پڕۆژەی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە رۆژھەڵاتی كوردستان رەتكرایەوە

شارە سنوورییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، لە ریزبەندی یەكەمی بێكاری و نەبوونی پرۆژەی پیشەسازی و ئابووری ئێراندان
kurdistan24.net

K24 – سنە:

سەرەڕای ناڕەزایەتی بەشێكی بەرچاو لە ئەندامانی كورد لە ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو ئەنجوومەنە ئەمڕۆ بۆ دووەمجار پرۆژەی بە فەرمیكردنی ناوچە بازرگانییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانی رەتكردەوە.

پڕۆژە یاسای ناوچە ئازادە بازرگانییەكان، شارەكانی بانە و مەریوانی پارێزگای سنە و ناوچەی مێھران لە پارێزگای ئیلام لەخۆ گرتبوو.

نوێنەری شارەكانی مەریوان و سەوڵاوا، لە ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامی ئێران، ئۆمید كەریمییان گوتی: "پەسند نەكردنی ئەو ياسایە، گرفتێكی گەورە لە بەردەم پێشكەوتن و گەشەی بارزگانی و پیشەسازی ناوچە سنوورییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان درووست دەكات".

كەریمیان گوتیشی: "بە گوێرەی ئامارەكان، شارە سنوورییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، لە ریزبەندی یەكەمی بێكاری و نەبوونی پرۆژەی پیشەسازی و ئابووری ئێراندان".

ئەندامانی ناڕازی بەو پڕۆژەیە لە ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەن؛ كردنەوەی ناوچەی بازرگانی ئازاد لەو سنوورانە "مەترسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێران" دەبێت.

ھەرچەندە دوو مانگ بەر لە ئێستاش لە كاتی خستنەڕووی ئەو پڕۆژە یاسایە، بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە  ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران ھەڕشەی بە جێھێشتنی ھۆڵەكەیان كرد، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە بە دژی ئەو پڕۆژە یاسایە دەنگیاندا.