كۆسره‌ت ره‌سوڵ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

ده‌ڵێت ناوه‌ندى بڕياردانى شه‌رعى ديارده‌كه‌ين

K24 – هه‌ولێر:

جێگرى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتيى نيشتيمانى كوردستان، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى، دواى بێده‌نگيه‌كى زۆرى سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى ناوخۆيى يه‌كێتيى، له‌ رێگه‌ى چاوپێكه‌وتنێكه‌وه‌ كه‌ سايتى شارپرێس، له‌گه‌ڵيدا ئه‌نجاميداوه‌، باسى قه‌يرانه‌كانى ئێستاى يه‌كێتى كردووه‌ و رايگه‌ياندووه‌، ئه‌و خۆى به‌ خاوه‌نى يه‌كێتيى نيشتيمانى كوردستان ده‌زانێت و هيچ به‌رنامه‌يه‌كى بۆ جيابوونه‌وه‌ له‌و حزبه‌ نييه‌.

پێشتر ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، شاڵاو عه‌لى عه‌سكه‌ريى، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى كوردستان 24 رايگه‌ياندبوو، هيچ لايه‌نێك له‌ ناو يه‌كێتيى ناتوانێت جيا ببێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ سرووشتيى يه‌كێتيه‌ و ئه‌وانه‌ى له‌ مێژووى ئه‌و حزبه‌ لێى جيابوونه‌ته‌وه‌، نه‌يانتوانييوه‌ بگه‌نه‌وه‌ به‌ يه‌كێتيى.

له‌ سه‌ره‌تاى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، كۆسره‌ت ره‌سوڵ رايگه‌ياندووه‌، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى به‌ده‌ستهاتوون به‌رهه‌مى يه‌كڕيزين و ئه‌گه‌ر ناته‌با بين زيانى گه‌وره‌ به‌ر كوردستان ده‌كه‌وێت.

عێراق له‌ به‌رده‌م گۆڕانكارييدايه‌

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى عێراقيش رايگه‌ياندووه‌، "دوای شەڕی داعش و داگیركردنی چەند شارو ناوچەیەكی گرنگ عێراق ڕووبەرووی وەزعێكی خراپ بووه‌تەوە، ئەو ڕووداوانەو شكستی سوپای عێراق لەبەرامبەر هێزی داعش نیشانەی ئەوە بوون كە وەزعی عێراق وەك جاران نامێنێتەوە".

ئه‌وه‌شى گوتوه‌: "ئەوەی ئێمە تێی گەیشتووین ئەوەیە كە نەخشەی سیاسی عێراق و ناوچەكە لەبەردەم گۆڕانكاریەكی ریشەیی دایە، هەربۆیە پێویستە كە ئێمەی كوردیش خۆمان ئامادە بكەین تا بڕیاری چارەنووسازی خۆمان بدەین، وە سوودیش لەم هەلە مێژوویە وەربگرین و بەرەو سەربەخۆیی كوردستان كە مافێكی ڕەوای گەلەكەمانە هەنگاو هەڵبگرین".

چاكسازيى

كۆسره‌ت ره‌سوڵ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، "ساڵی 2015 ساڵێكی پڕ لە قەیران بوو، شەڕی تیرۆر، ناكۆكی سیاسی نێوان لایەنەكان، قەیرانی دارایی، دواكەوتنی مووچەو نەبوونی خزمەت گوزاری، ئەمانە دیاریترینی قەیرانەكانن، نابێت بێباك بین لە كێشەو گرفتی خەڵك، لە دابینكردنی مووچەو سەرجەم پێداویستیە زەروورەكانیش بۆیان، ئەمەش بەوە دەكرێت چاكسازیەكی ڕاستەقینە ئەنجام بدەین".

سه‌رۆكايه‌تيى

كۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌باره‌ت به‌ پرسى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم رايگه‌ياندووه‌، ئه‌و له‌گه‌ڵ بڕيارى يه‌كێتييدايه‌ و گوتويه‌تى: "یەكێتی چ بڕیارێك بدات ئەوە بڕیاری منیشە".

گۆڕان

جێگرى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتيى نيشتيمانى كوردستان، رايگه‌ياندووه‌، ئه‌وان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا "خاوەن مێژوویەكی هاوبەشین سەنگەری خەباتمان یەك بووەو هاوڕێبازبووین و شەهیدەكانیشمان هەر یەك بووە".

داواشيكردووه‌، هه‌ردوولا رێكبكه‌ون و له‌و باره‌يه‌وه‌ ده‌ڵێت: "لایەنگیری ئەوەم كێشەكانمان چارەسەر بكەین و بگەینە ڕێككەوتنێك كە هەردوولامان بە باشی دەزانین، پێموایە تاكە ڕێگەش هەر ئەوەیە ئێمە بگەینە ڕێكەوتن یان تێگەیشتنێك".

يه‌كێتيى

له‌ باره‌ى قه‌يرانه‌ ناوخۆييه‌كانى يه‌كێتيى نيشتيمانى كوردستانه‌وه‌ و ئه‌گه‌ره‌كانى گه‌يشتن به‌ رێككه‌وتنێك له‌ نێوان خۆياندا وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ نێوان لايه‌نه‌كان داوايى ده‌كات، كۆسره‌ت ره‌سوڵ گووتويه‌تى: "وابزانم چیتر نەقاعیدەی یەكێتی و نە جەماوەری دەنگدەریشمان رێگە نادەن كە بەم شێوەیە وەزعی یەكێتی بەردەوام بێت و بێ‌ خەمی بنوێنین، بۆیە بیر لە رێگە چارەیەكی گونجاو دەكەینەوە".

ئاشكراشيكردووه‌، كێشه‌يان له‌سه‌ر "چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتیە". ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، "بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی جێگرانی سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و تەواوی ئۆرگانەكان دەبێت كاری خۆیان بكەن، بەڵام بەداخەوە ئەمە بەو شێوەیە نەكرا، ئێمەش لەبەر بەرژەوەندی یەكێتی و ڕێزو حورمەتمان بۆ جەنابی مام جەلال و كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان بێ‌ دەنگیمان نواندو پشوو درێژیەكی دڵسۆزانەمان هەڵبژارد. بەڵام دەركەوت كە ئەو هەڵوێستەمان بە هەڵە لێكدراوەتەوە".

يه‌كێتى قۆرخكراوه‌

له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سوڵ وردتر باسى قه‌يرانه‌كانى يه‌كێتى ده‌كات و ده‌ڵێت: "بە كردەوە هەندێك لە هەڤاڵانمان بڕیاردانیان لە یەكێتیدا قۆرخ كردوە و پێیان وایە كە یەكێتیش وەك هەر حزبێكی تەقلیدی دەكرێت سیستمی پشتاوپشتكردنی دەسەڵاتدارێتی تێدا جێگیر بكرێت، بەڵام خۆتان باش دەزانن كەلەیەكێتیدا هەر لەسەرتای درووست بوونیەوە پرەنسیپی بڕیاردان لەمەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیدا بڕیاردانی بەكۆمەڵ بووەو پارێزەری ئەو پرەنسیپەش خودی جەنابی مام جەلال بووە، بەڵام بەهۆی ئیدارەی خراپی ئەم هەڤاڵانەوە شیرازەی ناوخۆی حیزب تێكچووە و  بێ‌ عەدالەتیەكی بەربڵاو لە نێو كادرو تێكۆشەرانی یەكێتیدا ئەنجام دراوە".

"يه‌كێتى پاشه‌كشێى كردووه‌"

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "لەلایەك بەردەوامن لەسەر پەڕاوێزخستنی كادرە تێكۆشەرو خاوەن قسەو بە تواناكان و لەلایەكی تر بەخشینەوەی پۆستی ئیمتیازات بە بێ‌ هیچ پێوەرو بنەمایەك بۆ كەسانی تر، قۆرخكاری لە تەواوی كایە زیندوەكانی یەكێتی دا هەر لە دارایی یەكێتی كە هیچ ڕوونیەكی تێدا نیە تا بەكایە گرنگ و زیندوەكانی تری ئەم حیزبە دەگات، وا بۆ نزیكەی سێ‌ ساڵ دەچێت بەهۆی سیاسەت و نەهجی هەڵەوە سەرباری ئەدای بەهێزی یەكێتی لەشەڕی دژ بەداعش و فیداكاری پێشمەرگەكانی‌و سەرباری سیاسەتی نەتەوەییانەی یەكێتی بەرامبەر بە پارچەكانی تری كوردستان لەباكورو خۆرئاواو پشتیوانی لێكردنیان یەكێتی وەك حیزب چ لەناوخۆیدا چ لە ئاستی حكومەتی هەرێم هەروەها لەبەغداو ناوچەكەش پاشەكشەی بەرچاوی كردوە".

ئه‌وه‌شى گوتووه‌: "يەكێتی بەلارێدا دەبرێت و بەشدار دەبێت لە كۆمەلێك سیاسەتی چەوت و هەڵەدا كەبەزیان بۆ میللەتەكەمان شكاوەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەوە كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و جەماوەرە خۆڕاگرەكەیەتی كە یەكێتیان ڕاگرتووە".

هه‌شه‌ڕه‌ ده‌كات

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى له‌ درێژه‌ى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌يدا كه‌ به‌ په‌يامێكى سياسيى بۆ باڵه‌كانى ديكه‌ى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت، هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كردووه‌، كه‌ "چيتر نابێت رێگه‌ بدرێت گشت جومگه‌كانى بڕيارى حزبى له‌ ده‌ستى كه‌مينه‌يه‌كدا بمێننه‌وه‌"، كه‌ مه‌به‌ستى باڵى ده‌ستڕۆيشتووى مه‌كته‌بى سياسيى يه‌كێتيه‌. 

له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌يدا ده‌ڵێت: "بۆیە چیتر نابێ‌ ڕێگە بدەین لەوە زیاتر بێ‌ باكی بەرامبەر یەكێتی و خوێنی شەهیدو خەباتی پێشمەرگە قارەمانەكان بكرێت، دەبێ‌ بڕیاردان لەیەكێتیدا ببرێتەوە ناوەندی شەرعی خۆی كە جێگرانی سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیەكەیەتی بە پێی ئەو دەسەڵاتانەی كە شەرعیەتیان لە كۆنگرەوە وەرگرتووەو هەموو شتێك لەوێ‌ یەكلایی بكرێتەوە، نەك لەدەرەوەی مەكتەبی سیاسی و لەڕێگەی ڕێكەوتن و سەفقەی سیاسی گوماناوی، ناكرێ‌ چیتر گشت جوومگەكانی بڕیاری حیزبی و حكومی لەدەست كەمینەیەك و جەماعەتێك بێت و تەنهاش بۆ بەرژەوەندی و باڵبالێنەی خۆیان دوور لەبەرژەوەندی گشتی خەڵك و یەكێتی قۆرخ بكرێت". 

"ڕێگە نادەین چیتر ناوەندی بڕیاری یەكێتی پاوان بكرێت" 

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌ڵێت: "دەبێ‌ هەموو ڕێككەوتن و مامەلەیەكی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكان لەناوخۆو عێراقدا لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندی نیشتمانی و یەكێتی بێت و بەڕاستە رێی بڕیاری شەرعی و پەیرەو ئەنجام بدرێت، بە پێی ئەو دەسەڵاتانە بێت كەلەپەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە ڕێگە نادەین چیتر ناوەندی بڕیاری یەكێتی پاوان بكرێت، من وەك جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی بە پێی پەیڕەو لەگەڵ دكتۆر بەرهەم و هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی كارەكان ڕایی دەكەین و ئەم دۆخە نەخوازراوە كۆتایی پێدە هێنین، ناكرێ‌ چیتر  پەیڕەو شكێنی و قۆرخكاری لەبڕیاردان و سیاسەتی یەكێتی بەردەوام بێت و كار بۆ بە بنەماڵەیی كردنی بكرێت، دەبێت یەكێتی بخرێتەوە سەر ڕێچكەی خۆیی و وا بكەین ببێتەوە بە یەكێتی هەمووان و جەماوەرە تێكۆشەرەكەی".

"لەپشتی مەكتەبی سیاسیەوە جۆرەها بڕیارو تەحالوفاتكراوە" 

له‌ باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ناو يه‌كێتييه‌وه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌ڵێت: "چەندین جار كۆبووینەتەوەو لێژنەی چاكسازی ناو یەكێتیشمان پێكهێناو لێژنەكانیش كاری خۆیان بەباشی گەیاندە ئەنجام و بڕیاریشمان لەسەری داوە بەڵام بڕیارەكان فەرامۆشكراون و لەپشتی مەكتەبی سیاسیەوە جۆرەها بڕیارو تەحالوفاتكراوە". 

 هه‌روه‌ها گوتى: "ئێستا بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی ئیفلیج كراوەو كاریان پێناكرێت، دەبێت ئەمە بگۆڕدرێت زەمانەتی جێبەجێ‌ كردنی بڕیاری شەرعی یەكێتی بدرێت ئەوكات كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی جێگای خۆی دەگرێت، كۆبوونەوە ناكرێ‌ كە تەنها لێی ئامانج لێی پەردەپۆشكردنی كێشەكان و پێدانی شەرعیەت بێت بەم سیاسەتە نادروستانەی كە ئێستا پەیڕەو دەكرێن".

جيابوونه‌وه‌ 

سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆى جيابوونه‌وه‌يى له‌ يه‌كێتيى كۆسره‌ت ره‌سوڵ گوتى: "كۆسرەت رەسوڵ: نەك هەر ڕاست نیە، ئێمە خۆمان بەخاوەنی ئەم حیزبە دەزانین، .. نەك بە جێی ناهێلین بەڵكو بەهێزی دەكەین و دەیگەڕێنینەوە دۆخی جارانی، ئێمە لایەنگری چارەسەری بنەڕەتیانەی كۆی كێشەكانی یەكێتین". 

هه‌روه‌ها گوتى: "ناكرێ‌ چیتر بێ‌ دەنگ بین یەكێتیش بۆ مەرامی هەندێك كەس لاوازو بچوك بكرێتەوە، ئەگەر ئەوەش جێبەجێ‌ نەكرا ئەوە ئێمە ناوەندی بڕیاردانی شەرعی دیاریدەكەین و بە پێی بەرژەوەندی یەكێتی كاردەكەین و چیتر وەزعی ئێستا قابیلی بەردەوام بوون نیە و بەدڵنیاییەوە قبوڵی ناكەین و بڕیاری خۆمان دەدەین".

په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ پارتييدا

له‌ باره‌ى دۆستايه‌تى و هه‌بوونى په‌يوه‌نديى له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى كوردستان، كۆسره‌ت ره‌سوڵ گوتى: "ئێمە لەگەڵ تەبایین لەگەڵ پارتی و لەگەڵ گۆڕان و لایەنەسەرەكیەكانی سەر ساحەی سیاسی كوردستان، چوونكە قۆناغەكە وا دەخوازێت بەڵام دژی پاشكۆبوون و لەدەستدانی سەربەخۆیی بڕیاردانین لە یەكێتیدا".

هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمە لایەنگری یەكریزین و بۆ بەدیهێنانی مافی گەل و گەڕانەوەی قووت و داهاتی خەڵك و خزمەتی نیشتمان هەرگیز پاشكۆبوون لە ئێمە ناوەشێتەوە، من ژیانی خۆمم بۆ گەلەكەم و بۆ یەكێتی تەرخان كردوە، دڵنیابن هەروا دەبم و پێداگری لەسەر بەرژەوەندیەكانی گەلەكەم دەكەم و لەو پێناوەشدا بەردەوام خەبات دەكەم".