ترەمپ و ترەمپیزم!

Kurd24

کارەکتەری (ترەمپ) وەک سەرۆکی ژمارە (45)ی ئەمەریکا قسە زۆر هەڵدەگرێت، لەگەڵ دەستبەکاربوونیشی لە (کۆشکی سپی) رەوتی سپی پێستی نەژاد پەرست (White Supremacist)  لەژێر سایەی چەتری (ترەمپیزم)دا گەیشتە لوتکە، بە جۆڕێک رووداوەکانی چوارشەممەی رابردوو کڵپەی ئەم رەوتەی گەیاندە (ترۆپک) و خەریک بوو کۆنگرێسی ئەمەریکاش بسووتێنێت، ئەم رووداوانەش هەموو جیهانی توشی شۆک کرد.

چاوەڕواندەکرێت ناوی (ترەمپ) وەک یەکەم سەرۆکی تاکڕەوی ئەمەریکا بچێتە ناو مێژوو، چونکە ترەمپ توانی لە رێگای پڕۆسەی دیموکراسی ئەمەریکاوە بگاتە ترۆپکی دەسەڵات و هەروەها توانی لە رێگای پڕاکتیزەکردنی مۆدێلێکی نا تەندروستی ناڕەزایی دەربڕین (لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان) ئەم سیستەمە بهەژێنێت، بەڵام هێرشکردنە سەر کۆنگرێس و بەزاندنی هێڵی سور، بوونە هۆی راچڵەکاندنی داڕێژەرانی بڕیاری ئەمەریکا، زۆربەیان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کەوا پێویستە لە رێگای یاساوە بە توندترین شێواز رووبەڕووی ئەم رەوتە تێکدەرە ببنەوە و سنوورێک بۆ ئەم شەپۆلە دژە دیموکراسیە دابنێن، ئەمەش لە پێناو پارستن و پتەوترکردنی سیستەمی دیموکراسی ئەمەریکا کە بە دایکی کۆی سیستەمە (دیموکراسیەکانی جیهان) دەشوبهێنرێت، بۆیە لە ئێستادا دیموکراتەکان و کۆماریەکان لەهەوڵدان تاکو پەرژینێکی (قایمتر لە جاران) بە دەوری دیموکراسیەتی ئەمەریکادا بکێشن، تاکو هیچ کارەکتەرێکی هاوشێوەی ترەمپ جورئەت نەکات جارێکی تر شکۆی سیستەمی دیموکراسی ئەمەریکا لەکەدار بکات و نەیارانی ئەم سیستەمەش دڵخۆش بکات.

لەم چوارچێوەیەدا لەلایەک لە سەر ئاستی ناوخۆی پارتی کۆماری، هەوڵی جدی لە ئارادان تاکو پارتەکەیان لەژێر چەپۆکی ترەمپ دەربهێنن، چونکە هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ هۆکاری سەرەکی بوون نەک تەنها بۆ لە دەستدانی کۆشکی سپی، بەڵکو بۆ دۆڕانی (پارتی کۆماری) لە هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس (پیران و نوێنەران)، ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک کارەکتەری دیاری  پارتی کۆماری نیگەران بوون لە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی پارتی کۆماری، بەڵام ئەوکاتە سەرکەوتوو نەبوون لە سنودارکرنی ترەمپ.

لەلایەکی تریش لە سەر ئاستی هەردوو  دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن هەوڵێک لە ئارادایە بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپی و کاراکردنی هەموواری (25)ی دەستوری ئەمەریکا، بەڵام چونکە ئەم پڕۆسەیە کاتی دەوێت، لەوە ناچێت ئەم هەوڵانە بگەنە ئامانج، بۆیە ترەمپ تا کۆتا رۆژەکانی خولەکەی واتە تاکو رۆژی چوارشەممە (2021/1/20) وەک سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات ووڵاتانی نەیاری ئەمەریکا تاکو (10) رۆژی تر دەستیان لەسەر دڵیان بێت، نەوەک ترەمپ گۆبەندێک بنێتەوە و گورزێک بوەشێنێت، بەمەبەستی تاڵکردنی مانگی هەنگوینی (بایدن) لە کۆشکی سپی، ئەم نیگەرانیەش لەوە سەرچاوەی گرتووە کەوا هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ پێشبینی نەکراون، بەتایبەت لە ئێستادا بەهۆی دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکان (سایکۆلۆژیای تڕمپ) ناجێگیر و توڕە دەردەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەر وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا هەموو دەسەڵاتێکی هەیە و کۆدی چەکی ئەتۆمیشی لەبەردەستە، بۆیە نیگەرانیەکان لە زیادبووندان.

لەبەرامبەردا بەهۆی ترسی ترەمپ لە لێپیچینەوەی یاسایی دوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، چاوەڕان دەکرێت لە کۆتا رۆژەکانی سەرۆکایەتیدا فەرمانی لێ خۆش بوون بۆ خۆی و بنەماڵەکەی دەربکات تاکو پارێزراو بێت لە هەر هەوڵێکی دادگاییکردن لە دوای نەمانی لە کۆشکی سپی.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەوەی هەفتەی رابردوو لە (واشنتن) روویدا لە مێژووی دیموکراسی ئەمەریکادا بێ وێنە بووە، ئەمەش وایکرد (ترەمپ) کۆی پڕۆسەی دیموکراسی لە ئەمەریکا و جیهاندا بخاتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەخت و وێنەی ناشرینترین سەرۆکی ئەمەریکا بۆ خۆی بکێشێت، بە جۆرێک ئەو هەوڵەی ترەمپ وەک جۆرێک لە خۆکوژی سیاسی (Political Suicide) لەقەڵەم درا و بەم هۆیەشەوە دوا بزماری لە تابووتی ژیانی سیاسی خویدا، لەبەر ئەوەی رووداوە نەخوازراوەکانی کۆنگرێس بە هاندان و بانگهێشتی ترەمپ ئەنجام دران، بۆیە چاوەڕووان دەکرێت دوای چەند رۆژێکی تر سەردەمی ژیانی سیاسی (ترەمپ) بۆ هەتا هەتایە کۆتایی پێ بێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت رەوتی (ترەمپیزم) بەم نزیکانە بە کۆتا بێت!

٭ کــارۆخ خــۆشناو (سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمەریکی-کوردی)