باس لە ئازاد كردنی ئۆجەلان دەكرێ

Kurd24

K24- ژووری هه‌واڵ
سایگ ئۆزتورك، نوێنەری نووسینگەی ئەنقەرەی رۆژنامەی سۆزچو رایدەگەیەنێ كە دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادكردنی ئۆجەلانی داوە.


ئۆزتورك لە گوتارێكیدا دەڵێت: "دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئەوروپا لە بڕیارەكەیدا سزای ھەتاھەتایی بە سزایەكی دوور لە مرۆڤایەتی وەسف دەكات، بەپێی بڕیارەكە ئەو كەسانەی سزای ھەتاھەتایی دراون، دەبێ بە مەرج ئازاد بكرێن.
ئۆزتورك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە بەپێی ئەو بڕیارە رێگا بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان دەكرێتەوە.
ئەم بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوڕوپا، گفتوگۆ سەبارەت بە ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان لە توركیا دەخاتە بەرباس و گفتوگۆ.
ھەر لەسەر ئەو بڕیارە، ئەمرە ئاكۆز، نووسەری رۆژنامەی "سەباح" لە گوتارێكیدا دەڵێت: "لەچوارچێوەی چارەسەركردنی پرسی كورد، مرۆڤ دەتوانێت ئۆجەلان لە زیندان دەربھێنێت و لە ماڵێك دا، لەژێر چاودێری، مافی دانوستاندنی پێ بدات".


عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری و دامەزرینەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ، لە 15.2.1999 لە وڵاتی كینیای رۆژھەڵاتی ئەفریقا دەستگیر كرا، دواتر لە رێگەی ئاسمانەوە بە فرۆكەیەك گواسترایەوە، توركیا و خرایە زیندانی كەسی لە دوورگەی ئیمرالی لە دەریای مەڕمەڕ، ئێسته‌ لەگەڵ ئەو بڕیارەی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئەوڕوپا جارێكی دیكە پرسی ئازادكردنی دەبێتە باس و خواسی لە ناو ھەندێك رۆنامەنووس و رۆشنبیرانی توركیا.