نەدای ئێرانیەكان لە بۆكانی رۆژھەڵاتی كوردستان كاندیدی دەبێت

بۆ ده‌يه‌مين خولى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى شورايه‌

K24- هه‌ولێر

حیزبی نەدای ئێرانیەكان حیزبێكی رێفۆرمخوازە و بە نیازە لە دەیەمین خۆلی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی لە بنكەی بۆكانیش كاندیدی ھەبێت.

شورای ناوەندی حیزبی نەدای ئێرانیەكان، بنكەی بۆكان رۆژی شەممەی رابردوو،19ی كانوونی یەكەم/فوریە لە شاری بۆكان دووەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، ئەندامانی شورای ناوەندی حیزبی نەدای ئێرانیەكان جەختیان   كردووه‌تەوە، حیزبەكەیان لە بنكەی بۆكان كاندیدی بۆ ھەڵبژاردنەكانی خۆلی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای دەكات، ئەو حیزبە رێفۆرمخوازە بڕیار داوە، رۆژی شەممەی داھاتوو 27ی كانوونی یەكەم/فوریە بۆ ناونووسین كاندیدەكانی سەردانی قایمقامێتی ورمێ بكەن.

چەند رۆژ بەر لە ئێستا، حیزبی نەدای ئێرانیەكان یەكەم كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامداو و 7 كەس وەك شورای ناوەندی ئەو حیزبە لە بۆكان ھەڵبژێردران.

ھەر لەو كۆبوونەوەیەیاندا، حیزبی نەدای ئێرانیەكان، بە بەشداری سەرۆكی لقی ورمێی ئەو حیزبە، محەممەد تەقی موعینی سەدر، ئەندازیار جەعفەر قادری، وەك سەرۆكی حیزبی ئێرانیەكانی ناوەندی بۆكان ھەڵبژێردرا.

حیزبی نەدای ئێرانیەكان، حیزبێكی سیاسی رێفۆرمخوازەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، ساڵی 2014 دامەزراوە و داوای مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران كردووە.

زۆربەی ئەندامانی ئەو حیزبە لە ئەندامە سەرەكییەكانی ناوەندی مللی گەنجانی رێفۆرمخواز، شورای راوێژكارانی سەرۆك كۆمار روحانی و دیپڵۆماتەكانی نزیك بە روحانی پێكدێن.