رۆژئاواى كوردستان.. 9 هاووڵاتى ده‌ستبه‌سه‌ر كران

په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ رۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ رايگه‌ياند، هێزه‌كانى ئاسايشى رۆژئاواى كوردستان 9 هاووڵاتييان ده‌ستگيركردووه‌

K24 – قاميشلۆ:

په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ رۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ رايگه‌ياند، هێزه‌كانى ئاسايشى رۆژئاواى كوردستان 9 هاووڵاتييان ده‌ستگيركردووه‌، كه‌ به‌شدارييان له‌ مه‌راسيمى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان كردبوو.

په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ شارۆچكه‌ى "گركێ له‌گێ" ئه‌وه‌شى روونكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و هاووڵاتييانه‌ لايه‌نگرى ئه‌نه‌كه‌سه‌ بوون و له‌ لايه‌ن ئاسايشى رۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوون.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، پارتى ديموكراتى كوردستانى سووريا، رايگه‌ياند، ئاسايشى رۆژئاوا هه‌ريه‌ك له‌ خه‌ليل ئۆسان و عه‌بدولڕه‌حمان حه‌سۆ، دوان له‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌و پارته‌ و دوو ئه‌ندامى ديكه‌ى پارته‌كه‌يان ده‌ستبه‌سه‌ر كردوون.

رۆژى حه‌ڤده‌ى كانوونى يه‌كه‌م، به‌ بۆنه‌ى رۆژى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستانه‌وه‌ لايه‌نگرانى ئه‌نه‌كه‌سه‌، كۆبوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاڵايه‌كى گه‌وره‌ى كوردستان هه‌ڵبكه‌ن، به‌ڵام له‌ لايه‌ن هێزه‌ ئه‌منييه‌كانه‌وه‌ رێگرييان لێكرا.