ئەنەكەسە دەیەوێت بە شاندێکی سەربەخۆ بەشداری لە کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بکات

ئەنکەسە داوای پشتگیریی لە بارزانی دەکات

K24- ھەولێر

سەرکردەیەکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند كە داوا دەكەن بە شاندێكی سەربەخۆ بەشداری لەو کۆنگرە و کۆبوونەوانە بکەن، کە بۆ چارەسەری پرسی سووریا ئەنجام دەدرێن.

 

فەیسەڵ یووسف، ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی ئەنەكەسە لە میانی بەشداریكردنی لە رووماڵی ھەواڵی كوردستان24 لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گوتی: "كارەكانی ئەنەكەسە لە بەرچاوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەوروپا روونە، وەك ھێزێك خاوەن تێڕوانینی سەربەخۆیی خۆیەتی لە ناو ئۆپۆزسیۆنی سووریادا".

لەبارەی بەشداریكردنییان لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا یووسف فەیسەڵ گوتی: "داوای پشتگیریمان لە سەرۆك بارزانی كردوە، وەك رابەری پڕۆژەی نەتەوەیی كورد، وەڵامەكانی بارزانیش بۆ ئێمە ئەرێنی بوون".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوان داوایان كردووە، بە شاندێكی سەربەخۆ بەشداری لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا بكەن.