سۆران.. زیاتر لە 2 ھەزارھاووڵاتی داواى نیشتەجێبوونی كاتی دەكەن
K24 - سۆران:
بەڕێوبەری نشینگەی سۆرن رایگەیاند، زیاتر لە 2 ھەزار كەس كە له وڵاتانی دیكە ھاتوونەتە سۆران داوای كارتی نشینگەیان كردووە، بە مەبەستی مانەوەی كاتی لە ناوچەكەدا و زیاتریان خەڵكی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستانن.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان 24 ئیدریس عومەر، بەڕێوەبەری نشینگەی سۆران رایگەیاند: "ئەو ئامارەی ئێستا لە لەبەر دەستماندایە و كارتەكانیان ماوەی بەسەر نەچووە، زیاتر لە 2 ھەزار كەس كە وڵاتانی دیكە ھاتوونەتە سۆران و داوای كارتی نشینگەیان كردووە".
گوتیشی: "ئەو ھاوڵاتیانەی سەردانی قەزاكانی سۆران، رواندز، چۆمان، مێرگەسۆر، دەكەن زیاتر ھاووڵاتیانی رۆژھەڵات و باكووری كوردستانن، بەڵام بە گشتی زۆربەی ئەو ھاووڵاتیانەی داوای نیشتەجێبوونی كاتی دەكەن خەڵكی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستانن".
ئەوەشی روونكردەوە: "ئێستا ھەر ھاووڵاتیەك لە ئێرانەوە دێتە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان 25 ھەزار دیناری لێوەردەگیرێت، ئەمەش ئاسانكاری بۆ ھاووڵاتی و گەشتیاران دەكات، چونكە پێشتر دەبووایە (كەفیل) ھەبێت، بەڵام ئێستا پرۆسەكە ئاسانتر بەڕێوە دەچێت".