هه‌نگاريا گازى فرمێسكڕێژ له‌دژى په‌نابه‌ران به‌كارده‌هێنێت

Kurd24

K24 – ھەولێر

له‌به‌رانبه‌ر ناڕەزایی دەربڕینى په‌نابه‌ران به‌وه‌ى رێگەیان پێ نادرێت لەسربیاوە بچنە ھەنگاریا، پۆلیسی ھەنگاریا گازی فرمێسکڕێژ ‌و ئاو لە دژی سەدان پەنابەر بەکارھێنا.

دوای بڕیاری داخستنی سنووری زەمینی لەنێوان ھەنگاریا و سربیا و تەل بەندکردنی ئەو سنوورە، ئێسته‌ ھەزاران پەنابەر لەنێوان ئەو دووڵاتە گیریان خواردووە كە دەیانه‌وێ لەوێوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كۆچ بكەن.

حکوومەتی ھەنگاریا چەند رێنمایی و یاسایەکی تایبەت بە پەنابەرانی دەرکرد و باری نائاسایی لە دوو ویلایەتی خۆی راگەیاند، و بڕیاریدا ئەو پەنابەرانەی ديواره‌كه‌يان ببەزێنن دادگایان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنێکی دادوەری دامەزراندووە و دەسەڵاتی زیاتر دراوە بە پۆلیسی سەرسنووری ئەو وڵاتە لەبارەی چۆنیيەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران کە بەپێی ئەو دەسەڵاتە دەتوانن داوای ھێزی پشتیوانی لەسوپا بکەن گەر پەرلەمان رەزامەندی لەسەر پیشان بدات.

کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران داوای لەحکوومەتی ھەنگاریا کرد، رونکردنەوەیان پێ بدات لەبارەی یاسا نوێیەکانی تایبەت بە کۆچکردنى ئەو وڵاتە پێڕەویان دەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو یاسایانەدا بەراوردی بکەن کە لەیەکێتی ئەوروپا کاری پێ دەکرێت.

پۆلیسی ھەنگاریاش بڵاویکردووەتەوە: "پەنابەرەکانی بەری سنووری سربیا تووندوتیژتر رەفتاردەکەن ‌و دەستیانکرد بەتێگرتنی بەردو بوتڵی ئاو و دار بۆ ھێزەکانی پۆلیس لەبەری سنووری ھەنگاریا، ھەروەک بەربەستەکانی سنووریشیان بەزاند".

نزیکەی ٥٠٠ پەنابەر بەشدارییان کردووە لەخۆپیشاندانەکەدا‌و بەھۆی بەکارھێنانی گازی فرمێسکڕێژ لەلایەن پۆلیسەوە، چەند منداڵێکی ئەو پەنابەرانە تووشی کێشەی ھەناسەدان‌و ئازاری چاو بوون.