ترهمپ وازناهێنێت!
هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵی سەرۆکایەتی ئهمهریكا (پڕ کێشەترین و پڕ سکاڵاترین و سەیر و سەمەرەترین) پرۆسەی هەڵبژاردن بوو لە مێژووی ئهمهریكادا، ئەویش بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەک، هەروەها هەڵسوکەوت و لێدوان و بانگەشە ناوازەکانی (ترهمپ) لەلایەکی تر.
پرۆسەی هەڵبژردنی سەرۆکی ئهمهریكا لە هەموو وڵاتانی جیهان جیاوازتر و ئاڵۆزترە و کاتێکی زۆرتری دەوێت، بە جۆرێک کەوا لە سەرەتای پرۆسەکەوە تا کۆتایی پرۆسەکە نزیکەی (18) مانگ دەخایەنێت، بەڵام دەستووری ئهمهریكا هەموو قۆناغەکانی پرۆسەکەی بە روونی رەنگڕێژکردووە، هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە کاتێک لە هەڵبژاردنی گشتیدا خەڵکی ئهمهریكا دەستەی هەڵبژاردن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) هەڵدەبژێرن، تا کۆتای پرۆسەکە و سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەڵبژێردراو.
ئەگەرچی (دۆناڵد ترهمپ) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی رابردوو شکستیهێنا، بەڵام تاکو ئێستا ئامادەنەبووە دان بە شکستی خۆیدا بنێت و پیرۆزبایی لە (جۆ بایدن) بکات، ئەگەرچی ئەم پیرۆزباییکردن و دان بەشکستنانە ئەرکێکی یاسایی نییە لە ئەستۆی ترهمپ، بەڵام عورفێکی دیموکراسی لەمێژینەی ئهمهریكا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوو مانگی رابردوودا ترهمپ لە کۆشکی سپی رایگەیاند "ئەگەر ئهنجومهنی هەڵبژاردن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆلیج) بایدن هەڵبژێرن، ئەوا دەسەڵات رادەستی بایدن دەکات و کۆشکی سپی بەجێ دەهێڵێت".
دوای ئەوەی لە ڕۆژی سێشەممە (2020/11/3) دەستەی هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکی ئهمهریكاوە هەڵبژێردران، دواتر لە رۆژی دووشەممە (2020/12/14) ئهنجومهنی هەڵبژاردنی ویلایەتەکان کۆبوونەوە و دەنگیاندا، لە ئەنجامدا بەربژێری دیموکراتەکان (جۆ بایدن) توانی (306) دەنگی (ئهنجومهنی هەڵبژاردن) بەدەست بهێنێت، لە بەرامبەردا (دۆناڵد ترهمپ) توانی تەنها (232) دەنگی ئەم دەستەیە بەدەست بهێنێت، واتە دەستەی هەڵبژاردن بە فەرمی (جۆ بایدن) بە سەرۆکی داهاتووی ئهمهریكا هەڵبژارد و (دۆناڵد ترهمپ)یش دوای رەتکردنەوەی سەرجەم سکاڵاکانی لەلایەن دادگای باڵا (Supreme Court) بە فەرمی دۆڕا و بەتەواوی نائومێد بوو لە دەرەنجامی سکاڵاکان و هەوڵ و کۆششەکانی تیمی یاسایی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بۆیە دوا هەوڵی ترهمپ لە ڕێگای فشاری شەقامەوە دەبێت، هەروەک لە تویتەردا داوای لە دەنگدەرانی کرد ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) بڕژێنە سەر شەقامەکان، پرسیارهكه ئهوهیه: بۆچی چوارشەممە؟
چونکە ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) دوا قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئهمهریكا لە کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت، ئەویش لە رێگای کۆبوونەوەی هەموو ئەندامانی کۆنگرێس (ئەنجومەنی پیران و نوێنەران) بە مەبەستی پەسەندکردنی (دەنگەکانی دەستەی هەڵبژاردن) و بە فەرمی راگەیاندنی براوەی هەڵبژاردنەکان و ناساندنی سەرۆکی داهاتووی ئهمهریكا.
ئەگەرچی لە ئێستادا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان روون و ئاشکران، بەڵام بە گوێرەی ماددەی (2)ی دەستووری ئهمهریكا، پێویستە ئەم هەنگاوانە ئەنجام بدرێن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە دواهەمین هەنگاو لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی (2021/1/20) ئەنجام دەدرێت، ئەویش بریتیە لە رێوڕەسمێکی شایستە (Inauguration Day) کە تیایدا سەرۆکی هەڵبژێردراو (جۆ بایدن) لەبەردەم کۆنگرێسی ئهمهریكا سوێندی یاسایی دەخوات و دەسەڵاتەکان لە (دۆناڵد ترهمپ) وەردەگرێت.
دیموکراسیەتی ئهمهریكا لەم چەند رۆژەی داهاتوودا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبێت، چونکە دۆناڵد ترهمپ تاکو ئێستا ئامادە نییە دەسەڵاتەکانی رادەست بکات، لەم چوارچێوەیەدا بە هاوکاری (11) سیناتۆر فشار دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بگۆڕێت، وەک ئەو فشارەی کە لە رۆژی شەممە (لە رێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یەک سعاتی) لە دەسەڵاتدارانی ویلایەتی جۆرجیای کرد، دوێنێش رۆژنامەی واشنتن پۆست ناوهڕۆكی پەیوەندییەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی جۆرجیا (ئەگەرچی کۆمارین و سەر بە پارتەکەی ترهمپن) ئامادە نەبوون بچنە ژێر فشاری ترهمپ، لەبەر ئەوە ترهمپ نا ئومێدبووە و تەنها رێگا لەبەردەمیدا مابێت ورووژاندنی شەقامی ئهمهریكایە بەمەبەستی کۆسپ دروستکردن بۆ پرۆسەی دەستبەکاربوونی (بایدن) و رادەستنەکردنی دەسەڵات، بەم هەڵسوکەتەشی ترهمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئهمهریكا (جیاواز لە 44 سەرۆکەکەی پێش خۆی) کە ئامادە نییە واز لە کورسی کۆشکی سپی بهێنێت و دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بێت، بەم شێوەیە ترهمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئهمهریكا کە بە عەقڵیەتێکی هاوشێوەی سەرۆکە رۆژهەڵاتییەکان بیربکاتەوە و ئەگەر بۆی بچێتە سەر تا کۆتایی رۆژەکانی وەک سەرۆکی ئهمهریكا بمێنێتەوە، بەڵام بە (هێزی) دەستوور و (پتەوی) رەگ و ریشەی دام و دەزگاکانی ئهمهریكا، رێگرن لە بەدیهاتنی خواستە تاکڕەوییەکانی ترهمپ.
بەهۆی سەرکێشیەکانی ترهمپ (کۆمارییەکان) جگە لە دۆڕاندنی کۆشکی سپی، ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان دۆڕاندووە، ئەگەر هەیە سبەی سێشەممە لە پرۆسەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ویلایەتی جۆرجیاش دیموکراتەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، لەم حاڵەتەشدا دیموکراتەکان دەبنە براوەی کورسی کۆشکی سپی و هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئهمهریكا (ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران).
٭کـــارۆخ خۆشناو
سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی (ئەمهریکی - کوردی)