قوتابخانەیەك لە چیای شنگال دەكرێتەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانیی قوتابخانەیەكی لەسەر چیای شنگال كردەوە و پێداویستی خوێندیشی بەسەر قوتابیان دابەشكرد.

K24- ھەولێر

دەزگای خێرخوازیی بارزانیی قوتابخانەیەكی لەسەر چیای شنگال كردەوە و پێداویستی خوێندیشی بەسەر قوتابیان دابەشكرد.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا موسا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوایی بارزانیی رایگەیاند: "بە مەبەستی دانەبڕانی قوتابییە ئێزیدییەكان لە پڕۆسەی خوێندن، وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانیی قوتابخانەیەكی 12 پۆلیمان لەسەر چیای شنگال كردەوە، ھاوكات پێداویستیی خوێندنیشمان بەسەر قوتابیان دابینکرد".

موسا ئەحمەد گوتیشی: "دابینكردنی مامۆستا و بەڕێوەبردنی كارەكانی قوتابخانەكە بە حكوومەتی ھەرێمی کوردستان سپێردراوە".

جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوایی بارزانیی ئاماژەشی کرد کە: "لە دوای كارەساتی شنگال وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانیی بەردەوامین لە پێشکەشکردنی كۆمەك و ھاوكاریی بە ئامانجی زیاتر خزمەتكردنی ئاوارەكانی شنگال".

لە سەرەتای شەڕی داعش و ئاوارەبوونی بەشێك لە ھاوڵاتیانی باشوور و رۆژوئاوای كوردستان یەكێك لەو دەزگا نێوخۆیانەی بەردەوام بوو لە ھاوكاریكردنی ئاوارەكان دەزگای خێرخوازیی بارزانیی بوو بەتایبەتیی لە شارۆچكەکانی شنگال و كۆبانێ.