ئه‌پڵ نوێترين ڤيرژنى مۆبايل نمايش ده‌كات

Kurd24

K24 – ھەولێر

كۆمپانیای ئەپڵ نوێترین ڤێرژنەكانی مۆبایلی نمایش كرد بە كۆمەڵێك تایبەتمەندی و چاوەرێ دەكرێت بەم نزیكانە بخرێتە بازارەكانی جیھان، ئەوەش له‌ كاتێكدایە دۆخی ئابووری جیھان خواستی لەسەر بەرھەمە تەكنەلۆژیەكانی زۆربەی كۆمپانیاكان كەم كردووه‌ته‌وه‌.

كۆمپانیای ئەپڵ لە نوێترین نمایشیدا كە لە شاری سان فرانسیسكۆ لە ئەمریكا بەڕێوەچوو، پەردەی لەسەر چەند ئامێرێكی نوێ لادا.

تیم كوك، بەرێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئەپڵ، بە باسكردنی نوێكاریەكانی ئەپڵ واتتچ، دەستی پێكرد.

پاشان چەند ئامێرێكی نوێ نمایش كران، وەك "ئەپڵ تیڤی، ئایپاد پرۆ و I phone 6s و I phone 6s plus".

گرنگترین ئەو گۆرانكاریانەی ئەپڵ لە ئایفۆنە نوێیەكانیدا كردوونی، گۆرینی پرۆسێسەرە لە ئەی ھەشتەوە بۆ ئەی نۆ و زیاد كردنی force touch لە شاشەكەیدا و زیادكردنی روونی كامێرا بۆ 12 مێگا پێكسڵ. زیاتریش لەوانە گرنگیدانی بە شاشە و توانای كارپێكردنی ڤیدیۆی جۆری فۆر كەی و 3d.

بەرزی ئایفۆنی شەش ئێس، 7,8 ملیمەو شەش ئێس پڵەس 7,3 ملیمە، بە بەراورد بە ئایفۆنی شەش، قەبارەی گەورەتر بووە.

ئەپڵ گۆرانكاریەكی ئەوتۆی لە پاتریدا نەكردووە، لە كاتێكدا كێشەیەكی گەورەیە بۆ بەكارھێنەرانی ئایفۆن.

پاترى شەش ئێس گه‌ورەكەی دەگاتە 1810 ملی ئەمپێر و شەش ئێس پڵەسیش دەگاتە 2900 ملی ئەمپێر.

ھەر لەم كۆنگرەیەدا سیستەمی بەگەرخەری نوێ، كە بریتیە لە (IOS9)   بۆ ئایفۆن راگەیاندرا، پشتگیری لە ئایفۆن فۆر جی بەسەرەوە دەكات.

لە 25ی ئەم مانگە ئایفۆنە نوێكە دەكەوێتە بازارەوە و لە 16 ی مانگیشەوە بەكارھێنەران دەتوانن سیستەمی ئایفۆنەكانیان بەرز بكەنەوە بۆ ئای ئۆ ئێسی نۆ.

وێرای سستبوونی ئابووری جیھان، ئەپڵ بەكارھێنەری لە دەست نەداون و خەڵكێكی زۆر لە سەرانسەری جیھان بە تامه‌زرۆى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نوێيانه‌ن.