دادگاییكردنی گوله‌ن ده‌ستیپێكرد
K24 - ئيستانبول:
دادگاییكردنی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، له ئیستانبول ده‌ستپێكرد و به‌هۆی ئه‌وه‌ی گوله‌ن له ئێستادا له ئه‌مه‌ریكا نیشته‌جێیه، دادگا حوكمی غیابی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت.
به‌هۆی ئه‌و پێشتر ره‌خنه‌ی ئاراسته‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی ئێستای توركیای كردووه، فه‌تحوڵڵا گوله‌ن به دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌ردۆغان داده‌نرێت و چه‌ند جارێكیش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاوه هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێكراوه، له رێگای پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ری ده‌كه‌ن و ده‌یگه‌ڕێننه‌وه ناو خاكی توركیا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 6ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، دادگاییكردنی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن 74 ساڵ، له ئیستانبول ده‌ستیپێكرد، هه‌رچه‌نده گوله‌ن 15 ساڵه له ئه‌مه‌ریكا ده‌ژی، به‌ڵام تۆمه‌تی پێكهێنانی رێكخراوی تیرۆریستی دراوه‌ته پاڵ و پێشتریش گوله‌ن ره‌خنه‌ی توندی ئاراسته‌ی حكوومه‌تی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی كردووه و دوو ساڵ به‌ر له ئێستا، تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی خسته پاڵ به‌رپرسانی ئه‌و پارته له حكوومه‌تی توركیا.
له لێكۆڵینه‌وه‌كانیشدا دادگای شاری ئیستانبوولی توركیا، كه به‌شێوازی غیابی ئه‌نجامدراوه، حوكمی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر گوله‌ندا سه‌پێندراوه، كه توندترین سزای یاساییه له توركیا.
له‌گه‌ڵ دادگاییكردنه‌كه‌دا، نزیكه‌ی 60 كه‌سی دیكه‌ش، دادگاییكراون، كه به‌شێكیان له ریزه‌كانی پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌دا بوونه، دیارترینیشییان یه‌عقوب سایجیلیی و كازم ئاكشۆیه، به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ری پێشووی پۆلیس بوون و تۆمه‌تی به‌شداریكردن له‌و "رێكخراوه تیرۆریستییه‌دا" خراوه‌ته پاڵییان.
محه‌مه‌د فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، بیرمه‌ند و بانگخوازی ئیسلامی، له 27ی نیسان/ ئه‌پریلی 1941 له گوندی كۆرۆجوكی سه‌ر به پارێزگای ئه‌رزه‌رووم له دایكبووه و ماوه‌ی 15 ساڵه له ئه‌مه‌ریكا نیشته‌جێ بووه.