شێخ جەعفەر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌كا

Kurd24

K24- ژووری ھەواڵ
فەرماندەی ھێزەكانی 70، پەیامێكی توند ئاڕاستەی حەشدی شەعبی دەكات و ده‌ڵێ: "كه‌ڵه‌گایی له‌ كه‌س قبووڵ ناكه‌ین".


شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەكانی 70ی سەر بە وەزارەتی پێیمەرگە ده‌ڵێ: "کەڵەگایی لەکەس قبووڵ ناکەین و هیچ تەحەددایەک و زوڵمێکمان قبووڵ نییە بەرانبەر میللەتی کورد".
ناوبراو له‌ درێژه‌ی ئه‌و قسانه‌یدا كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، لەبارەی ئامادەكاری ھێزی پێوشمەرگە لەو مەترسیانەی لەسەر ماڵە كوردەكان و شارەكە ھەیە، نووسیویه‌تی: "هێزمان ناردوە بۆ خورماتوو، ئەگەر ناچارمان بکەن شەڕ دەکەین و ئەوانیش وەک دوژمن سەیر دەکەین و بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە".
دوای ئاڵۆزییەكانی قەزای خورماتووی لە سنووری پارێزگه‌ی كەركووك و روودانی شەڕ لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، شەوی رابردوو (13.11.2015) شێخ جەعفەرشێخ مستەفا فەرماندەی ھێزەكانی 70ی پێشمەرگەی كوردستان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، ئەو پەیامە تووندەی ئاراستەی حەشدی شەعبی كردووە.


رۆژی پێنجشەمە (12.11.2015) لە شارۆچكەی خورماتوو شەڕ لە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی رووی دا، تا ئێستەش ئەو شەڕە بەردەوامی ھەیە.
قەزای خورماتوو (77كم، باشووری كه‌ركووك) بەسەر دوو بەش پێكھاتووە، رۆژھەڵاتی زۆرینەی دانیشتوانەكەی توركمانی شیعەن و كەمینەیەكی كوردی تێدایە، رۆژئاوای شارۆچكەكە زۆرینەی دانیشتوانی كوردن، لە كێشەكانی ئەم چەند رۆژەدا لەوێوە كێشە بۆ ئەو ماڵە كوردانە دروستكراوە و چەند ماڵێك سووتێنراوە.