قوتابیانی زانكۆكانی ئێران دژی دەسەڵات دەنگ ھەڵدەبڕن

ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر "فشاری سەر چاپەمەنیی زانكۆكان" دەربڕی.

K24 – تاران:

زیاتر لە 800 قوتابی زانكۆ لە نامەیەكدا بۆ سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی، ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر "فشاری سەر چاپەمەنیی زانكۆكان" دەربڕی.

لە نامەكەدا ھاتووە: "لە چەند مانگی رابردوودا فشار بۆ سەر چاپەمەنیی و بڵاوكراوەكانی تایبەت بە قوتابیانی زانكۆ زیادیكردووە و سەرەڕای ئەوەی باسكردن لە سیاسەت بە تاوانی بێ پاساو ھەژمار دەكرێت، خستنەڕووی بابەتە كۆمەڵایەتییەكانیش بە رەشبینی دادەنرێت".

بە گوتەی ئەو قوتابییانەی زانكۆ؛ "لەگەڵ بڵاوكردنەوەی كێشە یان ھەواڵەكانی زانكۆ لە چاپەمەنییەكاندا، دەستبەجێ رووبەڕووی سكاڵای بەرپرسانی زانكۆ دەبنەوە".

ئەندامی شوورای چاودێری بەسەر چاپەمەنیی لە وەزارەتی زانست و پەروەردە، محەممەد عەلی كامفیروزی گوتی: "ماوەیەكە چالاكی قوتابیانی زانكۆ پەرەی سەندووە و لە بەرامبەریشدا گوشارەكان بۆ سەر قوتابیان زۆر توندتر بووە".

كامفیروزی گوتیشی: "زیادبوونی گوشار بۆ سەر قوتابیانی زانكۆ، راگرتنی چاپەمەنییەكان، ھەروەھا رووبەڕووكردنەوەی قوتابیان زانكۆ لەگەڵ دادگا بووە ھۆی ئەوەی ئەو قوتابیانە بیر لە نووسینی نامەیەك بۆ سەرۆك كۆماری ئێران بكەنەوە و بارودۆخەكەی بۆ روون بكەنەوە".

ئەو 804 قوتابییەی زانكۆ كە ئەو نامەیەیان واژوو كردووە، لە 272 بڵاوكراوەدا چالاكییان ھەیە.