینی دەستوری ئێراق، بسڕنەوە، بەڵام لە لایەن سەرکردایەتی کوردەوە ڕێگریی لێکرا؛ لەم دواییانەش داستانەکانی شەڕی داعش و پردێ، خەوی لێ زراندوون و تێگەیشتوون کە سانا نیە بەرامبەریان بوەستنەوە، مەگەر لە ناوخۆ دوژمنایەتی پێشمەرگە بکرێت و ناوی بشێوێنرێ. دوژمنان دەبینن کە پێشمەرگە بەرامبەر پیلانی دابەشکاریی و داگیرکارییان بە وورەیەکی پۆڵایین وەستاوەو بەرپەچییان دەداتەوە، بۆیە کەمپێنێکیان ڕاگەیاندووە کە هەندێ بازرگان بوونەتە مەقاش و نرخی شتومەک دادەنێن. بەڵام بۆ پێشمەرگە دوو قاتی دەکەن...

بە داخەوە هەندێ لە ڕۆشنبیرانیشمان خۆیان خزاندووەتە ناو قولایی ئەم گەمەیە و بوونەتە برغویەک لەو مەکینە زەبەلاحەی کار لە سەر ئەم پرۆسەیە دەکەن.  دەگمەنن ئەو ڕۆشنبیرە راستەقینانەی کە درکیان بەم مەترسییە گەورەیە کردووە و زۆر کەمترن ئەوانەی کە ڕابوونە ئەم پەتایە چارەسەر بکەن.

پرسیار ئەوەیە لە پاش داماڵینی سەرجەم بایەخ و بەها کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری وکلتورییەکان ئیتر چی دەمێنێ پارچەکانی جەستەی ئەم نیشتمانە پێکەوە ببەستێتەوە و برینەکان هەتوان بکات و چۆن پێناسەی نەتەوە بە سەرجەم ڕەهەند و تایبەتمەندییەکانی وێنا دەکرێ؟ بۆیە بێگومان پاراستنی پێکهاتەکان وسیمبول و پیرۆزییەکانی نەتەوە، واتا پاراستن و مانەوەی نەتەوەی کوردە. نەتەوە ئەوکات زیندووە کە سەرجەم پێکهاتە مێژوویی، کلتووری و کۆمەڵایەتیی پاراستبێ و خاوەنداری لە سیمبولەکانی بکات.