سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی ئەمریكا کۆدەبنەوە

رەوشی ناوچەكە و شەڕی داعش تاوتوێ دەكەن

K24- ھەولێر

ئاشتۆن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا كەمێك پێش ئێستا بە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر گەیشتە ھەرێمی كوردستان و بڕیارە لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كۆببنەوە.

دوای نیشتنەوەی فڕۆكە سەربازییەكەی لە فڕۆكەخانەی ھەولێر كارتەر و شاندی یاوەری لە لایەن قوباد تاڵەبانیی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كەریم شنگالیی، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت پێشوازی لێكرا.

بەپێی زانیارییەكانی (كوردستان24) ئەمڕۆ مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ئاشتۆن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا كۆدەبنەوە و رەوشی ناوچەكە و شەڕی داعش تاوتوێ دەكەن.

لەم سەردانەیدا كارتەر لەگەڵ راوێژكار و بەرپرسانی سەربازیی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمریكا دوێنێ بە سەردانێكی چاوەڕواننەكراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆبووەوە، ئەو سەردانەی كارتەر دوای ئەوە هات كە باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند وڵاتەكەی ھێرشەكانی بۆسەر چەكدارانی داعش چڕتر دەكاتەوە.