یه‌په‌گه‌ گرده‌سپى كۆنترۆڵكرد

روانگه‌ى سووریا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رایگه‌یاند، هێزى یه‌كینه‌كانى پاراسنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) به‌ ته‌واوه‌تى شارۆچكه‌ى

روانگه‌ى سووریا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رایگه‌یاند، هێزى یه‌كینه‌كانى پاراسنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) به‌ ته‌واوه‌تى شارۆچكه‌ى گرده‌ سپى هاوسنوورى توركیایان كۆنترۆڵ كرد.
دواى ئه‌وه‌ى 48 كاتژمێر ناوچه‌ى "سلوك" له‌ لایه‌ن یه‌كینه‌كانه‌وه‌ گه‌مارۆ درا، دوێنێ ئه‌و ناوچه‌یه‌ كۆنترۆڵكرا و هێزه‌كانى یه‌په‌گه‌ به‌ره‌و شارۆچكه‌ى گرده‌ سپى هاوسنوورى توركیا پێشڕه‌وییان كرد و توانییان ناوچه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌.
رامى عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوبه‌رى روانگه‌ى سووریا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، رایگه‌یاند، جگه‌ له‌ چه‌ند كۆڵانێكى شارۆچكه‌كه‌، كه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كدارى داعش خۆیان تێیاندا حه‌شارداوه‌ و ده‌رفه‌تى راكردنیان نه‌بووه‌، به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى شارۆچكه‌كه‌ كۆنترۆڵكراوه‌.
گرده‌ سپى، نزیكترین شارۆچكه‌یه‌ له‌ شارى ره‌ققه‌ى ناوه‌ندى چه‌كدارانى سه‌ر به‌ رێكخراوى "ده‌وڵه‌تى ئیسلامى".
رزگاركردنى ناوچه‌ى سلوك و شارۆچكه‌ى گرێ سپى نیگه‌رانى له‌ لاى حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ درووست كردووه‌.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دوێنێ سه‌رۆك كۆمارى توركیا، نیگه‌رانى خۆى له‌ "پێشڕه‌وییه‌كانى" یه‌په‌گه‌، له‌ دژى چه‌كدارانى رێكخراوى "ده‌وڵه‌تى ئیسلامى" ده‌ربڕى و رایگه‌یاند، "كورده‌كان، عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانییان كردووه‌ته‌ ئامانج" و گوتیشى: "دامه‌زراندنى كیانێكى كوردى ئاسایشى توركیا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركیا، رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 14ى حوزه‌یرانى 2015، رایگه‌یاند، نیگه‌رانه‌ له‌ پێشڕه‌وى هێزه‌ كوردییه‌كان به‌ره‌و گرده‌سپى و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر داهاتووى توركیا.
ئه‌ردۆغان، گوتیشى: "كورده‌كان، عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانیان كردووه‌ته‌ ئامانج و ته‌نیا له‌ هه‌فته‌ى رابردوودا 15 هه‌زار ئاواره‌ روویان له‌ توركیا كردووه‌".
هه‌روه‌ها گوتى: "هێزه‌كانى سه‌ر به‌ پارتى یه‌كێتى دیموكراتى و پارتى كرێكارانى كوردستان ئه‌و ناوچانه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌، كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ى ئاواره‌ بوون".
ئه‌ردۆغان، له‌ كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ ئازه‌ربایجان، دواى دابه‌زینى له‌ فڕۆكه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ى ئه‌و قسانه‌ى بۆ رۆژنامه‌نووسانى وڵاته‌كه‌ى كرد.
سه‌باره‌ت به‌ داهاتووى ناوچه‌كه‌ش، گوتى: "ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ سه‌ر ده‌كێشێت بۆ درووستبوونى كیانێكى كوردى و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ ئاسایشى توركیا و سنووره‌كانى و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك له‌ هه‌ستیارى ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كێشه‌یه‌ تێبگه‌ن".
شه‌ڕ و پێكدادانى نێوان یه‌په‌گه‌ و چه‌كدارانى داعش بووه‌ته‌ هۆى ئاواره‌بوونى هه‌زاران هاووڵاتى دانیشتووى ناوچه‌كه‌.
له‌ ماوه‌ى 10 رۆژى رابردوودا، به‌ هۆى شه‌ڕوپێكدادانى نێوان چه‌كدارانى داعش و یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل، زیاتر له‌ 15هه‌زار هاووڵاتى سوریا وه‌ك په‌نابه‌ر روویان له‌ سنووره‌كانى توركیا كردووه‌.