پڕچه‌ككردنى تایوان چین له ئه‌مریكا نیگه‌ران ده‌كات
K24 - په‌كین
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین "وانگ یی" ئاشكرایكرد، به ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای راگه‌یاندووه، رێز له به‌رژه‌وه‌ندییه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی چین بگرێت.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، وانگ یی له په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، به هاوتا ئه‌مریكاییه‌كه‌ی "جۆن كیری" راگه‌یاندووه، جیهان رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاسته‌نگ بووه‌ته‌وه و پێویسته ئه‌مریكا رێز له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی چین بگرێت.
له‌و باره‌یه‌وه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی بۆ هاوتا ئه‌مریكیه‌كه‌ی باسكردووه و داوایكردووه، ئه‌مریكا فرۆشتنی چه‌ك به تایوان رابگرێت و جوڵه سه‌ربازییه‌كانی له‌نزیك ئه‌و دوورگه‌یه‌ی كێشه‌ی له‌سه‌ره و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی چیندایه كۆتایی پێبهێنێت له ده‌ریای چینی باشووردا.
ئه‌م داوایه‌ى چین دواى ئه‌وه هات، كه هه‌فته‌ى رابردوو، ئه‌مریكا و تایوان گرێبه‌ستێكى سه‌ربازییان واژوو كرد و به گوێره‌ى گرێبه‌سته‌كه ئه‌مریكا چه‌كى نوێ به تایوان ده‌فرۆشێت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا، رۆژى هه‌ینى رابردوو بڵاویكرده‌وه، ئه‌وان سكاڵایه‌كى چینیان سه‌باره‌ت به گه‌شتى فڕۆكه سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له ئاسمانى ده‌ریاى باشوورى چین به‌ده‌ستگه‌یشتووه.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز