مه‌سرور بارزانی: باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراق ببینه‌ دوو هاوسێی باش

Kurd24

K24 - هه‌ولێر:

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، ئاماژه‌ به‌ كۆتاییپێهێنانی رێكخراوی داعش كرد و رایگه‌یاند‌، بۆ له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌، پێشمه‌رگه‌ پێویستی به‌هاوكاری زیاتری سه‌ربازییه‌ و سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی عێراقیش روونیكرده‌وه‌، "باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوولا ببینه‌ دوو هاوسێی باش".

هاوكات داواشی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رێگا چاره‌یدیكه‌ تاقیبكه‌نه‌وه‌.

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند، "به‌هۆی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، رۆژ به‌رۆژ كه‌لێنی نێوان پێكهاته‌كانی زیاتر ده‌بێت".

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی  هه‌رێمی كوردستان، وێڕای باسكردن له‌ "رێگاچاره‌ی ئاشتییانه‌ی" كێشه‌كان، گوتیشی: "باشترین چاره‌سه‌ر بۆ كۆتاییپێهێنان به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئه‌وه‌یه،‌ له‌گه‌ڵ عێراق ببینه‌ دوو هاوسێی باش".

له‌ باره‌ی قه‌یرانی داراییشه‌وه‌، مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاند، "پێویسته‌ رێگا نه‌درێت ئه‌و قه‌یرانه‌ ببێته‌ هۆی وه‌ستاندنی پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".

قسه‌كانی مه‌سروور بارزانی له‌میانه‌ی پێشوازیكردن له‌ "سیسێل برێی"، باڵیۆز‌ی نه‌رویژ له‌ ئه‌رده‌ن و شاندی یاوه‌ریدا هاتن، كه‌ ئه‌مڕۆ 29ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2015، به‌ سه‌ردانێك گه‌یشتنه‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.