ڕاپۆرتێكی شیكاریی له‌ باره‌ی یارییه‌كانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنس لیگ

جارێكی دیكه‌ مێژووی نێوان ئارسناڵ و بارسێلۆنا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌

K24 ـ ژووری هه‌واڵ

ڕووخساری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنس لیگ به‌دیار كه‌وت، لە ٢٣ـی مانگی شووباتی ٢٠١٦ كاتێك یارییه‌كانی ئه‌م قۆناخ ده‌ست پێده‌كات، مێژوو خۆی لە ناو یاریگای ئیمارات دووبارە دەکاتەوە.

 

ئارسناڵ ـ بارسێلۆنا

یانەی ئارسیناڵی خاوەن یاریگا لە یاری چوونی قۆناخی ١٦ـی چامپیۆنزلیگ میوانداریی یانەی بارسێلۆنەی ئیسپانی دەکات.

ڤینگەری راھێنەری یانەی ئارسیناڵ شازدەھەمین جارە دەگاتە قۆناخی ١٦ چامپیۆنز لیگ،

ئارسیناڵ لە چامپیۆنزلیگ حەوتجار رووبەرووی یانەی بارسێلۆنە بووەتەوە، تەنیا یەک جار توانیویەتی بلوگرانا تووشی شکست بکات و ٤ یاری پێ دۆڕاندووە و دوو یاریش بە بەرامبەر بوون بۆ ھەردوولا کۆتایی پێ ھاتووە.

دیارترین یاریزانی ئەم رکابەرییەش لیۆنێل مێسییە کە حەوت یارییە توانیویەتی ٦ جار تۆڕی یانەی ئارسیناڵ بھەژێنێت.

 

بایرن میونشن ـ یوڤێنتووس

لە یارییەکی تری ھەمان قۆناخ کە ھیچی کەمتر نییە لە یاری پێشوو یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی رووبەرووی یانەی یوڤێنتووسی ئیتاڵی دەبێتەوە.

خانمەپیرەکە لە وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ بووە دووەمی پاڵەوانییەتییەکە ئەمساڵێش دوای کڕینی مانزۆگیچ و دیبالا و چەند یاریزانێکی تر ھێزێکی زۆری بۆ گەڕاوەتەوە، یوڤی لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە پلەی دووەمی کۆمەڵەی چوارەم ھات و قەدەر ئەو یانەیەی رووبەرووی یانە زەبەلاحەکەی ئەڵمانیای کردەوە کە ئەویش بایەرن میونشنە.

باڤارییەکان وەرزی رابردوو تا قۆناخی پێش کۆتایی ھەنگاویان نا، بەڵام پێکان چەند یاریزانێکی لێ دابڕاند و لەو قۆناخە لە بەرامبەر بارسێلۆنەی ئیسپانی کرانە دەرەوە،

بەڵام بایرنی ئەمساڵ جیاوازە لە خولی وڵاتەکەی كه‌ سەرلیستی خوله‌كه‌ی گرتووە و لە چامپیۆنزلیگیش بە یەکەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوتووە، سەرەڕای ئەوەش تیمەکەی گواردیۆلا خۆی نوێ کردووەتەوە بە چەند یاریزانێکی ئاست بەرز، لە سەرووی ھەموانیش دۆگلاس کۆستای بەرازیلی کە لەم وەرزە قاچی لە زۆربەی گۆڵەکانی بایرندایە.

 

ئایندهۆڤن ـ ئاتڵێتیكۆ مه‌درید

ئاتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی لە قۆناخی شازدە رووبەرووی یانەی ئایندھۆڤنی ھۆڵەندی دەبێتەوە تا رادەیەک ئاستی ھەردوو تیم لەیەکەوە نزیکە، بەڵام سەرۆکی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ھەر دوای تیروپشکەکە گوتی خۆشحاڵم کە بۆ سێیەمین وەرز لەسەر یەک بۆ ئەم قۆناخە سەردەکەوین، ئەم وەرزەش ئەرکمان قورسە بەرامبەر بە یانە ھۆڵەندییەکە.

 

دینامۆ كێیڤ ـ مانچسته‌ر سیتی

ئه‌گه‌رچی یانەی مانچستەرسێتی بە رواڵەت ئەرکی له‌ بەرامبەر یانەی دینامۆ کێیڤ ـی ئۆکراینی ئاسانە، بەڵام ئەو دینامۆ لە کۆمەڵەکەی یانەی چێڵسی و پۆرتۆ و ماکابی تیل ئەڤیڤ پلەی دووەمی بەدەست ھێنا، بۆیە یانەکەی مانچستەر دەبێت ئەو یانەیە به‌ بچووک سەیر نەکات.

ھەرچەندە یانەی مانچستەرسیتی بە ئەستێرەکانی وەک ئەگوێرۆ و سێلڤا و یایا تۆرێ دەنازێت، بەڵام ھەمیشە تیمە بچووکەکان بۆ یانە گەورەکان جێگای مەترسی بوون.