ئه‌ردۆغان "په‌يامێكى سه‌ربازيى" دژى په‌كه‌كه‌ راگه‌ياند

هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پارتى كرێكارانى كوردستان ده‌كات.

K24 – ئه‌نقه‌ره‌

سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان له‌ وتارێكدا، رايگه‌ياند، له‌ ساڵى نوێدا، توركيا له‌ چه‌كدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان "پاكده‌كه‌ينه‌وه‌".

له‌ په‌يامێكى نه‌ريتيانه‌دا، كه‌ له‌ رێگه‌ى ته‌له‌ڤيزيۆنه‌وه‌ بڵاويكرده‌وه‌، سه‌رۆكى توركيا رايگه‌ياند، هه‌موو هه‌وڵه‌كان ده‌خه‌ينه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌ توركيا "ريشه‌كێش" بكرێت.

ئه‌ردۆغان، گوتيشى: "له‌ 2015دا سوپاى توركيا رووبه‌ڕووى چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌وه‌ و توانيويه‌تى له‌ هه‌موو ئۆپراسيۆنه‌كانى سوپادا 3 هه‌زار چه‌كدارى په‌كه‌كه‌ كوژراوون".

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا، ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ، له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، كه‌ دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى توركيا ده‌ريكرد، رايگه‌ياند، "حكومه‌ته‌كه‌ى سووره‌ له‌سه‌ر بنه‌بڕكردنى تيرۆر له‌ وڵاته‌كه‌يدا".

دواى ئه‌وه‌ى 2 ساڵ، پارتى كرێكارانى كوردستان، ئاگربه‌ستى يه‌كلايه‌نه‌ى راگه‌ياندبوو، رۆژێك دواى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتى توركيا له‌ يه‌كى نۆڤه‌مبه‌رى رابردوودا، سوپاى توركيا هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر گه‌ريلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان ده‌ستپێكرد.

پارتى كرێكارانى كوردستان، له‌ 15ى ئاب/ئۆگست/ ته‌باخ_ى 1984ه‌وه‌ شۆڕشى چه‌كدارى له‌ دژى سوپاى توركيا ده‌ستپێكردووه‌ و له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا 40 هه‌زار كه‌س له‌ هه‌ردوولا كوژراوون.

ئه‌ردۆغان، له‌ وتاره‌كه‌ى شه‌وى رابردوويدا، گوتى: "3 هه‌زار و 100 چه‌كدارى په‌كه‌كه‌ كوژراوون، له‌ ئاكامى ئۆپراسيۆنه‌كانى سوپاى توركيا له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى وڵاتدا".

هه‌روه‌ها گوتى: "له‌ ئاكامى ئه‌و ئۆپراسيۆنانه‌دا 200 كه‌س له‌ هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و سه‌ربازانى توركيا و خه‌ڵكى مه‌ده‌نى كوژراوون".

له‌ ناوه‌ڕاستى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌ره‌وه‌، سوپاى توركيا به‌ به‌شدارى 10 هه‌زار سه‌رباز و ده‌يان تانك و زرێپۆش و فڕۆكه‌ى جه‌نگى ئۆپراسيۆنێكى سه‌ربازيى فراوانى بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردييه‌كانى باكوورى كوردستان به‌ تايبه‌تى شاره‌كانى سلۆپى، جيزيره‌، ناوچه‌ى سوورى ئامه‌د ده‌ستپێكردووه‌.

پارتى كۆمه‌ڵگه‌ى ديموكراتى ناسراو به‌ هه‌ده‌په‌، ئيدانه‌ى ئه‌و له‌شكركێشييه‌ى سوپاى توركياى كردووه‌ و رايگه‌ياندووه‌، له‌ سه‌ره‌تاى ئۆپراسيۆنه‌كانه‌وه‌ تا ئێستا 56 هاووڵاتى مه‌ده‌نى كورد گيانيان له‌ده‌ستداوه‌.

په‌يامه‌ نوێيه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى توركيا له‌ باره‌ى په‌كه‌كه‌وه‌ به‌ په‌يامێكى سه‌ربازيى ئه‌ردۆغان هه‌ژمارده‌كرێت، كه‌ له‌ به‌رايى ساڵى نوێدا له‌ باره‌ى په‌كه‌كه‌وه‌ رايگه‌ياندووه‌.