عێراق: لە 24 کاتژمێردا 145 تیرۆریستی داعشمان کوشت

"هێزی ئاسمانیی عێراق هێرشی ئاسمانیان ئەنجامداو"

K24

شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق رایگەیاند هێزی ئاسمانیی عێراق لە 24 کاتژمێری رابردوودا 82 هێرشی ئاسمانیان ئەنجامداو 145 تیرۆریستی داعشیان کوشت.

شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە نوێترین راگەیەندراوێدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هێزەکانی عێراق لە دژی داعش کە ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە، راشیگەیاند کە: "هێزی ئاسمانیی عێراق لە 24 کاتژمێری رابردوودا 82 هێرشی ئاسمانیان ئەنجامداو 145 تیرۆریستی داعشیان کوشت و 6 مۆڵگەی بەرگریی داعشیان خاپور کرد".

شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ گوتیشی: "فیرقەی دەی (سوپای عێراق) لە ناوچەی ئەنبار شکستیان بە چەند هێرشێکی داعش هێنا لە ناوچەکانی جرایشی و ئالبوزیاب و 10 تیرۆریستیان کوشت، ئەمە جگە لەوەی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و فڕۆکەکانی عێراق مۆڵگەکانی داعشیان لەو ناوچەکە کردە ئامانج".

شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق ئاماژەشی کرد کە: هێزەکانی فیرقەی دە "دەستیان گرتە سەر تۆپخانەیەکی جۆری جەهەنەم و دە تۆپی ئەو تۆپخانەیە و پۆلیسی فیدراڵیش بەرەو ئامانجەکانی لە ناوچەکانی مەزیق و حسێبەی شەرقیی لە نزیکی رومادیی پێشڕەوییان کردووە".

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی چاودێرانی بواری سەربازیی و فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا هێشتا نزیکەی 25% روبەری خاکی عێراق لە بندەستی داعشدایە.