ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان هه‌واڵى كوژرانى ئه‌ميرێكى داعش راده‌گه‌يه‌نێت.. وێنه‌كه‌ى ببينه‌

هه‌واڵى كوژرانى گه‌وره‌ تيرۆريستێكى راگه‌ياند

K24 – هه‌ولێر:

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، كه‌وتووه‌، ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان، هه‌واڵى كوژرانى يه‌كێك له‌ ئه‌ميره‌كانى داعشيى له‌ سنوورى باشوورى كه‌ركووك راگه‌ياند.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، ئه‌مڕۆ له‌ ئاكامى بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعش، ئەحمەد عەبدوڵڵا حەسەن بەرپرسی سەربازیی كەرتی دبسی داعش،( ناسراو بە ناوەكانی ئەبو سەیف و ئەبو حوزەیفە و لەیس)، كوژراوه‌.

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌:

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كوژرانی گەورە تیرۆریستێك لە نزیك حەوێجە رادەگەیەنێت

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پشتڕاستی دەكاتەوە كە پێشنیوەرۆی ئەمرۆ ١١/١/٢٠١٦،  لە ناوچەیەكی باكوری حەوێجە تیرۆریست ئەحمەد عەبدوللا حەسەن بەرپرسی سەربازیی كەرتی دوبزى داعش (ناسراو بە ناوەكانی ئەبو سەیف و ئەبو حوزەیفە و لەیس) ، لە بوردومانی ئاسمانیی فرۆكەكانی هاوپەیماناندا كوژرا.

ناوبراو پێشتر سەرپەرشتی مەشق و راهێنانی چەكدارانی داعش بووە لە حەوێجە لە سەربازگەی ئەبو عمر بەغدادی، دواتر سەرپەرشتیی زۆربەی كردارە تیرۆریستیەكانی گوندەكانی باكوری رۆژئاوای كەركوك وەك قەرەتەپە و باجوان و قەزای دوبزی كردووە و چەندجارێكیش تیرۆریستی خۆكوژی ڕەوانەی ناو كەركوك كردووە و وەك هەرەشەیەك بووە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

١١/١/٢٠١٦