به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان 14 ترلیۆن دیناره‌

Kurd24

K24- هه‌ولێر
بەشە پارەی ھەرێمی كوردستان، لە بودجەی ساڵی 2016ی عێراق، بەبڕی نزیكەی 14 ترلیۆن دینار دیاری كرا.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (17.9.2015) فازڵ نەبی، بریكاری وەزارەتی دارایی حكوومه‌تی عێراق، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ (K24)ی ڕاگه‌یاند كه‌ ھەرێمی كوردستان وەك ساڵانی رابردوو، بەرێژەی 17% پشكی لە بودجەی عێراقدا ھەیە، بەڵام بەھۆی كورتھێنان لە بودجەی ئەمساڵ، بەشە پارەی ھەرێمی كوردستانیش كەمكراوەتە.
ئاماژەی به‌وەش دا كه‌ لەسەر ھەمان رێكەوتنی ساڵی پێشوو، بودجەی ئەمساڵی ھەرێمی كوردستانیش بنیاتنراوە و كار لەسەر رێكەوتننامەی پێشوو دەكرێت.
لەبارەی رێكەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەمەڕ فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی كوردستان، بریكاره‌كه‌ی وەزارەتی دارایی عێراق گوتی: "بەھەمان شێوەی جارانە و ھیچ گۆڕانكاریەك نەكراوە".
بودجەی گشتی عێراق بۆ 2016، بە بڕی 113 ترلیۆن و 500 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت. دۆێنی پلانی ئه‌و بودجه‌یه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كراوه‌ و چاوه‌ڕوانی په‌سه‌ندكردنی ده‌كرێ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه‌.