خورماتوو.. حه‌شدی شه‌عبی ماڵه كورده‌كان ده‌سووتێنێ
K24- خوورماتوو
حه‌شدی شه‌عبی له شارۆچكه‌ی خورماتوو چه‌ند ماڵێكی كوردی سووتاندووه و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌قیش هه‌ڕه‌شه له كورد ده‌كا.
له گه‌ڕه‌كی "حه‌ی عه‌سكه‌ری" له شارۆچكه‌ی خورماتوو (77كم، باشووری كه‌ركووك) چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی، هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر چه‌ند ماڵێكی كورد و سوتاندوویانه، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێسته زیانه گیانییه‌كان نه‌زانراوه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی (13.11.2015) توركمانه‌كانی ئه‌و شاره هه‌وڵی سووتاندنی چه‌ند ماڵێكی كوردیان داوه به‌ڵام ڕێگرییان لێ كراوه.
شارۆچكه‌ی خورماتوو به‌سه‌ر دوو به‌شه، ڕووی رۆژهه‌ڵاتی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی، توركمانی شیعه‌ن و كه‌مینه‌یه‌كی كوردیشی تێدایه، رووی رۆژئاواشی زۆرینه‌ی كوردن، ئه‌و كێشانه‌ی له‌و شاره دروست ده‌بێ، بۆ ئه‌و ماڵه كوردانه‌یه كه له‌ناو گه‌ڕه‌كه توركمانه‌كاندان.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، گوته‌بێژی سه‌ربازیی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق، سه‌باره‌ت به شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی شاروچكه‌ی خورماتوو له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڕه‌شه ده‌كات و ده‌ڵێت عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق چاوه‌ڕوانی دانوستانه، ئه‌گه‌ر كورد وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بۆ دانوستانه‌كان نه‌بوو، ئه‌وان به توندی وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه.
جه‌واد تلییباوی، گوته‌بێژی سه‌ربازیی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه كه "شێخ قه‌یس خه‌زعه‌لی" سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی خورماتوو فه‌رمانی كردووه چاوه‌ڕوانی دانوستان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر كورد وه‌ڵامیان نه‌بوو بۆ دانوستانه‌كان ئه‌وكات، به توندی وه‌ڵامی كورد ده‌ده‌نه‌وه".