به‌ ڤیدیۆ: باشترینەکانی وەرزی رابردووی لالیگا دیاری كران

یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ کۆی ٨ خەڵات پێنج خەڵاتی بەدەستهێنا
kurdistan24.net

k24 ـ ژووری هه‌واڵ

لە مەراسیمێکی تایبەتدا، باشترینەکانی وەرزی رابردووی لالیگا خەڵات کران، یانەی بارسێلۆنا کە وەرزی رابردوو بووە پاڵەوانی خولەکە، لە کۆی ٨ خەڵات پێنج خەڵاتی بەدەستهێنا...

 

دوای ئەوەی وەرزی رابردوو یانەکەیان لە کۆی پێنج ناسناو چوار ناسناوی بەدەستهێنا، یاریزانانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئەمجارەیان لەسەر ئاستی کەسی دەستیان بە دروێنەی دەستکەوتەکان کرد و زۆربەی خەڵاتەکانی وەرزی رابردووی لالیگایان قۆرخ کرد.

دیسانەوە مێسی قۆرخکاربوونی خۆی بۆ دەستکەوتە کەسییەکان دووپاتکردەوە و بە تەنیا دوو جار خەڵات کرا، جارێکیان بە باشترین هێرشبەر و جارێکی دیکەش بە باشترین یاریزانی خولەکە هەڵبژێردرا.

لە لایەکی دیکەوە هەر لە بارسێلۆنای پاڵەوانی وەرزی رابردوو، لویز ئێنریکی و کلاودیۆ براڤۆ و نێیمار داسێلڤا  بە باشترین راهێنەر و گۆڵپارێز و باشترین یاریزانی ئەمریکای لاتینی لە خولەکە  هەڵبژێردران و ئەوانیش ئەو شەوەیان بەبێ خەڵاتکران بەڕی نەکرد.

خامێس رۆدریگێز و سێرخیۆ رامۆس دوو نوێنەرەکەی یانەی ریال مەدرید بوون و بە باشترین ناوەڕاستکار و بەرگریکاری وەرزی رابردووی لالیگا دەستنیشانکران، کریستیانۆ رۆناڵدۆش بیجگە لەوەی هیچ خەڵاتێکی پێنەدرا، خۆیشی لە مەراسیمەکەدا ئامادە نەبوو.

سوفیان فیغۆلی تاکە یاریزانی یانەکانی دیکەی ئیسپانیا بوو، کە یاریزانی بارسا و ریال نەبێت و خەڵات بکرێت، کە بە باشترین یاریزانی ئەفریقی بەشدار بوو لە لالیگا دەستنیشانکرا.