حه‌شدی شه‌عبی به‌ نیازی كۆده‌تایه‌

Kurd24

K24- به‌غدا

بەھۆی یاسای پاسەوانی نیشتیمانییەوە، ناكۆكی دەكەوێتە نێوان حەشدی شەعبی (جمینی میللی) و سەرۆك وەزیرانی عێڕاقەوە، باس لەوە دەكرێت، كە ئه‌و هێزه‌ بە ھاوكاری ئێران، پیلانی بۆ كودەتا لە عێراق داناوە.

چەكدارانی سوپای حەشدی شەعبی كه‌ هادی عامری سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ئامادەكاری بۆ كودەتای سەربازی، لە دژی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەكەن. سەركردەیەكی "عەسایبی ئەھلی حەق"یش كە بەشێكە لە حەشدی شەعبی، بڵاوی كردووه‌تەوە، كە ھۆكاری كودەتاكە، تێپەڕاندنی یاسای پاسەوانی نیشتمانیە، لەلایەن حەیدەر عەبادیەوە، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پشتگری ئەمه‌ریكیەكان بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە، چونكە ئەمه‌ریكا دەیەوێت ھێزێكی سوننی بەھێز لە بەرانبەر حەشدی شەعبی لە عێراق پێكبھێنێ. گوتیشی: "كودەتاكە زۆر نزیكە".
به‌ڵام ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌و ده‌نگۆیه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و دەڵێت: "ئەو ھەواڵانە دوورن لە ڕاستی كە باس لە بوونی ناكۆكی لە نێوان حەشدی شەعبی و حەیدەر عەبادی دەكەن".

بەپێی زانیاریەكانی (K24)، سەركردەكانی حەشدی شەعبی لە تاران، پایتەختی ئێران لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودس، ئەو پلانەیان داناوە و بەپێی پلانەكە، دوای كودەتاكە، ھادی عامڕی، سەركردەی حەشدی شەعبی، دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق و حەشدی شەعبی دەسەڵات لە عێراق بەدەستەوە دەگرێت.

قاسم سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكی ھاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەدا، ناڕەزایی خۆی سەبارەت بە چاكسازیەكانی حەیدەر عەبادی دەردەبڕێت و بە عەبادی دەڵێت: "نابێ ھیچ كارێكی یاسایی بەرامبەر نوری مالكی بكرێ و دۆسیەی گەندەڵیەكانی ھەڵبدرێتەوە، دواتر قاسم سلێمانی بە توڕەییەوە كۆبوونەوەكەی جێ ھێشتووە".