عەبادیی: رێگە بە گەڕانەوەی سەردەمی رادەستکردنی پارێزگاکان بە داعش نادەین

"رێگە بە گەڕانەوەی سەردەمی خیانەت نادەین"

K24

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی جەختی کردەوە لەسەر سووربوونی حکوومەت لە رێگەنەدان بە گەڕانەوەی سەردەمی خیانەت و رادەستکردنی پارێزگاکان بە داعش.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی حەیدەر عەبادیی لە راگەیەندراوێکدا دەشڵێ: "چەتەکانی داعشی تیرۆریست و شوێنکەوتوانیان، دوای هەموو سەرکەوتنێک هێزە پاڵەوانەکانمان بەدەستی دێنن، پەنا دەبەن بۆ هەوڵی دوورخستنەوەی سەرنجەکان لەو سەرکەوتنانە بەهەر رێگەیەک بێ".

نووسینگەی عەبادیی جەختیش دەکات کە: "گرتە ڤیدیۆییەکان کە بەم دواییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە، دوای لێکۆڵینەوە لە بەشێکیان دەرکەوت کە دروستکراون یاخود کۆنن و هی رووداوی چەند ساڵی ئاشوبیی تایەفین".

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەش دەکات کە: "ئامانج لە دووبارە بڵاوکردنەوەی، بێ گومان راستیی و ئامانجەکانی ئاشوب گێرانمان بۆ ئاشکرا دەکات کە پلان دادەڕێژن بۆ نانەوەی ئاژاوە لە نێوان رۆڵەکانی گەلەکەمان، بەتایبەت دوای ئەوەی چەتەکانی داعشی تیرۆریست گورزی گەورەیان بەرکەوت لەسەر دەستی هێزە پاڵەوانەکانمان کە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی شارەکان".

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتاییدا دەڵێ: "حکوومەت سوورە بە هەموو هێزێکەوە رێگە نەدات بە گەڕانەوەی سەردەمی خیانەت و رادەستکردنی پارێزگاکان بۆ تیرۆری داعش وەک پێشتر کردنیان و بەرەو پایتەختەکان هەڵاتن و رۆڵەکانمانیان بۆ ژێردەستی داعش و کەمپەکانی ئاوارەکان جێهێشت، هەموو ئەم پلانانەش یەکریزیی گەلەکەمان شکستدێنن".

ئەمە لە کاتێکدایە بە درێژایی دو هەفتەی رابردوو چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕي کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەوە تێیدا چەندین چەکدار دەردەکەون کە خەڵکی بە جڵی سڤیلەوە دەکوژن و هەندێک جیاریش جە چەند جۆرێکی ئازاریان دەدەن چ بە لێدان بێ یان بە بڕینی بەشێکی جەستەی دەستگیرکراوەکان.