به‌ ڤیدیۆ.. جەباریاوەر: ئیتاڵیا رەزامەندی لەسەر داواكانمان دەربڕیوە

لاریيان لەسەر داواكردنی چەك و تەقەمەنی نەبوو بۆ پێشمەرگە
kurdistan24.net

K24- رۆما:

فەریق جەباریاوەر ئەندامی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رۆما رایگەیاند وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و ئەنجوومەنی پیران رەزامەندیان لەسەر داواكانیان دەربڕیوە بۆ دابین كردنی پێداویستیەكانی ھێزی پێشمەرگە.

جەبار یاوەر ئەندامی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتی ھەواڵەكانی (كورستان 24) گوتی: "لە ماوەی دوو رۆژ كۆبوونەوەمان لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومی و ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا ئەو ئاماجەی كە مەبەستمان بوو جێبەجێكرا. وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و ئەنجوومەنی پیران رەزامەندیان لەسەر داواكانیان دەربڕیوە بۆ دابین كردنی پێداویستیەكانی ھێزی پێشمەرگە".

گوتیشی: "شاندەكە ھەلومەرجی كوردستانی بۆ وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و وەزیری دەرەوەی ڤاتیكان و ئەنجوومەنی پیران رونكردەوە. ھەروەھا پشتیوانیان دەربڕی كە ھەموو ھاوكارییەك بدرێتە پێشمەرگە و جگە لەوەش داكۆكیان لەسەر ئەوەكرد كە ھاوكاری مرۆی بۆ ئاوارەكان بدرێتە ھەرێمی كوردستان".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رونیكردەوە :" لەو كۆبوونەوەكاندا  باسی پیداویستیەكانی پێشمەرگە و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و قەیرانی دارایی و باسی شەڕەكانی و ھێزەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان كرا لە ئازادكردنی چەندین شوێن لە دەستی رێكخراوی داعش بە تایبەتی دواین ئۆپەراسیۆنی گەورەی پێشمەرگە كە ئازاد كردنی شنگال بوو. ئەوانیش پیرۆزباییان لە سەركەوتنەكانی ھێزی پێشمەرگە كرد و زۆرباسی قارەمانیەتی پێشمەرگەیان كرد كە لە جیاتی ھەموو جیھان شەڕی داعش دەكات.

جەبارە یاوەر دەڵێت:" داوامان كرد كە فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان بەردەوام بن لە پشتوانی كردن لە ھێزی پێشمەرگە، ھەروەھا درێژە بە مەشقەكانیان بۆ پێشمەرگە بدەن و تەقەمەنی بۆ ئەو چەكانە دابین بكەن كە پێشتر وەرمانگرتوون. ھەر لەگەڵ ئەوەشدا داوای ھەندێك چەكی دیكەی گەورە و بچوك و پێداویستی سەربازی و تەندروستیمان بۆ ھێزی پێشمەرگە كردووە.

راشیگەیاند:" ئەوان لاریان نیە لەسەر ئەو چەكانەی داوامان كردووە، تەنانەت كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ باسی ئەوەیان كرد كە وڵاتانی ئەوروپا 3ملیاردۆلاریان داوەتە توركیا بۆ ئاوارەكان كە دەبێ ھەرێمی كوردستانیش بەشی ھەبێت لەو بڕە پارەیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە كەریم سنجاری وەك سەرۆكی شاندەكە بە روونی باسی ئەوەی كرد ئەو چەك و تەقەمەنیانە راستەخۆ بدرێن بە ھەرێمی كوردستان چونكە ھەم خێراتر دەگات و ھەمیش وەك خۆی دەگات.